به پێی ڕاپۆرته‌كان، ته‌رمی شه‌ش به‌ندكراوی سیاسی عه‌ره‌ب كه ڕێكه‌وتی ١٢ی ڕه‌زبه‌ر به بێ ئاگاداری بنه‌ماڵه‌كانیان له سێداره دران، له لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمه‌وه ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كانیان ناكرێت.
ئه‌وشه‌ش هاووڵاتییه به ناوه‌كانی “عه‌لی مه‌جده‌م، محه‌ممه‌د ڕه‌زا موقه‌ده‌م، موعین خه‌نفه‌ری، حه‌بیب دریس، عه‌دنان غه‌بیشاوی و سالم موسه‌وی“، له لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی ڕژیمه‌وه به تۆمه‌تی ” چالاکی چه‌كداری دژ به ڕژیم” و چه‌ند تۆمه‌تی دیكه، له دادگایه‌كی نایاساییدا حوكمی سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. به وته‌ی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، ناوه‌نده ئه‌منیه‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و شه‌ش به‌ندكراوه‌ی بانگهێشت كردووه و هه‌ڕه‌شه‌یانی لێ كردوون كه پێویسته بۆ ڕۆڵه‌كانیان مه‌راسم نه‌گرن و ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئه‌م بابه‌ته به ناوه‌نده هه‌واڵنێرییه‌كان، دۆسیه‌یان بۆ ساز ده‌كه‌ن.