کۆماری ئیسلامی لە دوای شکستی سەرشۆڕانەی سەربازی و زانیاریی لە بەرامبەر دەوڵەتە داگیرکەر و دژی خەڵکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، چ ڕەفتارێک لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری تووڕە و ناڕازیدا دەکات؟ خستنەڕووی ئەم پرسیارە لە دوای ئاگربەست لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکاندا دەستی پێکردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ گەرمتر دەبێت. یەکێک لە هاوڵاتیانی دانیشتووی شاری قەزوێن هیوای ئەوەی خواست کە کۆتایی شەڕ ئاکامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە. ئەو پێیوایە کە حکوومەت ناوێرێت سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ سەختگیری بکات.
ئەو وتی: «هەست دەکەم لە دوای دامرکانەوەی هەستەکان، حکوومەت ناچارە خۆی لەگەڵ بابەتەکانی وەک حیجاب و ئازادییە تاکەکەسییەکاندا بگونجێنێت.» یەکێک لە توێژەرانی زانکۆی تارانیش لەسەر ئەو بڕوایە بوو. ئەو وتی باوەڕ ناکات کە حکوومەت بتوانێت پاشەکشە بکات بەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئاکامی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە دژی یاسای حیجاب دروست بووە. ئەو هەروەها وتی: «بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەوانەیە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێوشوێنی سەختگیرانەتر نەگرنەبەر، چونکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لاوازتر بوون.»
لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا هەندێک لە هاووڵاتیانی تر جۆرێکی دیکە بیر دەکەنەوە. ژنێکی وشیار لە وتووێژێکدا وتوویەتی کە ڕێژیم تۆڵەی شکستەکەی لە جەماوەر دەکاتەوە. ژنێکی تریش هەر بەو شێوەیە وتی کە ڕێژیم پێشتریش لە کاتی هەموو شکست و قەیرانێکدا هەر بەو شێوەیە ڕەفتاری کردووە. چالاکێکی مافەکانی مرۆڤ وتی کە لە دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی شاردنەوەی شکستی سەربازی و ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی مانەوەی خۆی، پێویستی بە سەرکوتی زۆرترە.
کاردانەوەکانی ڕێژیم لە دوای ئەو شکستە ڕیسوا و سەرشۆڕانە، لەوانە دەستگیرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان، زیادکردنی ئێعدامەکان، چوارهێندە کردنی هەوڵی دەرکردنی ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران و هەڵبەستنی تۆمەتی“سیخوڕی بۆ ئیسرائیل“، ئەو لێدوانانە پشتڕاست دەکاتەوە.
سەرەڕای دووپاتکردنەوەی بەڵێنە پووچ و بێنەماکانی بەناو سەرۆک کۆمار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە یەکگرتوویی نیشتمانی، بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز سێ بەرپرسی باڵای ئەمنییەتیی ئێران بەم هەواڵنێرییەیان وتووە کە تەرکیزی سەرەکی دامەزراوە ئەمنیەتییەکان ئێستا بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری هەڕەشە ناوخۆییەکان بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان. لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە سەرکەتگەرانە، تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس دەستگیر کراون، کە بریتین لە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە بەلووچنشینەکان و ١٠ کەس ئێعدام کراون. پەروەندەسازی و هەڕەشە بە بیانووی بێبنەمای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، نەک تەنها لەدژی هاووڵاتیانی ناڕازیی ئێرانی، بەڵکوو لە دژی کۆچبەرانی ئەفغانستانیش زیاتر بووە. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ڕێژیم دەتوانێت چڕکردنەوەی سەرکوتەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە پێبدات؟ بۆ وەڵامدانەوەی دروست بەم پرسیارە، پێویستە دۆخی ڕێژیم پێش لەو شکستە سەرشۆڕانەی ئەم دواییانە وەبیر بهێنرێتەوە.
١– پێش ئەم شەڕەی دوایی کەلێن و ناکۆکییە سیاسییەکانی سەرەوە ئاشکرا و هەندێکجار میدیایی کرابوونەوە. شەڕ بە شێوەیەکی کاتی بووە هۆی کەمبوونەوەیان. لاوازبوونی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات پێش شەڕ و ئاشکراتربوونی شکستی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی لەو شەڕەی ئێستادا، بەرەو لێواری هەڵدێری دەبات. ئەم بابەتە وزە و متمانەبەخۆبوونێکی زیاتر بە دژبەرەکانی دەبەخشێ و کەلێن و ناکۆکییەکان لەسەرەوە پەرە پێدەدات.
٢– ناکۆکییەکان سەبارەت بە ستراتیژی ئابووری و بەرتەسککردنەوەی هەرچی زیاتری بواری بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لەوەدا، پەرەسەندنی بەردەوامی قەیران لە پرسە ئابوورییەکان، ستراتیژی بەرگریکارانەی ڕوو لە ڕۆژهەڵات و هەزینەی قورسی هێزە بەوەکالەتەکان، مەسەلەی ناوەکی و زۆر بابەتی تر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی سروشتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، توندتر دەبن.
٣– ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەی کە لە واقیعییەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەرچاوە دەگرن، بەهۆی خراپتربوونی دۆخی ئابووری، توندتربوونەوەی ستەم و سەرەڕۆیی و پەرەسەندنی کەلێنی نێوان ڕێژیم و جەماوەر، تووڕە و ناڕازیتر لە پێشوو دێنەوە مەیدان. دەستکەوتی هاوپشتی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بە ئاراستەی یارمەتیدان، بڵاوکردنەوەی هەواڵی باوەڕپێکراو و پاراستن لە ماوەی ١٢ ڕۆژی شەڕدا، لە خزمەت ئەم بزووتنەوانەدا بووە و بەهێزتریان دەکات.
٤– هێزە بەوەکالەتە شکستخواردو و لاوازبووەکان لە دوای ئەم شەڕە دڵساردتر و لاوازتر دەبن و هەندێکیان بەرەو توانەوە و لەناوچوون دەڕۆن. ئەوان لەو ماوەیەدا کە ئیسرائیل و ئەمریکا ڕێژیم و جەماوەری مەدەنیان کردبووە ئامانجی هێرشی سەختی خۆیان، هیچ چەشنە یارمەتییەکیان بە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی نەکرد.
٥– لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیانەی کە ئاماژەیان کرا، بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات بەهۆی گورزێکی کە لەم شەڕەدا بەریکەوت، لاوازتر بووە و زەمینەی ڕووخاندن و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات ئامادەتر بووە. لە ئێستادا پێویستە کرێکارانی وشیار و خەباتکار، ژنانی خۆڕاگر و تێکۆشەر، خانەنشینان و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات لەگەڵ پرسە تایبەتەکانی خۆیان، زیاتر بیر لە سبەینێی دوای کۆماری ئیسلامی بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان و ڕێژیم بەهێزتر بکەن، هەرچی زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست دوور بکەونەوە، لەگەڵ سەرمایەداری و چەوسانەوە دژایەتی بەهێزتر بکەن و هەروەها گرنگی زیاتر بدەن بە پێویستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەلایەن کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بە واتایەکی تر هەنگاوی جدیتر بنێن بەرەو سۆسیالیزم.