سبەینێ، پێنجشەممە دووی ڕەشەمە، بەرامبەر بە ٢٠ی فێوریەی ٢٠٢٥، بەپێی ڕۆژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی جیهانی “دادپەروەری کۆمەڵایەتی“یە. بەهێزکردنی دادپەروەری بە مەبەستی داهاتوویەکی سەقامگیر، وەک ئامانجی سەرەکی ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵ دیاریکراوە. نووسیویانە مەبەست لەو دروشمەی سەرەوە، بریتییە لە مسۆگەرکردنی هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی کە بنەمای سەرەکی ئابووریەکەی بریتی بێت لە بەرهەمهێنانی ڕێژەی کەربۆنی کەمتر، بەتایبەت لە بەرژەوەندی مرۆڤە لاواز و زیانلێکەوتووەکاندا بێت. لە ڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستە بەردەوامی و سەقامگیری ژینگە، گرێ بدرێت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە. مەبەست لە دادپەروەری کۆمەڵایەتیش بەمشێوەیە پێناسە کراوە: لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار، سەرلەنوێ پەروەردەکردنی پسپۆڕی و لێهاتووییەکان و هەروەها دابینکردنی پشتیوانی بەهێزی کۆمەڵایەتییەوە، ڕێوشوێنێک دابنرێت بۆ ئەوەی کە وەڵامی پێداویستییەکانی کرێکاران، کۆمەڵگە پەراوێزکەوتووەکان و خەڵکی خۆجێیی بدرێتەوە.
بە چاوخشاندنێکی سادە بەسەر کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکانی ئەمڕۆدا، بە ڕوونی لەوە تێدەگەین کە ئەم چاوەڕوانیانە نایەنەدی.
دوای شەڕی دووەمی جیهانی، سەرمایەداران بەهۆی بەدەستهێنانی قازانجێکی زۆر لە کرێکارانی کۆمەڵگە ژێردەستەکان و تاڵانکردنی کەرەستە خاوەکانیان، لە هەندێک لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا لەژێر گوشاری خەباتی کرێکاریدا، ناچاربوون جۆرێک لە دەوڵەتی خۆشبژێوی دامەزرێنن، کە بەو هۆیەوە بژێوی کرێکاران تا ڕادەیەک باشتر بوو. بەڵام خودی سیستەمی قازانج تەوەری سەرمایەداری کە زانی ئاستی چاوەڕوانییەکانی کرێکاران بەرز بووەتەوە، بە پەنابردنە بەر نیۆلیبرالیزمی ئابووری و هێرشکردنە سەر ڕێکخراوە کرێکارییەکان، زۆربەی دەستکەوتەکانی دەوڵەتی خۆشبژێویی وەرگرتەوە. لە هەمان کاتدا ئەم سیستەمە بەپێی سروشتی خۆی و بەرهەمهێنانی کاڵایەکی زۆر و تەنانەت ناپێویست، ژینگەی بەرەو لەناوچوون بردووە. ئەم ڕۆژانە، ڕاسته توندڕەو و نیمچە فاشیستەکانی هاوشێوەی ترامپ و ترامپیزم، هەموو بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی خەڵووز و نەوت و گازیان لابردووە و ڕەوتی گەرمبوونی زەوی و تێکدانی گازە گوڵخانەییەکانیان خێراتر کردووە.
لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندنی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ئاسەوارێک لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی نییە. لێرە، دۆخی زۆرینەی هاوڵاتیان تاقەت پروکێن و لە هەندێک حاڵەتدا کارەساتبارە. ڕژێمی ئیسلامی بە دروشمی دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاتە سەر کار و ئێرانی کردە دۆزەخ. بەرپرسان و خورافەپەرستە خاوەن قەڵەمەکان، هێشتا بەوپەڕی بێشەرمییەوە باس لە بوونی دادپەروەری لە کۆمەڵگادا دەکەن. لە ڕاستیدا ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران دەیبینن و ئەزموونی دەکەن، پێچەوانەی ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێت. هەندێک لەو بابەتانەی کە خەڵک بەچاو بینیویانە و ئەزموونیان کردووە، دووبارە دەبنەوە. ئێران،کەیەکێکەلەدەوڵاتیدەوڵەمەندیجیهان،لەلایەنڕژێمیئیسلامییەوەوایلێهاتووەکەبەگوێرەیهەندێکلەسەرچاوەکان٧٠٪یدانیشتووانەکەیلەژێرهێڵیهەژاریڕێژەییوڕەهادادەژینکەلەمنێوەندەدا٣٠لەسەدیانتووشیهەژارییڕەهابوونوبەبێیارمەتیناتواننبژێویخۆیانوبنەماڵەکانیاندابین
بکەن. لە بەرامبەردا تاقمێکی کە دەسەڵاتیان بەسەر حکوومەت و ئابووری مافیاییدا هەیە، بە وتەی مارکس سالاتەکەیان بە ئەڵماس و جەواهیراتی تر دەڕازێننەوە. لە نێوان ئەم توێژە هەژارەدا، ژنان و بەتایبەت دایکانی سەرپەرشتیاری بنەماڵە، زیاتر لە باقی چین و توێژە بێبەشەکان لەگەڵ هەژاریی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوو دەبنەوە. ژمارەی منداڵانی کار و سەر شەقام و سواڵکەر ئەوەندە زۆر بووە کە مرۆڤ حەز ناکات مەگەر لە کاتی پێویستدا، لە ماڵ بێتە دەرەوە یان بۆ ئێران سەفەر بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو دیمەنە دڵتەزێنانە بەرەوڕوو نەبێتەوە. سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان و بەرپرسانی ڕژێم بەمەش ڕازی نەبوون و لەم ڕۆژانەدا کە دەبێت لانیکەمیحەقدەست دیاری بکرێت، بە وەڕێخستنی تەبلیغات و پڕوپاگەندە هەوڵدەدەن هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، حەقدەستێکی چوار بۆ پێنج قات لەژێر هێڵی هەژاریدا دیاری بکەن و بەسەر کرێکارانیدا بسەپێنن. هەندێکلەبیرمەندو
تیۆریسیەنەکانی نیزام ئەم دۆخە و تەنانەت لەوەش خراپتر بۆ هاتنی بوونەوەرێکی خەیاڵی بەناوی ئیمامی زەمان بە پێویست دەزانن. ئەمە تەنها یەکێکە لە نموونەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە ئیسلامی ئامرازی دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران. لەپاڵ نەبوونی بە ئاشکرای دادپەروەری لە کۆمەڵگادا، تاڵانکەرانی هێزی کاری ژنان و پیاوانی کرێکار، بەوپەڕی چاوچنۆکییەوە کەوتوونەتە گیانی ژینگە و نایانەوێت تەنانەت جێگایەک بۆ دەرکەوتنی ئەو ئیمامە خەیاڵییەش بمێنێتەوە.
بەڵام هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە زوو یان درەنگ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، سۆسیالیست و خەباتکاری چالاک لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، ئەم ڕژێمە چەوسێنەرە و دیکتاتۆرییە سەرەڕۆکەی لەگۆڕ دەنێن و ئاواتی هەزاران گیانبەختکردووی دەستی ئەمانە، کە بریتییە لە دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ چین و توێژە چەوساوە و بێبەش لە مافە دێموکراتیکەکان، بەدی دێنن.
ئەو دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەی کە ئەم خەباتکارانە لە پێناویدا خەبات دەکەن، خاوەنی تایبەتمەندییەکی دیاریکراوە کە لە پرۆسەیەکدا بەدەست دێت. لەو پرۆسەیەدا سەرەنجام ئەو بەرهەمهێنەرانی نێعمەتەی کە لە ڕێگەی هێزی کاری خۆیان و بە یارمەتی سروشت، ژیان و دەرفەتی گەشەکردنی داهێنانەکان دابین دەکەن، دەبێت بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ بن. ئەوان دەوڵەتێک بنیات دەنێن کە بە دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی و لە ڕێگەی شۆڕاکانەوە دێموکراسی، ئازادی و خۆشبژێویی گشتی دابین دەکەن. لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا کە تێیدا ئاسەوارێک لە چەوساندنەوە، ستەم و دیکتاتۆری نابێت، یەکسانی تەواو دادەمەزرێت و بەم شێوەیە دادپەروەری ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی وەدی دێت. بنیاتنانی سیستەمێکی لەو شێوەیە لە ئێران مومکینە. سەبارەت بە پاراستن و پەرەپێدانیشی، دەبێت بڵێین کە هەم بە پشتبەستن بە هێزی ناوخۆیی و هەم هێزی شۆڕشگێڕان و عەداڵەتخوازانی ژن و پیاوی کرێکار لە دەرەوەی وڵات، دەکرێت بە مانەوەی ئومێدەوار بین.