جانسوو ئۆزده‌میر، نوێنه‌ری حیزبی چه‌پی ئاڵمان بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی ئه‌و وڵاته، له وتارێك دا پشتیوانی حیزبه‌كه‌ی له شۆڕشی خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستان به فه‌رمی ڕاگه‌یاند.
جانسوو ئۆزدمیر كه كورد و خه‌ڵكی باكووری كوردستانه، به وتنه‌وه‌ی دروشمی “ژن،ژیان،ئازادی“، ڕه‌خنه‌ی توندی له ئانالێنا بێربووك، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته گرت كه وتبووی كورده‌كانی سووریه ئه‌بێ چه‌ك دابنێن و ته‌سلیمی حكوومه‌تی ئیسلامگه‌رای ئه‌و وڵاته بن و ڕایگه‌یاند: حیزبه‌كانی ئاڵمان له‌وانه حیزبی سه‌وز و بێربووك له سه‌روویانه‌وه دروشمی ژن،ژیان،ئازادی وه‌كوو ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان به‌كار ده‌به‌ن، به‌ڵام ئێمه پشتی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ڕۆژئاوای كوردستان به‌ر ناده‌ین و یارمه‌تی هه‌موو گه‌لی سووریه ئه‌ده‌ین كه به ئازادی و دیمۆكراسی ڕاسته‌قینه بگه‌ن.