شەڕێکی ڕوو لە کۆتایی، ڕێژیمێکی ڕوو لە لاوازبوون

شەڕێکی ڕوو لە کۆتایی، ڕێژیمێکی ڕوو لە لاوازبوون

بەدەر لە لێدوانە دژبەیەکەکانی دۆناڵد ترامپ، نکۆڵیکردنی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی و کەشوهەوای قورسی پڕوپاگەندەی شەڕ، کۆمەڵێک بەڵگەی بەرچاو نیشانی دەدەن کە ئەو شەڕەی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی تر، پۆتانسێلێکی ئەوتۆی نییە کە ببێتە شەڕێکی درێژخایەن و بەشێنەیی. وادیارە ئەم شەڕە گەیشتووەتە قۆناغێکی کە هەردوولا، سەرەڕای ئامانجە جیاوازەکانیان، لە سەروبەندی کۆتاییپێهێنانیدابن، کۆتاییەکی کە تێیدا هەرلایەک هەوڵ دەدات گێڕانەوە و پێناسەی خۆی بۆسەرکەوتنبەسەر ڕای گشتیدا بسەپێنێت.

لە ڕووی سەربازییەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاشکرا دەستپێشخەر و باڵادەستن. باڵادەستیی تەکنەلۆژی، هێزی هێرشبەر، توانای هەواڵگری و زەبر وەشاندن لە دوورەوە، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی ئەوان گۆڕیوە. لە ئاوا دۆخێکدا، ئەوان دەتوانن ئیدیعای ئەوە بکەن کە توانیویانە تێچوویەکی زۆر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی، توانای هێرشبەری خۆیان نیشان بدەن و لایەنی بەرامبەر ناچار بە پاشەکشە بکەن. لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیش ئەگەر بتوانێت لەم قۆناغە دەرباز بێت و پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، هەوڵ دەدات مانەوەی خۆی وەک نیشانەیەک بۆسەرکەوتنبناسێنێت. بۆ ڕێژیمێک کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ناوخۆیی و ناوچەیی بەرەوڕوو بووەتەوە، تەنها ئەوەی کە نەڕووخێت و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات، خۆی لەخۆیدا دەبێتە ئامرازێکی پڕوپاگەندەی گرنگ.

لە ئاستی دیپلۆماسیشدا نیشانەکانی ویستی کۆنترۆڵکردن و ڕاگرتنی شەڕ دەبینرێن. بەپێی ڕاپۆرتە بەردەستەکان، وڵاتەکانی وەک پاکستان، تورکیا و میسر پێشنیاریان کردووە کە دەتوانن لە پرۆسەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندا یارمەتیدەریان بن، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە ئایا نێوەندگیرێکی چالاک و پەسەندکراو لەلایەن هەردوولاوە توانیویەتی بچێتە ناو پرۆسەی کردەیی دانوستانەکانەوە یاخود نا.

ئەمریکاش هۆکارگەلێکی ڕوونی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە. ئەم هۆکارانە تەنها سەربازی یان سیاسی نین، بەڵکوو ڕەهەندە ئابوورییەکەی زۆر گرنگە. بەردەوامیی شەڕ دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری بازاڕی نەوت و وزە، دروستکردنی گوشاری نوێ بۆ سەر ئابووری جیهان و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێچوویەکی قورس بەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دەسەپێنێت. هەر بۆیە واشنگتۆن بەدوای ئەوەدایە کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی شکۆ و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی، ڕێگەیەکیش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بدۆزێتەوە، ڕێگەیەکی کە تێیدا نە وەک شکستخواردوو دەربکەوێت و نە لە زەلکاوی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەنیشدا نوقم بێت.

لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئیسلامیش بەباشی لە ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای و خاڵە لاوازەکانی خۆی تێگەیشتووە، ئەو ئاستەنگانەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاشکراتر دەبن. ئەم ڕێژیمە نە توانای ئابووری پێویستی هەیە بۆ خۆڕاگرییەکی درێژخایەن، نە یەکگرتوویی سیاسی پێویستی هەیە و نە لەوەش گرنگتر، خاوەنی پشتگیرییەکی بەرفراوانی جەماوەرییە. ئەگەر خەڵک لەم بارودۆخەدا نایەنە سەر شەقامەکان، ئەمە بە واتای پشتگیریکردن لە کۆماری ئیسلامی نییە. بەشێکی بەرینی کۆمەڵگە، هەم لە شەڕ بێزارن و هەم لە ڕێژیم. بێدەنگبوونی ناچاری یان پاسیڤ بوونی سەرچاوەگرتوو لە ترس، نابێت وەک مەشروعیەتی سیاسی حکوومەت هەژمار بکرێت. ئەم ڕاستییە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی سنوورداربوونی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم شەڕە.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لانیکەم سێ سیناریۆ بۆ قۆناغی داهاتوو چاوەڕوان دەکرێت:

سیناریۆییەکەم: کەسایەتی نوێ لە ناو ڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵگە بناسێنرێن کە زۆرترین پۆتانسێلی سازشکردن لەگەڵ ئەمریکایان هەبێت. دەزگای ڕێبەرایەتی نوێی کۆماری ئیسلامی، وەک لایەنی فەرمی دانوستانەکان بناسرێت و دەروازەیەک بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بکرێتەوە. مەرجی سەرکەوتنی ئەمە، بریتییە لە پێدانی ئیمتیازگەلێکی بەرچاو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئەمریکا.

سیناریۆیدووەم: ئەوەیە کە دەنگی چەکەکان بە کردەیی بێدەنگ بکرێت، بەبێ ئەوەی ئاگربەستێکی فەرمی و ڕوون ڕابگەیەنرێت یان ساتوسەودایەکی ڕوون و ئاشکرا ئەنجام درابێت. لە ئاوا دۆخێکدا، لەوانەیە بەشێکی گرنگی داواکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کردەوەدا هاتبێتە دی، بەڵام لایەنەکان لە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی، خۆیان بەدوور بگرن. ئەنجامەکە دەبێتە دۆخێکی هاوشێوەینە شەڕ، نە ئاشتی، دۆخێکی کە تێیدا بازاڕی نەوت، وزە و بورس، تا ڕادەیەک جێگیر دەبن و گرژییەکە لە ئاستێکی تەقینەوەوە بۆ ئاستێکی کۆنترۆڵکراو دەگۆڕدرێت.

سیناریۆیسێیەم: کە لەوانەیە چاوەڕوانکراوتر بێت، ئەوەیە کە دەرفەت بدرێتە کۆماری ئیسلامی تا پاشەکشەی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر و بەناو ئابڕوومەندانەدا بەرەوپێش ببات. لە بەرامبەردا هەندێک لە داواکارییەکانی ڕێژیم، لەوانە کەمکردنەوەی گوشاری ئابووری و ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، لە پرۆسەیەکی قۆناغبەندی و هەنگاو بە هەنگاودا جێبەجێ بکرێن.

بەڵام سەربەخۆ لەوەی کام یەک لەم سیناریۆیانە دێتە دی، خاڵێک ڕوون و ئاشکرایە: دوای دامرکانەوەی ئاگری چەکەکان، کۆماری ئیسلامی چیتر ئەو ڕێژیمەی پێش شەڕ نابێت. چ سیاسەتێکی توندڕەوانەتر بگرێتە بەر یان هەوڵ بدات بە ڕواڵەتێکی میانەڕەوتر قەیرانەکە بەڕێوە ببات، لە هەردوو حاڵەتدا ڕێژیمێک دەبێت کە لاوازترە لە ساڵی ڕابردوو و زۆر لاوازتریشە لە پێش ئەم شەڕەی ئێستا. ئەم لاوازییە تەنها سەربازی نییە، بەڵکوو لاوازییە لە مەشروعیەت، لە یەکگرتوویی، لە توانای کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و لە توانای سەپاندنی نەزم و یاسای پێشوو.

لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە ئێستا وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش ماونەتەوە، جارێکی تر هەلی سەرهەڵدانەوەیان بۆ دەڕەخسێتەوە. کۆمەڵگەیەکی کە لەژێر گوشاری شەڕ، قەیرانی ئابووری، سەرکوت و بێ ئاسۆیی سیاسییدایە، دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانی سەربازی، بە خێرایی بەرەو خستنەڕووی داواکارییە کەڵەکەبووەکانی خۆی هەنگاو دەنێت. ئەم بزووتنەوانە بەرەو ڕێکخراوبوون دەچن و مەیدان بۆ ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە خۆش دەبێت کە بتوانێت پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکات، پێگەی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنێت و خۆی وەک جێگرەوەیەکی جەماوەری ولە خوارەوە بۆ سەرەوەپێناسە بکات. جیاوازیی بارودۆخی نوێ لەگەڵ ڕابردوو ئەوەیە کە ئەمجارە، بەهۆی لاوازبوونی بەرچاوی کۆماری ئیسلامی، پرۆسەی شکڵگرتنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرەهەڵدانی ئاڵتەرناتیڤێکی جەماوەری، دەتوانێت زۆر خێراتر لە ڕابردوو بەرەوپێش بچێت.

ئەو شەڕەی ئێستا، بە ئەگەرێکی زۆر، لەم قۆناغەدا دەوەستێت. بەڵام کۆتایی شەڕ، بە واتای کۆتایی قەیرانەکان نابێت، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا. قۆناغێکی کە تێیدا لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئاشکراتر، کۆمەڵگە بێزارتر و ئەگەری گۆڕانکاری لە خوارەوە، لە هەموو کاتێک ڕاستەقینەتر دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net