کاروانی سەموود: شەڕی ئیرادە بۆ شکاندنی گەمارۆی غەززە

لە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥دا، کۆمەڵێک وێنە لە دەریای ناوەڕاست بە خێرایی لە سەرانسەری میدیاکانی جیهاندا بڵاوبۆوە و لاپەڕەیەکی نوێی لە بەرخۆدانی مرۆیی بەرامبەر بە گەمارۆی غەززە نیشان دا. سەربازانی ئیسرائیلی بە کڵاوی خۆپارێزی و کەڵک وەرگرتن لە دووربینی شەوەوە، هەڵیانکوتایە سەر ئەو بەلەمانەی کە سەرنشینەکانیان لە حاڵێکدا جلیقەی نەجاتیان پۆشیبوو و بەڕیز لەپەنای یەکتردا ڕاوەستابوون و دەستیان بەرزکردبووەوە. لە نێویاندا گریتا تونبێرگ چالاکی ژینگەپارێزی سوئێدی واتە سیمایەکی کە ئێستا بووەتە هێمای هاوپشتی جیهانی لەگەڵ فەلەستین، دانیشتبوو. هێزەکانی ئیسرائیل ٣٩ بەلەمی سەر بەکاروانی دەریایی جیهانیی سەموودیان لە نزیکەی ٧٠ مایلی غەززە ڕاگرت. ئەوە بە گەورەترین کاروانی هاوکاری لە مێژوودا دادەنرێت، کە زیاتر لە ٥٠٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و پەرلەمانتار و پارێزەری لە سەرانسەری جیهان لە زیاتر لە ٤٠ کەشتیدا کۆکردبۆوە. ئامانجەکە بابەتێکی سادە بوو: شکاندنی گەمارۆی دەریایی غەززە و گەیاندنی دەوا و دەرمان و خۆراک بۆ ئەو ناوچەیەی کە ڕێگاکانی لە دێسامبری ٢٠٢٤ەوە بە تەواوی داخراوە.

ڕاگرتن ودەستبەسەرداگرتنی ئەو کاروانە کاردانەوەیەکی دیپلۆماتیکی بەربڵاوی لێکەوتەوە. تورکیا ئەو هەنگاوەی بەکردەوەیەکی تیرۆریستیناوبرد و داواکاری گشتی ئیستانبوڵ لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی ٢٤ هاووڵاتی تورکیا دەستپێکرد. گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆککۆمار کۆلۆمبیا دوابەدوای دەستگیرکردنی ئەو دوو سەرنشینە کۆلۆمبیاییە، سەرجەم نوێنەرایەتی دیپلۆماتیکی ئیسرائیلی دەرکرد و ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە. هەروەها مالیزیاش ڕایگەیاند کە ٢٣ کەس لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراون و کردەوەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد.

لە ئیتالیا، کۆلۆمبیا، یۆنان، ئێرلەند و تورکیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەستیپێکرد. یەکێتییە کرێکارییەکانی ئیتالیا بانگەشەی مانگرتنی گشتییان کرد. کاروانی سەموود دوایین هەنگاوە لە زەنجیرە هەوڵە بەردەوامە دەریاییەکان بەمەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوەبزووتنەوەی غەززەی ئازادکەشتیگەلێکی وەکغەززەی ئازادولیبرتیڕەوانەی کەناراوەکانی ئەو ناوچەیە کردووە. بەڵام وێنەی کەشتیماوی مەڕمەڕەی ساڵی ٢٠١٠، لە یادەوەری جیهانیاندا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، کاتێک کە کۆماندۆکانی ئیسرائیل نۆ چالاکوانیان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کۆمەڵکوژ کرد. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییماوی مەڕمەڕەبەشێک بوو لە هێرش بۆسەرکاروانی ئازادی غەززەکە لە ژێر دروشمیڕێگەمان فەلەستینە، کۆڵەبارمان ئازادیی، هاوکاریی مرۆیی دەگواستەوە بۆ غەززە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا کەشتیەکانیمادلینوهندێلیش کە هەڵگری شیری وشک و ئارد و برنج و دەوا و دەرمانی پێویست بوون دەستیان بەسەردا گیرا. ئێستا کاروانی سەموود پێکهاتوو له زیاتر لە ٥٠ بەلەم لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهانەوە، گەورەترین ئەکەتی دەریایی بەڕێوەدەبات. هێڵی

کەناراوەکانی غەززە لە دەریای ناوەڕاست کە مەوداکەی ٤٠ کیلۆمەترە و پێویستە شادەماری سروشتی ناوچەکە بێت بۆ بازرگانی و پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهان، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل ئەو ئاوانەی میلیتاریزە کردووە و ڕێگری دەکات لەوەی کە ماسیگرەکان پتر لە چەند مایلێک تێپەڕێنن. بە پێچەوانەی کاروانەکانی ڕێگەی وشکانی کە دەبێت بە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕن، یان یارمەتییە ئاسمانییەکان کە ئیسرائیل ڕێگەیان پێنادات، دەریا تاکە ڕێگایەکی کردەییە بۆ هەوڵە سەربەخۆ مرۆییەکان. ڕێک هەر بۆیە ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری لێدەکات و هەربۆیەش کاروانە دەریاییەکان لە ڕووی ستراتیژییەوە زۆر گرنگن. کاروانە دەریاییەکان دووڕیانێک دەخەنە بەردەم دەوڵەتی ئیسرائیل: ڕێگەدان بە تێپەڕبوون بە مانای قبوڵکردنی ناشەرعییەتی گەمارۆدانە، پێش پێگرتنی توندوتیژیانە بە واتای لەقاودانی دڕندەی و وەحشیگەری ئەو ڕژێمەیە لەپێش چاوی ڕای گشتی جیهان. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەو کاروانەی بەنمایشێکی ئیستفزازی یان وروژێنەرناوبردووە، بەڵام بەشداری وڵاتەکانی وەک ئیسپانیا و ئیتالیا کە کەشتییان ناردبوو بۆ یاوەریکردنی کاروانەکە، ئەوە دەردەخات کە هەوڵەکان تەنها هەنگاوێکی ڕەمزی نین.

لە ئۆکتۆبری ساڵی ١٤٠٢ەوە زیاتر لە ٦٦ هەزار فەلەستینی لە غەززە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. کاروانی سەموود بەهێزە، بەڵام سنووردارە. دانیشتوانی غەززە جگە لە هاوسۆزی و هاوپشتی، پێویستیان بە نان و ئاو و دەوا دەرمان و ئەمنییەتیش هەیە. کاروانە دەریاییەکان ئاماژەن بۆ ناکارایی سیستەمی نێودەوڵەتی، کە نەیتوانیوە دەوڵەتی ئیسرائیل ناچار بە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی بکات. تۆنی لا پیچێرلا، چالاکوانێکی ئیتالیایی بەشدار لە کاروانەکەدا وتی: ئەمە تەنها پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵکوو پێوەندی بە بزووتنەوەیەکەوەیە کە بە سەدان کەس لەناو دەریا و ملیۆنان کەس لە وشکانی لەخۆ دەگرێت و تا گەمارۆکان بە تەواوی هەڵنەگیرێت، هیچ هێزێک ناتوانێت بە ڕێگری لێبکات”. مێژووی کاروانەکانی غەززە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خۆڕاگریی، هەمیشە بوارێک دەدۆزێتەوە. ئەم کەشتیانە کە زۆربەیان بە بەراورد بە بەلەمە جەنگییەکانی ئیسرائیل زۆر بچووکتر و بەرگەنەگرترن، ویژدانی ئەخلاقی مرۆڤایەتی وێنا دەکەن. ئەوان ڕەنگە یارمەتییەکەیان نەگەیاندبێت، بەڵام هەڵگری پەیامێکن کە جیهان ناتوانێ لەبەرچاوی نەگرێت: غەززە تەنیا نییە و گەمارۆدان هەرگیز نابێت بە بابەتێکی ئاسایی. ئاڵەنگاری ئێستا ئەوەیە کە ئەم هەنگاوە ڕەمزی و ئەخلاقییە بکەین بە گۆڕانکارییەکی سیاسی و ماددی. ئەگینا، کاروانە دەریاییەکان لە بەرامبەر جینایەت و دڕەندەخوییدا تەنها وەک هێمایەکی بوێریی دەمێننەوە، بەهێز، بەڵام بەس نین بۆ وەستاندنی دام و دەزگای سەرکوت. بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نەک تەنها ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵکوو بۆ کۆتاییهێنان بە بەردەوامبوونی کارەساتی مرۆیی لە غەززە، پێویستە هەنگاوی یەکلاکەرەوە و کردەیی هەڵبگرن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net