پێویستی خەبات و خۆڕاگریی گشتی دژبە سیاسەتی لەسێدارەدان و زیندان

شەپۆلەکانی دەستگیکردن و لەسێدارەدان بە تۆمەتی سیخوڕی، لە دەستپێکی شەڕی دوازدە ڕۆژە و ڕۆژەکانی دواتریش هەروا بەردەوامە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی مەدەنی و پیشەیی دەستگیرکراون و جێگۆڕکێیەکی بەربڵاو لە زیندانەکاندا ئەنجامدراوە. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە هەزار کەس بە تۆمەتی بێبنەما و پەروەندەسازی درۆینە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیرکراون. زیندانیکردن و هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا بۆ زیندانیانی سیاسیی لەلایەن مەئموورانی لێپرسینەوە لە ناوەوە و دەرەوەی زیندان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئارادایە. لەلایەکی ترەوە، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە زیندانیانی سیاسیی ژن و پیاوی بوێر و چاونەترس لەناو زیندانەکاندا، لەبەرامبەر مەئموورانی لێپرسینەوەدا خۆڕاگریی دەکەن و نەک هەر مل بە خواستەکانیان نادەن، بەڵکوو کەشی خۆڕاگریی ناو زیندانەکانیان بەهێز کردووە و لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ میدیاکان و ناردنەدەرەوەی ڕاپۆرت و زانیاری و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەرەنگاری سیاسەتی جنایتکارانەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دەبنەوە و ئامرازەکانی زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان پووچەڵک دەکەنەوە.

لە دەرەوەی زیندانەکان، هاوسۆزی و ورەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی لە ناو خەڵکی ئێراندا زۆر بەهێزە. لەسەر بەستێنی ئەم هاوسۆزییە، هەوڵ و چالاکییەکی زۆر بەڕێوە دەچێت کە دەتوانین هەموویان لە چوارچێوەی دروشمیزیندانی سیاسیی دەبێت ئازاد بکرێتدا کورت بکەینەوە. ئەم چالاکیانە هەرچەند کاریگەر و پێویستن، بەڵام هێشتا ناتوانن قوڵایی ئارەزوو و خواستی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسیی نیشان بدەن. بەیەکەوە گرێدانی خەبات و تێکۆشانی ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکان، بەردەوامیدان و جەماوەریکردنەوەی ئەم خەباتانە، دروستکردنی کۆمیتەکانی دیفاع لە زیندانیانی سیاسیی، پێکهێنانی گرووپەکانی هاوپشتی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی لە ناوخۆ و دەرەوە و هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەر چەشنە تائیفەگەرییەک، چالاککردنی کاری گرووپی و ئامانجدار، بەردەوامبوون و بەرفراوانکردنی ئاستی لەقاودان و ئاشکراکردنەکان، بەهێزکردنی چالاکییەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی و دابەشکردنی دروست و بەپێی ئەولەوییەت بەسەریاندا، لە زومرەی ئەو ئەرکەکانەن کە دەبێت بە بەردەوامی جێبەجێ بکرێن. پێویستە دروشمیزیندانی سیاسیی دەبێت ئازاد بکرێت، ببێتە هەوێنی پەیوەندیی و یەکگرتوویی هەموو چالاکییەکان. دروشمیزیندانی سیاسیی دەبێت ئازاد بکرێتهەمیشە یەکێک بووە لە دروشمە کاریگەرەکان لە خەبات لە دژی دیکتاتۆری و لە شۆڕشی ١٣٥٧دا سەمەربەخش بوو.

دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکان لە کاتی خراپبوونی دۆخی ئابووری و لاوازی سیاسیی دا هەمیشە پشتیان بە زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەستووە. ئەمە بۆ کۆماری ئیسلامیش کە جگە لە کێشە و ئاریشەی زۆری سیاسیی و فەشەلی ئابووری، هیچ شتێکی دیکەی بۆ ئەم کۆمەڵگایە بە دیاری نەهێناوە، زۆر ڕاستە. زیندان، ئەشکەنجەی دڕندانە و لەسێدارەدانی بەربڵاو و بەکۆمەڵ، بەتایبەتی لە دەیەی شەستدا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە مانەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی دزێوی ئەم ڕژیمە. کۆماری ئیسلامی هەمیشە دەرکی بە گرنگی زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان کردووە و لە ڕابردوودا سوودی زۆری لێ وەرگرتووە. بەڵام ئێستا ترسی خەڵک لە زیندان و ئەشکەنجە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. خەبات و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرە کرێکاریی و مەدەنییەکان، ئەم ڕژیمەیان کە هیچ شەرعییەتێکی نەماوە و لە لێواری داڕماندایە تووشی ترس و خۆف کردووە. کۆمەڵگا لەم بارودۆخەی ئێستادا بەرەو پێکهێنانی کەشێکی شۆڕشگێڕانە دەڕوات کە تێیدا ئەگەری شکاندنی دەرگای زیندانەکان و گەڕاندنەوەی جگەرگۆشە خەباتکارەکانی کۆمەڵگا بۆ ئامێزی بنەماڵەکانیان و جەماوەری ئازادیخواز بەهێزتر بووە. ئەو ڕۆژە، ئیتر ئەستێرەی تەمەنی ڕژیمی ئیسلامیی جینایەتپیشە، سەرەڕۆ و چەوسێنەر، بەرەو ئاوابوون دەچێت.

بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئەمڕۆ مەترسی لەسێدارەدان هەڕەشەیەکی جیددییە بۆسەر زیندانیانی سیاسیی. لە بیرمان نەکردووە کە چۆن ڕژیم لە دەیەی شەستدا هەزاران کەس لە کۆمۆنیستەکان، ئازادیخوازان و دژبەرانی خۆی لەسێدارەدا. زیندانیکردنی درێژخایەن، ئەشکەنجەدان تا ئاستی تێکچوونی دەروون و جەستەی زیندانییەکان، بەشێکی ترە لە کارنامەی خوێناوی ئەم ڕژیمە. هەموو ئەم جینایەتانە بەیانگەری ئەو ڕاستییەن کە ڕژیم بۆ مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی، هیچ ڕێگەیەکی تری جگە لە پشت بەستن بە سەرکوت، لەسێدارەدان و ئەشکەنجە بۆ نەماوەتەوە. ڕاستییەکی تر ئەوەیە کە ئەم دەزگای سەرکوتە، تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری خۆی لەدەستداوە. کۆمەڵگای ئێران چیتر کۆمەڵگای دەیەی شەست نییە کە لە ناو سەرسامیی گشتیدا گۆڕستانی بەکۆمەڵ دروست بکەن. ئەم کۆمەڵگایە ئاخێزی بەفرانباری ٩٦ی جەماوەری وەگیانهاتووی زیاتر لە سەد و پەنجا شار و ئاخێزی ڕەزبەری ٩٨ی بینیوە، کە خەڵک چۆن چوونە شەڕ لە دژی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم و دەستدرێژییەکانی ئەوانیان بە دەستدرێژیی وەڵام دایەوە. ئەم کۆمەڵگایە ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادیبینیوە، کە تا ئێستاش لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە و لە بواری سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ دا پاشەکشەی بەرچاوی بەسەر ڕژیمدا سەپاندووە. لەم قۆناغەشدا تاکە فاکتەرێک کە دەتوانێت ماشێنی ئێعدام و زیندان و سەرکوتی ڕژیم لەکاربخات، بریتییە لە خەبات و خۆڕاگریی گشتی کۆمەڵگا لەدژی لەسێدارەدان و زیندان.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net