قەیرانی سودان و کارەساتێکی مرۆیی

سودان، وڵاتێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەسە، لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٣ەوە لەگەڵ یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهانی هاوچەرخ بەرەوڕوو بووەتەوە. ململانێی چەکداریی نێوان هێزە چەکدارەکانی سودان بە فەرماندەیی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەممەد حەمدان دەقلوو، ئەو وڵاتەی تووشی کارەساتێکی مرۆیی کردووە. سودان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی پاوانخوازی عومەر ئەلبەشیردا بوو. لەو ماوەیەدا ئەلبەشیر بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سەرهدڵدانە جۆراوجۆرەکان بە تایبەت لە ناوچەی دارفور، لە میلیشیاکانی جەنجەوید کە دواتر بوون بە هێزی پشتیوانی خێرا کەڵکی وەرگرت. ئەو میلیشیایانە بەرپرسیار بوون لە تاوانی جەنگی و کوشتاری بەکۆمەڵ لە دارفور، کە ئەوکات لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید لەقەڵەم درا. مانگی ئاوریلی ٢٠١٩ ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی بووە هۆی ڕووخانی ئەلبەشیر. بەڵام لەبری دەستەبەرکردنی ئازادی و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراسی، دەسەڵات لە نێوان ئەرتەش و هێزی بەناو کاردانەوەی خێرا دابەشکرا. گرژییەکان لەسەر یەکخستنی هێزەکانی کاردانەوەی خێرا لەگەڵ ئەرتەش و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی، سەرەنجام تێکهەڵچوونی چەکداری لێکەوتەوە. ڕۆژی ١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٣ لە خارتوم و شارەکانی دیکە شەڕ و پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا. شەڕەکە بە خێرایی پەرەی سەند و جگە لە پایتەخت ناوچەکانی دیکە بە تایبەت دارفور و کۆردفان و خارتومی گەورەشی گرتەوە. هێزەکانی ناسراو بە کاردانەوەی خێرا، بەشێکی زۆری وڵاتیان کۆنترۆڵکرد، لەوانە بەشێکی زۆر لە دارفور و چەند ناوچەیەکی گرنگ لە خارتوم. بەگوێرەی هەواڵەکان ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە بۆتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس. هەندێک لە سەرچاوەکان تەنیا ژمارەی قوربانیانی پێکدادانەکانی ئەم دواییانە بە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس دەخەمڵێنن. زۆرێک لەو کوژراوانە خەڵکی سڤیلن کە بوونەتە قوربانیی هێرش و پەلاماری ئامانجدار و بۆردومانی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و کوشتاری نەتەوەیی.

هاوکات شەپۆلێکی بەرینی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی وەحشیانەی نێوان لایەنە دەسەڵاتخوازەکانەوە دەستیپێکردووە و زیاتر لە ١١ ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون. نزیکەی ٣ ملیۆن کەس ڕوویان کردووەتە وڵاتەکانی دراوسێی وەک چاد، میسر، ئەتیوپی و سودانی باشوور، بەمەش قەیرانەکە بووەتە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا. زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس واتە نیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی جیددی لەگەڵ نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک بەرەوڕوون. نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەترسیی برسێتی بەربڵاو هۆشداری داوە. کشتوکاڵ کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی ئەو خەڵکەیە، ئیفلیج بووە و سیستەمی دابەشکردنی خۆراک لەناو چووە. ژێرخانە تەندروستییەکان داڕماون. زیاتر لە ٧٠ لەسەدی نەخۆشخانەکان شیاوی بەکارهێنان نین یان بەتەواوی لەناوچوون. نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک کۆلێرا، سورێژە و مالاریا تەشەنەی سەندووە، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە کەمیی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان و هەروەها مەرگی دایکان و منداڵانی ساوا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. دەستدرێژیکردن وەک ئامرازێکی شەڕ بەتایبەتی لەلایەن هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێراوە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکارهێنراوە. هەزاران ژن و کچ بە شێوەیەکی سیستماتیک بوونەتە قوربانی توندوتیژی سێکسی.

ڕاپۆرتەکان باس لە کوشتاری بەکۆمەڵ دەکەن لە دارفور بە هۆکاری نەتەوەیی بەتایبەتی لەدژی هۆزەکانی غەیرە عەرەب. ئەم کردەوانە وەبیرهێنەرەوەی جینۆسایدی دارفورە لە سەرەتاکانی دەیەی ٢٠٠٠دا. هەردوولا بە ئەنقەست ناوچەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان بۆردومان دەکرد. لەو پێوەندییەدا ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە پاڵپشتی سەربازیی و دارایی لە هێزەکانی کاردانەوەی خێرا تۆمەتبارە و ئەرتەشی میسریش پاڵپشتی سوپای سودان دەکات. دەستێوەردانی ڕوسیا و بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە، هەروەها بەرژەوەندی و کاریگەری لە ناوچەی ئەتیوپی و ئێریترە، بووەتە هۆی ئاڵۆزتر بوونی قەیرانەکە و درێژەکێشانی شەڕ. ئەمڕۆ بەداخەوە قەیرانی سودان بۆتەقەیرانێکی لەبیرکراو”. ڕوماڵی میدیا نێودەوڵەتییەکان زۆر سنووردار بووە و سەرنجی ڕای جیهانیش زۆرتر تەرکیزی کردوەەتە سەر قەیرانەکانی تر. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی فریاگوزاری، تەنها بەشێکی کەم لەو پارەیەیان بەدەست گەیشتووە کە بۆ کۆمەک کردن و یارمەتیدان پێویستیانە. بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون و ئاستەنگە ئەمنییەکانەوە، دەستڕاگەیشتن بەو ناوچانەی کە پێویستییان بە یارمەتییە زۆر دژوارە.

هەوڵەکانی یەکێتی ئەفریقا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتەکانی ناوچەکە بۆ نێوەندگیریی هەتا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتووە. ئاگربەستە کاتییەکان بەردەوام پێشێل دەکرێت. لێشاوی پەنابەران گوشارێکی یەکجار زۆری خستۆتە سەر ئەو وڵاتە دراوسێیانەی کە هەر ئێستاش لەگەڵ ئاستەنگی ئابووری و ئەمنییەتی جیددی بەرەوڕوون. داڕمانی حکوومەتی ناوەندی، ڕێگای بۆ پەرەسەندنی گرووپە تیرۆریستیی و تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان خۆش کردووە. ئابووری سودان کە پێشتر زۆر لاواز بوو، بە تەواویی داڕماوە. هەڵاوسان و بێکاری و هەژاریی ئێجگار پەرەی سەندووە. قەیرانی سودان کارەساتێکی بەرینی مرۆییە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ دیکتاتۆرییەت و دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە سەربازییەکاندا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا نەیتوانیوە ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە. ملیۆنان کەسی بێتاوان لەپێش چاوی ڕای گشتی جیهان لەگەڵ برسێتی و نەخۆشی و توندوتیژی بەرەوڕوون. چارەسەری ئەم قەیرانە نەک لە سەرکەوتنی سەربازیی یەکێک لە لایەنەکان، بەڵکوو لە گوشار خستنە سەر پشتیوانانی دەرەکی هەردوو لایەنی ئەو شەڕە و پاڵپشتییەکی جیددی دایە لە خەڵکی سودان بە مەبەستی ڕزگاربوونیان لەو دۆزەخە. مێژوو ئەم کارەساتە وەک یەکێک لە شکستە گەورەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەکدا تۆمار دەکات، مەگەر ئەوەی کە ڕێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە مرۆییە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net