١٩ی نوامبر بەرامبەر بە ٢٩ی ١٤٠٣، وەک ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی منداڵ ئازاریی ناودێر کراوە. ئەو ئازار و مەینەتیانەی کە نیزامی سەرمایەداری بەسەر زۆربەی هەرەزۆری ٨ ملیارد دانیشتووی جیهانیدا سەپاندووە، گەلێکن و لەوانەش ئازار و مەینەتییەکانی سەر منداڵان و بە تایبەت منداڵانی کچ، زۆر دڵتەزێنن. ئەم بۆنەیە لەسەر پێشنیاری هەڵسووڕاوانی ” خەبات لەدژی ئازار و توندوتیژی دژبە منداڵان” لە کۆبوونەوەی جیهانی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٠ دا دیاریکرا، چونکە هاوکات بوو لەگەڵ ٢٠ی نوامبر کە بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی منداڵ و ڕۆژی جیهانی منداڵان بوو. شێوازەکانى منداڵ ئازاریی لە چوار جۆری دەروونی یان سۆزداری، جنسی و جەستەیی و پشتگوێخستن دا پۆلێنکراون. هۆکاریجۆراوجۆردەبنەهۆیئازاروتوندوتیژیبۆسەرمنداڵان،لەوانەچەوساندنەوە،نایەکسانی،شەڕ،هەژاریی،هەڵاواردن،ئایین،دابونەریت،توندوتیژیلەشوێنیکار،
ناوەندەکانی پەروەردەی ناتەندروست و بنەماڵە دواکەوتووەکان. هەموو جۆرەکانی ئازار و توندوتیژی سەر منداڵان کە لە چوار گۆشەی جیهاندا بەرامبەر منداڵان باون، بە بێبەزەییانەترین شێوە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە لە دژی منداڵانی فەلەستین بەتایبەت لە غەززە بەڕێوە دەچێت. ماڵپەڕی فەرمی ناوەندی بەڵگەنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی “توندوتیژی ئیسرائیل بەرامبەر بە منداڵانی فەلەستینی لە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە پەرەی سەندووە“، بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە حکوومەتی ئیسرائیل منداڵانی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە لە مافی ژیان و خوێندن و نیشتەجێ بوونی گونجاو و مافی چاودێری تەندروستی و لە هەمووی گرنگتر بە کوشتاری دڕندانەی منداڵەکانیان، ئەوانی تەنانەت لە مافی ژیانیش بێبەش کردووە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە سەدان منداڵی فەلەستینی کراوە کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا دەستبەسەرن و لەگەڵ ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بێبەزەییانە بەرەوڕوو دەبنەوە. لەم دواییانەدا مەجلیسی ئیسرائیل “کنێست” یاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو، چالاکییەکانی دەزگای فریاگوزاری و یارمەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئۆنروا) لە غەززە بە شێوەیەکی تایبەتی و لە فەلەستین بە گشتی قەدەغە کردووە. ئەم ڕێکخراوەیە ١٣ هەزار کارمەندی هەيە و لە ڕێگەی ئەوانەوە هاوکاری پەروەردەیی و تەندروستی پێشکەش بە فەلەستینییەکان و بەتایبەت دانیشتووانی غەززە و لەوانە منداڵانیش دەکات. بە گوتەی ڕامی ئەبو جامووس، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ و بوێر لە کەرتی غەززە، قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئۆنروا، واتە کۆتایی هێنان بە ژیان بۆ ئەو فەلەستینیانەی کە لە غەززەدا ماونەتەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە منداڵان.
ئازار و توندوتیژی بۆسەر منداڵان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە بنەڕەتدا منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەگرێتەوە. بەئازارترین هۆکاری ئازار و توندوتیژی سەر منداڵان لەم وڵاتەدا، بریتییە لە هەژاریی، بێبەشبوون لە خوێندن، کاری منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان لەڕووی ناچاری و لە شوێنە نائەمنەکانی (وەک جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک) و لەوانەش لە شەقامەکاندا. لە بارودۆخێکی ئاوادایە کە منداڵان دەکەونە داوی باندە مافیاکانەوە. باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، جگە لە گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەتی کچان لە بازرگانی سێکسیشدا بەکاریدەهێنن. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆربەی ئەو باندانە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەسڵن بە سپای پاسدارانەوە یان باج و بەرتیلیان پێدەدەن. بەشێک لەو کچانە بەزۆر یان بە فێڵ و فریو لە وڵاتەکانی کەنداو، وەک کۆیلەی سێکسی بەکار دەهێنرێن یان تەنانەت بە شێخە دەوڵەمەندەکان دەفرۆشرێن. جگە لەم کردەوە مافیاییانە، باندەکان بە ئاشکرا کچان بۆ بەسیغە دان ئامادە دەکەن و لە شارەکانی وەک مەشهەد و شیراز دەیاندەن بە گەشتیارە عەرەبەکان. عەلەم ئەلهودا، ئیمام جومعەی مەشهەد ڕایگەیاندووە کە سیغەکردنی کچان بۆ گەشتیارانی عێراقی، خێر و پاداشتی هەیە، چونکە بە قەولی ناوبراو، ئەو عەرەبانە لە شارە ئاینییەکانەوە دێن بۆ ئێران و لەگەڵ خۆیاندا نێعمەت و بەرەکەت دەهێنن. جگە لەوە، مەلاکان ژمارەیەکی زۆر لە کچانی تەمەن ٩ ساڵ و سەرووتر، لە پیاوانی خاوەن تەمەنی جیاواز مارە دەکەن، کە ئەوەش بابەتێکی گەلێک بەئازارە. ئەم ئازارە کاتێک زیاتر دەبێت کە ئەم منداڵانە دەبنە دایک.
جگە لەمانە، سپا منداڵانی سەر شەقام یان زیندانیی وەک بەسیجی دادەمەزرێنێ و لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاریان دەهێنێت. لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینادا ئەم جۆرە منداڵانە لە سەرکوتەکاندا بەکارهێنران. دەڵێن سپا بە ئەنقەست وێنەی ئەو منداڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی ئیتر نەتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا. ئەوەی کە ئاماژەی پێکرا، تەنیا بەشێکە لەو ئازار و مەینەتیانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر منداڵانی ئێراندا بە گشتی و منداڵانی بێ ناسنامە و بە تایبەتی منداڵانی کۆچبەرانی ئەفغانستانی دا سەپێنراوە. ئازار و توندوتیژی دژی منداڵان لە ئێران، بەرهەمی ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوورییەیە کە بۆرژوازی و حکوومەتی ئیسلامی بۆ ئەوان و دایک و باوکەکانیانی دروست کردووە. هەژاریی لەڕادەبەدەر و نایەکسانی، لە زومرەی دەرەنجامەکانییەتی. هەندێک لە ئاخوندە کۆنەپەرستەکانی وەک میربافری ئەندامی مەجلیسی شارەزایان و موراد پایەداری، ئەم هەژاری و ڕۆژڕەشییە بە شتێکی پێویست دەزانن بۆ ئەوەی بەناو ئیمامی زەمانەکەیان زووتر دەربکەوێت. ئەوان بەم شێوەیە ڕەوایەتیی دەبەخشن بە کەوتنەژێر هێڵی هەژاریی نزیکەی ٧٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێران و منداڵەکانیان لە لایەن ڕێژیم و خاوەنکارەکانەوە. ڕێگاچارەی ڕیشەیی بۆ کۆتایی هێنان بەم ستەم و ئازارە لەسەر منداڵان، بڕیتییە لە لەگۆڕنانی نیزامی ئیسلامیی سەرمایە.