
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاەکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران و خراپی دۆخی ژیانی خەڵک، بە دەیان هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراون.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، لە شارە جیاوازەکانی ئێران بە دەیان هاووڵاتی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل”، “کۆکردنەوەی زانیاری لە شوێنە هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامی”، ناردنی وێنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات” و هەروەها “پەیوەندی لەگەڵ گروپە دژبەرەکانی ڕژیم”، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و هێشتا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. لە هەمان کاتدا وێنەی دانپێدانانی زۆرەملێ کۆمەڵێکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان لە میدیاکانی سەر بە حکومەت بڵاو کراوەتەوە کە بە تەواوی بە پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤە. جێگای ئاماژەیە کە دۆخی یاسایی و ڕەوەندی دۆسیەکانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژانی ڕابردوو هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە و تەنانەت لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە وڵامێکی ڕوون ئاراستەی بنەماڵەکانیان نەکراوە.