ڕۆژی جیهانی موعەلیم، وەبیرهێنەرەوەی خۆڕاگریی بزووتنەوەی بەهێزی موعەلیمانی ئێران

ڕۆژی یەکشەممە پێنجی ئۆکتۆبر بەرامبەر بە ١٤ی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانی موعەلیم بووئەم ڕۆژە، ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕێکخراوی زانستی– فەرهەنگی و پەروەردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆو ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کارەوە وەک ڕۆژی جیهانی موعەلیم دیاریکرامەبەست لە ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە، بریتییە لە “پێزانین و ڕێزگرتن لە موعەلیمان و لێکۆڵینەوە لە کێشەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا“. بەڵام ئەم ڕۆژە کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی دەبەخشێت کە، ئاوڕێک لە واقیعە تاڵەکانی ژیانی موعەلیمان بەتایبەت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا بدەینەوە. ئامارەکانی یونسکۆ دەریدەخەن کە یەک لەسەر سێی مامۆستایانی جیهان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەڵام لە ئێران ئەم ئامارە دەگاتە زیاتر لە سێ لەسەر چواری موعەلیمان. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرمایەدارانی ئێران زانست وەک کاڵایەکی بازرگانی دەفرۆشن و لە بەرهەمی ڕەنج و کاری موعەلیمان قازانجێکی زۆر و زەوەند دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە. موعەلیمان، کە دەبێ داهێنەر و خوڵقێنەری بیر و هزر بن، ئەمڕۆ ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان بە دوای کاری دووەم و سێیەمدا بگەڕێن. چۆنچاوەڕوانیئەوەلەکەسانێکدەکرێکەبیروزەینینەوەیداهاتووگەشەپێبدات،کاتێککەخۆیلەداوینیگەرانییەکانیڕۆژانەدا،گرفتارە؟

بەڵام گرفتە بژێویی و کۆمەڵایەتییەکانی موعەلیمان تەنها لەوەدا خۆی نابینێتەوە. موعەلیمانی خانەنشین، کە تەواوی تەمەنی گەنجی و مامناوەندی خۆیان لەپێناو پەروەردە و بارهێناندا تەرخانکردووە، ئێستا لە تەمەنی پیریدا و بە مووچەیەکی کەم، لەوپەڕی هەژاریدا دەژین. لە وەها هەلومەرجێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بری دابینکردنی پێداویستییەکانی موعەلیمان و وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییە ڕەواکانیان، بە سەرکوتکردنی داخوازییە ئینسانی و ئەخلاقییەکانیان، ئەو دۆخە هەنووکەییە پەرە پێدەدات. موعەلیمانی ئێران، لەبری ئەوەی بتوانن بیر لە گەشەپێدانی زانست و زانیاری خۆیان بکەنەوە، ناچارن زۆربەی کاتەکانیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان تەرخان بکەن. ئەم بابەتە نەک هەر زیان بە ئاست و کوالێتی پەروەردە دەگەیەنێت، بەڵکوو گوشارەکانی ژیانی ڕۆژانە، مێشک و دەروونیان ماندوو و شەکەت دەکات. لە لایەکی دیکەوە گوشارە سیاسی و نیزامییەکان لەسەر سیستەمی پەروەردە دەرئەنجامی کارەساتباری بەدواوە بووە. موعەلیمان نەک هەر ناچارن سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی ڕێژیم پەیڕەو بکەن، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ سەرکوت و سوکایەتی پێکردن بەرەوڕوو دەبنەوە. بەڵام کێشەکانی ژیانی ئەم توێژە بێبەشەی کۆمەڵگا تەنها لەوەدا سنوردار نابێتەوە کە لە ژیانێکی شایستە بەهرەمەند نین، بەڵکوو ناچاریش دەکرێن پەرە بە پەروەردەیەک بدەن کە بە تەواوی ئاوێتەیە لەکەڵ خوڕافات و  کۆنەپەرستییەکێک لە ڕەنج و ئازارە گەورەکانی موعەلیمانی شەریف و خەباتگێڕ، بریتییە لە نفووز و کاریگەریی ئایین لە پرسی پەروەردە و بارهێناندا. هەڵاواردنی جێندەری، سەپاندنی ناوەڕۆکی دژە زانستی و بوونی سیخوڕ و دەرچووانی ناوەندە دژە زانستییەکان لە قوتابخانەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانە ئایدۆلۆژییەکانی ڕێژیم، لە زومرەی ئەو پرسانەن کە موعەلیمانی خەباتگێڕ و تێکۆشەریان بێزار کردووە. بارودۆخێکی لەو شێوەیە جەستەی موعەلیم ماندوو و شەکەت دەکات و بیر و زەینی تێکدەدات.

موعەلیمانی ئێران خاوەنی کۆمەڵێک ویست و داواکاریی دادپەروەرانەن کە سەرجەمیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراون. بۆ نموونە: زیادکردنی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، بەهرەمەندبوون لە بیمەی کارا و خزمەتگوزاری گونجاو، یەکسانکردنی حەقدەستی خانەنشینان و فەرمانبەران، دەستەبەرکردنی خوێندنی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی بۆ هەموو منداڵان، بەتایبەتی لە ناوچە بێبەشەکان، ستانداردکردن و بردنەسەرەوەی ئاستی ئاسایش و ئەمنییەتی قوتابخانەکان، دابینکردنی ئیمکاناتی فەرهەنگی و کات بەسەربردن بۆ خوێندکاران، ڕاگرتنی سیاسەتی بەپارەکردنی خوێندن، کۆتاییهێنان بە پەروەندەسازی و ئەمنییەتی کردنی چالاکییە پیشەییەکان. بەڵام کۆماری ئیسلامی لە بری وەڵامدانەوە بەم داواکارییە ڕەوایانە، پەنا دەباتە بەر گرتن، لەسەرکار دەرکردن، زەوتکردنی مافی کارکردن و ئەمنییەتی کردنی کەشی پەروەردە. بەڵام سەرەڕای گوشار و سەرکوت و ئاستەنگەکان، خەباتی موعەلیمان لەپێناو ویست و داواکاری دادپەروەرانە و ئازادی هاوپیشەکانیان هەروا بەردەوامە. دەستگیرکردن، لەسەرکار دەرکردن و هەڕەشەکردن نەیتوانیوە موعەلیمان ناچار بکات واز لە بەدواداچوونی مافە ڕەواکانی خۆیان بهێنن. ئەم خۆڕاگرییە دەریدەخات کە بزووتنەوەی موعەلیمان بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی بەربڵاوتری کرێکاری و کۆمەڵایەتی کە خوازیاری گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە بنەما سیاسی و ئابوورییەکانی ئێراندا.

ڕۆژی جیهانی موعەلیم بۆ کرێکارانی وشیار، وەبیرهێنەرەوەی سەرجەم ئەو بێ عەداڵەتیانەیە کە بەسەر جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگادا سەپێنراوە. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی موعەلیمان، وەبیرهێنانەوەی دەستکەوتەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەرگریکردن لە داواکارییەکانیان. موعەلیمانی زەحمەتکێش و بێبەشی ئێران، ئەو مرۆڤە شەریف و خاوەن ویست داواکارییە دادپەروەرانەن کە شایەنی بەربڵاوترین و شێلگیرانەترین پشتیوانین. ئەمڕۆ جیهان زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە موعەلیمی پسپۆڕ، ئاسوودەخاتر. بێخەم و خاوەن ورەی بەرزی ئینسانیی هەیە. لەو ڕووەوە کە یەکەم چەخماخەکانی بیرکردنەوە لە قوتابخانەکاندا لێدەدرێت، پشتیوانیکردن لە موعەلیمان لە ڕاستیدا بە واتای بەرگریکردنە لە داهاتووی کۆمەڵگا. پێويستە لە ڕۆژی جیهانی موعەلیم دا ئەوەمان لەبیربێت کە موعەلیمان، ئەم بوونەوەرە شەریف و دڵسۆزانە، شایستەی زۆرترین پشتیوانی و پاڵپشتیکردنن. هەروەها بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاریی، لە ڕیزێکی یەکگرتوودا لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەش، لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی.

وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە سەرجەم موعەلیمانی خەباتکار و تێکۆشەر، دڵنیاین کە بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران شانبەشانی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشی ئەم وڵاتە، سەرەنجام ئامانج و داواکارییە ڕەوا و عادڵانەکانیان دەستەبەر دەکەن. داکۆکیکردن لە مافی موعەلیمان داکۆکیکردنە لە مافی خوێندن بۆ هەمووان و بەرگریکردنە لە داهاتوویەکی گەشتر. سەرەنجام ڕۆژێک دێت کە موعەلیمان بەوپەڕی ڕێز و کەرامەتەوە لە کۆمەڵگەیەکی بەری لە خورافات و کۆنەپەرستیدا بژین و پەروەردەیەکی دروست و ئینسانی بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکەن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net