رۆژی نۆی مانگی دیسامبر بەرانبەر لەگەڵ ١٩ ی مانگی سەرماوەز، رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە. ٧٦ ساڵ لەوەپێش لە وەها ڕۆژێکدا” مەنشوری جیهانی مافەکانی مرۆڤ” وەک سەنەدێکی جیهانی و پێویست بۆ ڕەچاوکردن، لە لایەن” کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە” پەسندکرا.
لەمڕۆدا لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی دەوڵەتانی دنیا ناوەرۆکی ڕاگەیاندنی جیهانیمافەکانی مرۆڤیان بە ڕەسمیەت ناسیوە و تەنانەت ئاوێتەی یاسا بنەڕەتیەکانیشیان کردوە، بەڵام بەردەوام ئەم مافانە لە زۆر وڵاتدا پێشێل کراوە. لەم نێوانەدا كۆماری ئیسلامی ئێران ڕیکۆردداری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە لە ئاستی دنیادا. بەپێی ئەو سەنەد و قەتعنامانەی کە ساڵانە لە بواری پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک لە ڕیزبەندی سەرەوەی پێشێلکەرانی سیستماتیکی ئەم مافانەدایە. هەموو ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئاست و قوڵایی ئەو جەنایەتانەی کە لە ماوەی ٤٥ ساڵی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی دا بە سەرخەڵکی ئێڕاندا دا سەپاوە، زۆر زیاترە لەو تاوانانەی کە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا لەدژی ڕژیمی ئیسلامی باس دەکرێن. لە زیندانەکانی ڕژیمی حاکم بەسەر ئێراندا گەلێک ئینسانی شەریف لە بەر دەربڕینی بیر و بۆچوونیان خراونەتە سیاچاڵەکان و زیندانی کراون و لە کەمترین مافە ئینسانیەکان بەهرەمەند نیین و مۆتەکەی مەرگ بەدەوام بە سەر سەریانەوە دەسووڕێتەوە. ئەشکەنجە و شهلاق لێدان لە ژێرناوی” حەدی شەرعی و تەعزیر“، بە ڕەسمی هاتۆتە نێو یاسای جەزایی کۆماری ئیسلامیەوە. ئەم ڕژیمە بەرزترین پلەی ئێعدامی ئینسانەکانی بۆ خۆی تەرخان کردوە و ڕژیمێکە کە منداڵانی کەمتر لە ١٨ ساڵ لە دار ئەدات.
هەر ئێستا زیاتر لە ١٥ هەزارکەس تەنیا بە هۆکاری ئەوەی کە ڕژیمی دەسەڵاتداریان ناوێ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەندکراون و لە ژێرئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدان. لە ماوەی ئەو ٣ مانگەی بە سەر ئاخێزی شۆڕشی خەڵکی ئێران تێپەڕێوە نزیکەی ٥٠٠ کەس لە سەر شەقامەکان لە لایەن ڕژیمەوەکوژراون. لە نێوگیانبەختکردواندا لانیکەم ٦٠ کەسیان منداڵ و تازەلاوی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوون. ژمارەیەک لە گیراوەکان لە ژێرمەترسی ئێعدام دان. هەر ئەمڕۆ لە ساڵیادی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا لە سەرتاسەری ئێران مانگرتن و ناڕەزایەتی بۆدەربڕینی قین و توڕەیی سەبارەت بە ئێعدام کرانی موحسین شکاری لاوێکی ٢٣ ساڵە کە رۆژی پێنجشەممە بە تاوانی درۆینە لە لایەن جەنایەتکارانی ئیسلامیەوە ئێعدام کرا لە ئارادایە.
ئەگەر چی ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وڵامدەرەوەی بنەڕەتی ترین کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان نییە، بەم حاڵەشەوە ناوەرۆکەکەی بەرهەمی خەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی دنیایە. پاشەکشەی نیزامی سەرمایەداری لە بەرانبەرمافەسەرەتاییەکانی باس کراو لە نێو ئەو جاڕنامەیەدا، تەنیا بە گیانبازی و فیداکاری لێبڕاوانە دەستەبەر بووە و بۆرژوازی جیهانی لە کۆتاییدا ناچاربوو بە گونجاندن و ئاوبەندیکردنی پێویست لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی هاو ئاڕاستەی بکات و لە مێژودا بە ناوی خۆی تۆماری بکات.
ئەم مەنشورە لەگەڵ ئەوەدا کە بنەما سەرەکیەکانی نیزامی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیار و ڕێز لە ئەساسی چەوساندنەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان دەگرێت، بەڵام لەم ئاستەش دا تەنانەت هێشتا لە پێشکەوتو ترین وڵاتانی سەرمایەداریش دا بۆ بەکردەوەدەرهاتنی بە تەواوەتی، دەبێ خەبات بکرێت. ئێستا لە زۆبەی وڵاتاندا، بە ئاشکرایی سەرەتایی ترین مافەکانی ئینسان، کە مافی ژیان بێت پێشێڵ دەکەن. پێشێلکرانی مافی ئینسانەکان لە چوارچێوەی برسیەتی، قاتوقڕی، هەمووجۆرەنەخۆشینێکی واگیردار، بازرگانی سێکس، قاچاغچێتی مادەی هۆشبەر و هیترتەنانەت لە مەنشوری جیهانی مافەکانی مرۆڤیش دا ئاماژەیان پێ ناکرێت.
هەموو ئینسانێک دەبێ خاوەنی ئاستێک لە ژیانێکی گونجاو بێت بۆ دابینکردنی سڵامەتی و ڕیفاهی خۆی و بنەماڵەکەی، بە تایبەت لە باری خۆراک، پۆشاک، مەسکەن، چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزاری پێویست. مافی هەموو ئینسانێکە کە لە کاتی بێكاری، نەخۆشی، کەمئەندامبوون، جیابوونەوە، پیرییان لە هەر لایەنێکی دیکەوە خاوەنی دابینبوونی کۆمەلایەتی بێت.
هیچ حکومەتێک و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە ئینسانەکان بە هۆی رەنگی پێست و نەتەوە و رەگەز و جنسیەت،تەمەن،بیروبۆچوون،هەڵبژاردن و سەلیقەکانیان لەو مافانە بێبە شبکات. ئازادی بەیان و ڕێکخراو و پێکهێنانی کۆڕوکۆمەڵ، لە زومڕەی مافە سەرەتاییەکانی هەرئینسانێکە و نابێ بە هیچ بیانویەک لێی بەرتەسک بکرێتەوە. هیچکەس نابێ بخرێتە ژێرئەشکەنجە یان مجازات و کرداری زاڵمانە، دژی ئینسانی و سوکایەتی ئامێزەوە. هەرکەسێک کە تاوانی خەتاکاری خرایە پاڵ، وەک بێ تاوان دەناسرێت تا کاتێک کە لە جەریانی دادگاییکردنی بە ئاشکرای کە تێیدا ئیمکاناتی پێوست بۆ داکۆکی کردن لەخۆی فەراهەم کرا بێت و خەتاکەیی تێدا بسەلمێندرێت.
مافەکانی مرۆڤ تەنیا کاتێک بە تەواوەتی دەستەبەر و زەمانەت دەکرێت کە جیاوازی چینایەتی لە ئارادا نەبێت و ئینسانەکان خاوەنی ئیمکانات بن و لە ڕیفاه و خۆشبژیوی کامڵدا بژین. هەڵبەت ئەمەش لە کۆمەڵگایەکدا کە بنەماکەی لەسەر چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان بینا کرا بێت و ئامانجی بەرهەمهێنان نەک دابینکردنی نیازی ئینسانەکان، بەڵکودەستەبەرکردنی قازانج بێت، زەمانەت ناکرێت. ئەو کۆمەڵگایەی کە خاوەنی وەها تایبەتمەندیەکە، تەنیا کۆمەڵگای سۆسیالیستیە. بۆ دەستەبەربوونی وەها کۆمەڵگایەک کە تێیدا مافە ڕاستەقینەکانی مرۆڤی تێدا زەمانەت کرابێت دەبێ خەبات و تێکۆشان بکرێت. بەڵام تا ئەو کاتەی کە کۆمەڵگای بەشەری بە تەواوەتی لە شەڕی نیزامی سەرمایەداری ڕزگاری نەبووبێت، ڕەچاوکرانی مافەسەرەتاییەکانی ئینسانەکان کە بەشێکی لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتوە، بابەتێکە دەبێ ئیجرا بکرێت و بە ڕەسمیەت بناسرێت و بە کردەوە ڕەچاو بکرێت. هیچ دەوڵەت و ناوەندێک مافەی ئەوەی نییە پێشێلکرانی مافە سەرەتایی و گەردوونیەکانی ئینسانەکان لە ژێرهیچ بیانویەکدا پاساو بکات. بێگومان دابینبوون و زەمانەتکرانی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان لە یەکەم دەستەکەوتەکانی سەرکەوتنی شۆڕشێکی شکۆدار دەبێت کە ئێستا لە کۆمەڵگای ئێراندا لە ئارادایە.