
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە محەمەدرەزا ئەشرەفی یەکێک لە فەرماندە پلە بەرزەکانی «ستادی نەوت»ی پەیوەندیدار بە سپای پاسداران، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە ڕۆژی هەینی لە ناوچەی تاران کوژراوە.
بەپێی بەیاننامەی سپای ئیسرائیل، ئەشرفی خانی بەرپرسی بەشی بازرگانی ئەم ستادە بووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕێکخستنی فرۆشتنی نەوت و گواستنەوەی داهاتەکان بۆ چالاکییەکانی سپا. لەو بەیاننامەدا هاتووە کە «ستادی نەوت» بە شێوەیەکی سیستەماتیک داهاتی نەوت بەکاردهێنێت بۆ پشتگیری دارایی هێزەکانی سپای پاسداران و هاوپەیمانەکانیان، لەوانە حزبوالله و هێزەکانی ئەنصارولله لە یەمەن. سپای ئیسرائیل کوژرانی ئەو کەسەی بە «زەبرێکی کاریگەر لە ئابووری و دارایی سیستەمی سەربازی و ئاسایشی ئێران» ناو بردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن. تا ئێستا، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە.