ڕۆژی سێشه‌ممه ١٦ی ڕێبه‌ندان، به‌ندكراوانی سیاسی له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی و ئێرانیانی ئازادیخوازی فڕانكفۆرت له ئاڵمان بۆ په‌نجاوچواره‌مین حه‌فته‌ی به‌رده‌وام به‌شداری كارزاری سێشه‌ممانه‌ی نا بۆ ئێعدام بوون.
به په‌یوه‌ست بوونی به‌ندكراوانی سیاسی زیندانی گونبه‌د كاڤووس به كارزاری نا بۆ ئێعدام، ڕێژه‌ی ئه‌و به‌ندیخانانه‌ی په‌یوه‌ست به‌و هه‌ڵمه‌ته بوون گه‌یشتووه‌ته ٣٥ زیندان. به‌ندكراوانی مانگرتوو بۆ جارێكی دیكه له به‌یاننامه‌كه‌یاندا خوازیاری یه‌كگرتوویی خه‌ڵكی ئێران به‌رانبه‌ر به سزای سێداره و پاڵپشتی كۆمه‌ڵگای جیهانی له خه‌باتی خه‌ڵكی ئێران بۆ گه‌یشتن به ئازادی و دادپه‌روه‌ری بوون. هاوكات ئێرانیانی ئازادیخوازی فڕانكفۆرت به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی وێنه‌ی قوربانیانی سه‌ركوتی ڕژیم خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای ئێعدام و ئازادی هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی بوون.