
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان بە بۆنەی رۆژی کۆمەڵەوە ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بە بەشداری کۆمەڵێکی زۆر لە دۆستان، لایەنگران و کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە مەقەڕی ناوەندی کۆمەڵە لە زڕگوێز بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە خوێندنەوەی سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار لەلایەن کۆری سرودی کۆمەڵەوە و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردوانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها گیانبەختکردوانی ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ دەستی پێکرد. پاشان هاوڕێ ئەدیب وەتەندووست ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەم بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد. ڕێوڕەسمەکە پاش وتارەکەی هاوڕێ ئەدیب، بە خوێندنەوەی چەند تراکت و پەخشانە شێعر و هەروەها پێشکەش کردنی چەند سروود و گۆرانی لەلایەن هاورێی هونەرمەند ئومید دەوڵەتییەوە، درێژەی پێدرا. شایانی باسە ڕێوڕەسمەکە دوای چەند کاتژمێرێک بە بڵاوکردنەوەی گوڵ و شیرینی لەناو بەشداربوواندا، کۆتایی پێهات.