ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢ی گه‌لاوێژ، ئاگر له پووش و پاوانی چیای ئاویه‌ر كه‌وته‌وه و چه‌ند ئه‌ندامی ڕێكخراوی ژینگه‌یی “شنه‌ی نۆژینی كوردستان” بریندار بوون و یه‌كێك له برینداره‌كان به ناوی حه‌مید مورادی به داخه‌وه گیانی به‌ختكرد.
به وته‌ی چالاكانی مه‌ده‌نی شاری سنه، ناوه‌نده ده‌وڵه‌تیه‌كان سنه ئیمكاناتی پێویستیان بۆ دامركانه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی ئاویه‌ر دابین نه‌كردووه و ژینگه‌دۆستانی ئه‌و شاره به ده‌ستی به‌تاڵ و پاش چه‌ند ساعه‌ت توانیویانه ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام چه‌ند چالاكی مه‌ده‌نی به‌هۆی سووتان و هه‌ناسه‌ته‌نگی بریندار و ڕه‌وانه‌ی ناوه‌نده ده‌رمانییه‌كان كراون و بریندارێك به ناوی حه‌مید مورادی به هۆی قورسی برینه‌كانی گیانی به‌ختكردووه. ناسناوی چوار برینداری دیكه كه دۆخی ته‌ندرووستی یه‌كێكیان ناجێگیره بریتیه له: محه‌ممه‌د حسێن په‌ناهی، ئاریاس سه‌لیمی، خه‌بات ئه‌مینی و چیا یووسف نژاد. له هه‌واڵێكی دیكه‌دا، دارستان و مێرگی چیای شاهۆش ئاگری گرتووه و هه‌وڵی ژینگه‌دۆستان بۆ دامركانه‌وه‌ی ئاگره‌كه ئاكامێكی نه‌بووه و داوای یارمه‌تی له خه‌ڵكی گوند و شاره‌كانی ده‌ورووبه‌ر ده‌كه‌ن.