بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوهكانی مافی مرۆڤ، دوای دابینکردنی پارەی پێویست بۆ دۆسیەی پژمان سوڵتانی لە بەندکراوانی شۆڕشی ژینا، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم، بنەماڵە، دۆستان و کەسانی چالاک لە هەڵمەتی کۆکردنەوەیان خستووەتە ژێر گوشار و لە سیناریۆیەکدا بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەیان بە دزینی ئەو پارە کۆکراوە تۆمەتبار كردووه.
ئەو کەسانەی كه لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پۆست و ستۆریی تایبەت بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەیان بڵاو کردووەتەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە. ڕەنج پشدەری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لە ئێرانە و ڕۆڵی لەو کەمپینەدا هەبووە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچار بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ویدیۆیەک لە ئینستاگرامی خۆی کراوە کە تێیدا بوختان بۆ بنەماڵەی پژمان سوڵتانی دروست دەکات و دەڵێت ئەوان پارەکەیان خواردووە! زانیاری هەڵە و دژ بە یەک لە قسەکانی ڕەنج پشتدەریدا زۆر ڕوونە، ناوبراو بانگەشەی ئەوە دەکات کە بنەماڵەی پژمان سوڵتانی تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژدا سێ ملیار تمهنیان دەرهێناوە، لە کاتێکدا سیستەمی بانکی ئێران ڕێگە بە خاوەن هەژماری بانکی نادات ئەم بڕە پارەیە بە یەکجار وەربگرێت.