لە حەفتەی ڕابردوودا، چالاکییە ناڕەزایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان، بەربڵاو و بەردەوام بووە. ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕێبەندان، ژمارەیەک خوێندکار لە ناڕەزایەتی بە کوژرانی خوێندکارێک بە ناوی ئەمیر محەممەد خالقی، لە ناوەوە و دەرەوەی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی تاران کۆبوونەوە و لەگەڵ هێزەکانی حەراسەت و مەئموورانی لیباس شەخسی تێکهەڵچوون. ئەوان دروشمیان دەدا ” ئەو خوێنەی کە دەڕژێت، بە هیچ شتێک ناسڕێتەوە“، “خوێندکار ئامادەی مەرگە بەڵام سەرشۆڕی و ژێردەستەیی قبوڵ ناکات” و هەوڵیان دەدا گەمارۆی بەشەناوخۆییەکان بشکێنن و ڕێگە بدەن ژمارەیەکی زیاتر لەو خوێندکارانەی کە لە دەرەوە بوون پێیانەوە پەیوەست بن. تا ئێستا هەندێک لەو خوێندکارانە توانیویانە خۆیان بگەیەننە ناو بەشەناوخۆییەکان و بە ناڕازیانی دیکەوە پەیوەست بوون. سەرۆکی زانکۆ هەوڵی داوە بارودۆخەکە هێور بکاتەوە. ئەو ڕایگەیاندووە کە هۆکار و سەبەبکاری ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی ئێستا، هاوشێوەی ساڵی ٧٨، لیباس شەخسییەکانن. ئەو، بە وتەی خۆی هەوڵی داوە کە کارەساتێکی تر لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ ڕوو نەدات. بەڵام کەشی ناڕەزایەتییەکان لەو کاتانەدا ئەوەندە ئاڵۆز بووە کە تا گەیشتنی ئەم هەواڵە نەیتوانیوە خوێندکارەکان هێور بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، بەهۆی کردەوە سەرکوتگەرەکانی بەکرێگیراوانەوە، خوێندکارە ناڕازییەکان بەرگریی زیاتریان کردووە و دروشمی “حەراسەت، سپاهی، دوژمنی ئێمە
ئێوەن” و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت “مەرگ بۆ خامنەیی” یان داوە و یەکێک لە لیباس شەخسییەکانیان دەستگیر کردووە و دەستیان بە سەر بەڵگەنامەی بەکرێگیراوبوونی ئەو کەسەدا گرتووە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە هەروا بەردەوام بووە.
لەو کاتەوە کە چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا پەرەی سەندووە، کەشی خەباتکارانەی ناو زانکۆکانیش بەهێزتر بووە. هەر بۆیە لە چەند شارێکی گەورەی سەربە چەندین پارێزگای وەک تاران، ئیسفەهان، فارس، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەر سێ بەشی خۆراسان، کرماشان، کوردستان و چەندین پارێزگای تر، بەرپرسانی ئیتلاعات لە ترسی کۆبوونەوە و یەکگرتنی خوێندکارانی خەباتکار، پۆلەکانی دەرسیان بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە بردووە، یان بە تەواوی دایانخستوون.
جگە لە سەرهەڵدان و هەڵگیرسانەوەی کەشی خەباتکارانەی خوێندکاران، ناڕەزایەتی و خەباتی ژنان و پیاوانی تێکۆشەر لە شاری دێهدەشت، سەربە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد، لە زومرەی تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی خەبات و ناڕەزایەتی چەند ڕۆژی ڕابردووی وڵات بووە. ئێوارەی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان، دوابەدوای بانگەوازێک لە پارێزگای کۆهگیلۆیە و بۆیر ئەحمەد لە ناڕەزایەتی دژبە دۆخی ” نالەباری بژێوی ژیان و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئاو“، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری دێهدەشت پێکهات. یەکێک لە ناڕازیان باسی لەوە کرد کە “هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتییەکە، بریتییە لە دۆخی ژیان و گوزەران“. ئەو وتوویەتی کە زیاتر لە یازدە بەنداویان لەم پارێزگا بچووکەدا دروست کردووە، لە کاتێکدا زۆربەی ئەم خەڵکە تەنانەت لە خواردنەوەی ئاوی ئەم بەنداوانەش بێبەشن. لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، لە ڕۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ی ڕێبەندان، ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە دێهدەشتەوە بڵاو کرانەوە، نیشانی دەدا کە داواکاری ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و هەوڵی هاووڵاتیان بۆ یەکگرتن بە مەبەستی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، لەئارادا بووە. هەواڵەکان دەریدەخەن کە تا ئێستا ژمارەیەک خەڵک دەستگیر کراون و لە نێواندا منداڵیش بوونی هەیە.
ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی خەبات و ناڕەزایەتییە نەریتی، بەردەوام و ڕوو لە گەشەی کرێکاران، بەتایبەت کرێکارانی فەرمی و گرێبەستی نەوت، خانەنشینانی پیشە جۆراوجۆرەکان، خەباتکارانی دژی سزای لە سێدارەدان، چالاکوانانی ژینگە، کرێکارانی شارەوانی و هاوشێوەکانیان.
ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە کە بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنن، لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئابووری ئێران لەبەردەم داڕمانی تەواودایە. بەرپرسان و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ڕێژیم لە نێو کۆمەڵانی بەرینی خەڵکدا وەک گەندەڵ و تاوانبار دەناسرێن. ناکۆکییەکان لە ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات توندتر بۆتەوە.
ڕێژیم لە پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانیدا بەردەوام لەگەڵ سووکایەتی بەرەوڕوو دەبێتەوە. بە کورتی، هاوسەنگی هێز لە نێوان کۆماری ئیسلامی و جەماوەری خەڵکدا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بە قازانجی بەرەی خەڵک دەگۆڕدرێت. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی هەر ئەم حەفتەی ڕابردوو، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. وا دەردەکەوێت کە هەنگاونانی کۆمەڵگا بەرەو سەرهەڵدانی کەشێکی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا خێراتر بووە.
ئەم دۆخە ئەرکێکی زۆر دەخاتە بەردەم کۆمۆنیستەکان، شۆڕشگێڕانی چەپ و مرۆڤدۆستانی دژبە ستەم و چەوسانەوە، کە گرنگترینیان بەم شێوەی خوارەوەن: هەوڵدان بۆ جەماوەری کردنی بەدیلی ڕزگاریبەخش و تەرکیز کردنە سەر بنیاتنانی حکومەتێکی کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی گەندەڵی ئیسلامی، دەبێت بە قازانجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دابمەزرێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێڵەکانی ئەم بەدیلەی ڕوون کردووەتەوە، هێڵگەلێک کە دەبێت وردتر بکرێنەوە. خێرایی بەخشین بە پەرەپێدانی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕە هەنووکەییەکان و دەستپێکردنی ڕێکخستنی پێویست و نوێ. پێویستە هەموو خەبات و هەوڵەکان بە ئاراستەی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ و بە قازانجی خەڵک بەرەوپێش بچێت.
لەم سیستەمەدا نەک حزبە سیاسییەکان، بەڵکوو شۆڕاکان و دامەزراوەکانی هەڵبژێردراوی دەنگ و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک، دەسەڵاتدار دەبن، خۆشگوزەرانی گشتی جێگای هەژاری دەگرێتەوە و دێموکراسی بەربڵاو لە جێگای ستەم و سەرەڕۆیی جێگیر دەبێت. یەکسانی ڕاستەقینە لە نێوان ژن و پیاودا بەدی دێت. ئەرتەشێکی ناپیشەیی و جەماوەریی، جێگای ئەرتەش و سپای پیشەیی و دژە خەڵکی دەگرێتەوە و سەرەنجام ئەو دەوڵەتەش، خۆی وردە وردە بەرەو نەمان دەچێت.