ئازادییە کۆمەڵایەتییە کۆنترۆڵکراوەکان، سەرکوتی ڕێکخراو، ستراتێژی نوێی کۆماری ئیسلامی

لە شەقامەکانی تاران مۆسیقای زیندوو و  ڕاستەوخۆ دەبیسترێت، ژنان لە زۆرێک لە شوێنەکانی شار حیجابی ئیجباری تووڕ هەڵدەدەن، لاوان لەناو باڕ و شوێنە گشتییەکان سەما دەکەن و ژنانیش هەندێک کات ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو یاریگاکانەوە. ئەم وێنایە، بۆ هەر چاودێرێکی کۆمەڵایەتی، نیشانەی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە ئاستی چاوپۆشی و تەحەمولی دەوڵەت سەبارەت بە شێوازەکانی ژیان. ئاڵوگۆڕێکی کە بە تایبەت بە بەراورد لەگەڵ ساڵەکانی دەیەی یەکەمی دوای ساڵی ١٣٥٧ وەک ڕووداوێکی ناوازە و دەگمەن دێتە بەرچاو. بەڵام کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەم پاشەکشە سنووردارانە، سیاسەتی پێشگرتن لە هەر چەشنە خۆڕێکخستنێکی مەدەنی و سەرکوتی هەڵسووڕاوانی سیاسی و ڕێبەرانی ناسراو و خۆشناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی چڕتر کردووەتەوە. بە جۆرێک کە ئەمساڵ شەپۆلی لەسێدارەدان، هەر لە زیندانیانی دادگا ئاساییەکانەوە بگرە تا زیندانیانی سیاسیی، لە ئاستێکی زۆر سامناکدا بەردەوام بووە. ئەم دوو ڕەوتە سەرەڕای ڕواڵەتی دژ بەیەکیان، دوو دیوی یەک دراون. واتا پاراستنی ئەو دۆخەی ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە حکوومەت لە گێژاوی زنجیرەیەک قەیران و شکستی یەک لەدوای یەک و چارەهەڵنەگر لە سیاسەتی دەرەوەی سنوورەکاندا گرفتار بووە. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ وەک چاودێرێکی کە لە دوورەوە ڕەوتی ڕووداوەکان دەبینێت، لە ژمارەی ڕۆژی ٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٥دا بە ڕوونی وەسفی ئەم سیاسەتە دەکات و دەنووسێت:

حکوومەت بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر چەشنە کردەیەکی بەکۆمەڵ و ئاخێزێکی جەماوەریی، گەیشتووەتە ئەو ئاکامەی کە ناتوانێت هاوکات لە هەر چوارگۆشەی وڵات بچێتە شەڕی جەماوەر، هەربۆیە لە بوارەکانی وەک حیجاب و شێوازەکانی ژیاندا پاشەکشە دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە ئەگەری تەقینەوەیەی کۆمەڵایەتی، بەڵام ڕێک لەو شوێنانەی کە ئەگەری خۆڕێکخستن و بوونی ناڕەزایەتییە پرشوبڵاوەکان بە هێزێکی بەکۆمەڵ و جەماوەریی هەیە، سەرکەت و توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی ئاشکراتر و بێبەزەییانەتر بەرەوپێش دەبات. بەڵام بۆ ئەوانەی کە لەنێو جەرگەی ئەم کۆمەڵگایەدا لەپێناو دنیایەکی باشتردا خەبات دەکەن، لە ئاوا هەلومەرجێکدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم هێزە جەماوەرییەی کە دەسەڵاتی لە بوارەکانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا ناچار بە پاشەکشە کردووە، بکرێت بە ئامرازێک بۆ پووچەڵکردنەوەی دام و دەزگای سەرکوت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نەک لە چاوەڕوانی و دڵخۆشکردن بە کراونەوەیەک لە سەرەوە، بەڵکوو لە ڕێکخستن لە خوارەوە و لێک هەڵپێکرانی خەبات لەپێناو ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ خەبات لە دژی هەژاری، نایەکسانی و ستەم و سەرەڕۆییدایە.

سەرەتا پێویستە بەڕوونی بڵێین کە، ئەوەی ئەمڕۆ وەکئازادییە کۆمەڵایەتییەکانبەرچاو دەکەوێت، دیاریی دەستی حکوومەت نییە. بەڵکوو ئەم پاشەکشانە بەرهەمی ڕاستەوخۆی خەبات و تێکۆشانی درێژماوە و بێوچانی جەماوەرەی خەڵکە، لەوانە خۆڕاگریی ژنان لە بەرامبەر حیجابی ناچاریی، خەبات و خۆڕاگریی توێژی لاو لە بەرامبەر کۆنترۆڵ و بەرتەسککردنەوەی شادی و خۆشی و هەروەها ئەو هەزینەیەی کە لە شەقام و ناو سیاچاڵەکانی ڕێژیمدا درا. ئەگەر ئەمڕۆ بەشێک لە کۆمەڵگا دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاشکراتر پێبکەنێت، سەما بکات یان جلوبەرگی ناچاری تووڕ هەڵبدات، ئەم دەستکەوتە لە ئاکامی نەبەردێکی نابەرابەر و بێوچاندا بەدەست هاتووە. بەڵام ڕێک لەبەر ئەوەی ئەم دەستکەوتە لە خوارەوە سەپێنراوە، حکوومەت هەوڵدەدات وەک ئامرازێک لەپێناو دابینکردنی ئەمنییەتی خۆیدا کەڵکی لێوەربگرێت. واتە هەندێک پاشەکشەی لە بواری شێوازەکانی ژیاندا، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە پێکهاتنی ڕێکخراو، کۆڕوکۆمەڵ و شۆڕا، سەندیکا و ئەنجومەنی سەربەخۆ و هەر شتێکی دیکەی کە بتوانێت ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی تاک و ڕەمزییەوە بگۆڕێت بۆ ئاستێکى بەکۆمەڵ و سیاسی. لێرەدایە کە جیاوازی نێوان ئازادی کۆمەڵایەتی کۆنترۆڵکراو و ئازادی سیاسی ڕێکخراو دەردەکەوێت. یەکەمیان لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت تەحەمول بکرێت، بەڵام دووەمیان هەر کە سەری هەڵدا، سەرکوت دەکرێت.

ئەمە شێوازێکە لە سیاسەتی کلاسیکی بۆرژوازی و دەسەڵاتێکی ستەمکار و سەرەڕۆ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی کۆنترۆڵکراو. ڕێژیم لەو بوارانەدا کە مەترسی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بۆ سەر دەسەڵات و مانەوەی دروست ناکەن، ڕێگە بە خەڵک دەدات هەناسەیەک بکێشن، بەڵام هەر کە ئەو هەناسەدانە ویستی ببێتە هۆی یەگرتوویی و هاوپشتی، بەخێرایی سەرکوت و زەبر و زەنگ دەست پێدەکات. یەکێک لە ئامرازەکانی ڕێژیم بریتییە لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان. ڕێژیم هەوڵدەدات بە بەڕێوەبردنی هاوکاتی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ ئێعدامی زیندانیانی دادگا ئاساییەکان، سیمای سیاسیی ئەو جینایەتە بشارێتەوە. وەک ئەوەی کە هەموو شتێک بەپێی ڕێکاری یاسایی و دادوەری بەڕێوە دەچێت. بەڵام ڕێکاری دادوەری لە سیستەمێکدا کە مافی بەرگریکردن، دادگای سەربەخۆ و میدیای ئازاد بوونی نییە، ڕێکاری دادوەری ناوێکی ترە بۆ هەمان سەرکوت. بۆ نموونە پڕوپاگەندەی فەرمی دەڵێ ئەگەر لەسێدارەدان نەبێت تاوان پەرە دەستێنێ و ئەمنییەت لەناو دەچێت. ئەم ئیدیعایە هەم لە ڕووی ئەزموونییەوە و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بێ بنەمایە. لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە، نیشان دەدات کە پەیوەندییەکی سادە و ڕاستەوخۆ لە نێوانئیعداموکەمبوونەوەی تاواندا بوونی نییە. بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکی ڕوونتر هەیە و ئەویش ئەوەیە کە تا هەژاری، بێکاری، پەراوێزنشینی و بێ ئاسۆیی و کەلێنە چینایەتییەکان قووڵتر بێت، بوار بۆ تاوان و توندوتیژی کۆمەڵایەتی زیاتر دەڕەخسێت. لە سێدارەدان هۆکارەکان لەناو نابات، تەنها دەبێتە هۆی لەناوچوونی قوربانییەکان و زۆربەی قوربانییەکانیش سەر بە چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگان.

واقیعییەت ئەوەیە کە توندتر کردنەوەی سەرکوت نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی لاوازی و ترسە. حکوومەت دەزانێت ئەو هەژاری و نەهامەتییەی بەسەر زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگادا سەپێنراوە، دەرئەنجامێکی جگە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی نابێت. دەزانێت کە شەپۆلی مانگرتنە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتی موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، ژنان و خوێندکاران، سەرەڕای ئەو پرشوبڵاوی و سەرکوتانەش، بەڵام توانای یەکگرتن و لێک هەڵپێکرانیان هەیە. هەربۆیە سیاسەتە سەرەکییەکەی بریتییە لە پێشگیریکردن، واتە ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییە لۆکاڵیەکان بۆئەوەی کە پەرە نەستێنن بۆ تۆڕ و ڕایەڵە جەماوەری و سەرتاسەرییەکان و ڕێک لێرەدایە کە پاشەکشە فەرهەنگییەکان مانای واقیعی دەبەخشن. ڕژیم لەوە دەترسێت کە جێبەجێکردنی تەواوی حیجابی ناچاری یان کۆنترۆڵکردنی ئاشکرای شێوازەکانی ژیان، سەرلەنوێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادی. بەڵام ئەگەر پاشەکشە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی خەبات و تێکۆشان بووە، بەردەوامبوون و چەسپاندنی و لەوەش گرنگتر پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتی سیاسیش، تەنیا بە گۆڕینی هێزی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی ڕێکخراو مومکین دەبێت.

نابێت ڕێگە بدرێت حکوومەت خەباتی ژنان بۆ مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ و شێوازی ژیان، لە خەباتی کرێکاران لەپێناو حەقدەست و ئەمنییەتی پیشەیی جیا بکاتەوە. ئەم لێک جیاکردنەوەیە ڕێک ئەو شتەیە کە دەسەڵات دەیەوێت. ڕەمزی پووچەڵکردنەوەی سەرکوتەکان بریتییە لە پەرەسەندنی هاوپشتییەکی ڕێکخراو. ڕێکخستن لە ناوەندەکانی کار، لە شوێنی ژیان، لەناو زانکۆکان و ناو گرووپە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و هەروەها بەرگریکارانی ژینگە و هتدپێویستە میکانیزم گەلێک پێک بێت کە بتوانێت هاوکات کردە وچالاکیی بەکۆمەڵ لە دژی گرتن و دەرکردن و پەروەندەسازیی ڕێکبخات. ڕەنگە سەرکوت لە هەندێک قۆناغدا بتوانێت پاشەکشەی کاتی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت، بەڵام ئەم پاشەکشەیە نەک هەر زەمینە بابەتییەکانی نەفرەت و توڕەیی لەناو نابات، بەڵکوو پتر پەرەیان پێدەدات. کۆمەڵگایەکی کە هاوکات لەگەڵ هەژاری و بێ مافی و سووکایەتی پێکران، شاهیدی پەتی سێدارە و زیندان و لەناوبردنی هەڵسووڕاوانە، درەنگ یان زوو دەگەڕێتەوە ناو مەیدان. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم گەڕانەوەیە بەشێوەی پرشوبڵاو و ناڕێکخراو دەبێت یان بە شێوەیەکی یەکگرتووانە و ڕێکخراو؟ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net