به پێی دوایین زانیارییه‌كان، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بڕیاری داوه له ژێر ناوی به‌ڕێوه‌بردنی باشتر و زیره‌كی ترافیك له شاری كرماشان، ٤٥ كامێرای چاودێری دیكه له ناوچه حه‌ساسه‌كانی ئه‌و شاره دا‌نێت.
له ساڵانی ڕابردوو و به تایبه‌ت پاش شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“، ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌موو كات له هه‌وڵی به‌هێزتر كردنه‌وه‌ی سیسته‌می ئه‌منیه‌تی به مه‌بستی ڕێگری له دیسان ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی له ئێران‌دا بووه. ئێستاش له شاری كرماشان، هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئێتڵاعاتی ئه‌و شاره به هاوكاری له‌گه‌ڵ پۆلیسی ڕێگه‌و بان، له ژێر ناوی به‌ڕێوه‌بردنی باشتری ترافیكی شاری كرماشان، ژماره‌یه‌كی زۆر كامێرای چاودێریان له ناوچه حهساسهكان به جێ كردووه و هه‌روه‌ها پیلانیان هه‌یه به لانیكه‌م ٤٥ كامێرای چاودێری دیكه‌ش دانێن.