
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوی «عەلی ئەسکەندەری» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو بە شێوازێکی توندووتیژانە و بەبێ نیشاندانی حوکمی یاسایی و دادوەری لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکراوە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی، لەوانە مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گرتووە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەسکەندەری، بەرپرسان لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بەو لایەنەی کە دەستبەسەری کردووە و شوێنی ڕاگرتنی خۆ دەپارێزن. شایانی باسە دوای تێپەڕبوونی ٢ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی دا، ناوبراو هێشتا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و تەنانەت پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بێبەش کراوە. ئەم دۆخە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی گوشاری دەروونی و جەستەیی بەسەر ئەم هاووڵاتییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ زیاتر کردووە. جێگەی ئاماژەیە کە ئەم جۆرە دەستبەسەرکردنانە لە ناوچە کوردنشینەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ڕەوتێکی ڕوو لە زیادبوون هەبووە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، تۆمەتگەلێکی وەک هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی یان «هاوکاری لەگەڵ حیزبە نەیارەکان» بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی یاسایی، ڕووبەڕووی دەستبەسەرکراوان دەکرێتەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشدارییان داوە سەبارەت بە ڕەوتی دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، ڕەچاونەکردنی مافی هاووڵاتیبوونی بەندکراوان و بێبەشکردنیان لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکراندا.