دەرمان، شەڕ و بێباکی بەرامبەر بە ژیانی مرۆڤەکان

قەیرانی دەرمان لە ئێران، نیشانەیەکە لەو نەزمەی کە ژیان و تەندروستیی مرۆڤەکانی بە بارمتە گرتووە. لەژێر سێبەری شەڕێکدا کە داروپەردووەکەی بەسەر خەڵکی بێبەشی ئێراندا دەڕوخێت، بازاڕی دەرمان ڕووبەڕووی سێ قەیرانی هاوكات بووەتەوە: هەڵکشانی سەرسوڕهێنەری نرخەکان، کەمبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان و بێتوانایی بیمەکان لە دابینکردنی تێچووی درمان. ئەم سێ قەیرانە بە هەرکامیان بە تەنیاش کارەساتبارن، بەڵام هاوکات لەگەڵ یەکتر، وێنەی کۆمەڵگەیەک یان سیستمێکی سیاسی پێکدەهێنن کە لە پێناو مانەوەی خۆیدا ئامادەیە ژیانی دانیشتوانی وڵات بکاتە قوربانی.

ئامارە فەرمییەکانی خۆی باشترین بەڵگەن بۆ ئەم ئیدیعایە. ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵەوە نرخی زیاتر لە هەزار جۆر دەرمان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوو و تێکڕای زیادبوونەکە نزیکەی ٤٨ له‌سه‌د بووە. بەڵام ئاستی ڕاستەقینەی کارەساتەکە لە دەرمانی نەخۆشە تایبەتەکاندا دەردەکەوێت، لەو شوێنەی کە هەندێک لە دەرمانە زۆر پێویست و سەرەکییەکان بۆ چاندنی گورچیلە، چاندنی مۆخی ئێسک یان چارەسەری شێرپەنجە، لە نێوان ۱۰ تا ۲۰ بەرامبەر گرانتر بوون. ئەم زیادبوونە، ئاکامی ڕاستەوخۆی گۆڕانی سیاسەتی دراوی دەوڵەتە، بەبێ ئەوەی کەسێک بیر لە دەرئەنجامەکانی لەسەر جەستەی ئازارچێشتووی نەخۆشەکان بکاتەوە.

ئەم شەڕەی دوایی و لێکەوتەکانی، ئەم قەیرانەی بە شێوازێکی مەترسیدار تووندتر کردووەتەوە. دەیان کۆمپانیای دەرمانسازی و ئامێری پزیشکی و نزیکەی پەنجا دەرمانخانە لە خولی پێشووی شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە. بەربەستەکانی گواستنەوە، دژواریی گواستنەوەی دراو و خۆبورادنی بانکەکان و کۆمپانیا بیانییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، تەنانەت سەبارەت بەو کاڵایانەش کە بە فەرمی گەمارۆکان نایانگرێتەوە، ڕێڕەوی دابینکردنی دەرمانی بەرتەسکتر کردووەتەوە. نموونەی تاڵی ئەم دۆخە دەکرێت لە چارەنووسی نەخۆشانی هیمۆفیلیی خوزستاندا ببێنرێت: نزیکەی هەشت سەد نەخۆشی تووشبوو بە تێکچوونی مەینی خوێن، مانگەکانە دەرمانی پێویستیان پێنەگەیشتووە، بەجۆرێک کە بنکە تەندروستییەکان ناچار بوون بگەڕێنەوە بۆ شێوازەکانی چارەسەری چوار دەیە پێشتر و تەنانەت یارمەتییەکی کە لەلایەن فیدراسیۆنی جیهانیی هیمۆفیلیشەوە نێردرابوو نەگەیشتووەتە دەستی نەخۆشەکان. لێرەدا ئیتر قسە لە ئابووری و گەمارۆکان نییە، قسە لە ژیانی مرۆڤەکانە کە لە هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتیی حکومەتدا، هیچ قورساییەکی نییە.

خاڵی جێگەی سەرنج، ڕەفتاری خۆدی ناوەندە و دامەزراوە بەرپرسەکانە. لە کاتێکدا بنکەی کاروباری نەخۆشییە تایبەتەکان سەبارەت بە زیادبوونی دە تا بیست بەرامبەری نرخی دەرمانە سەرەکییەکان هۆشداری داوە، سەرۆکی ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک هەوڵ دەدات بە چەواشەکردنی پرسیکەمبوونی دەرمان، قووڵایی کارەساتەکە بچووک نیشان بدات. ئەم ڕێکخراوە دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە ئەو نەخۆشخانەی قەرزارن، تەنانەت ئەگەر دەرمانیش لە تۆڕی دابەشکردندا هەبێت، توانای کڕینیان نییە.

قەیرانی بیمە، ئەڵقەیەکی دیکەیە لە هەمان زنجیرەی ستەم. بەپێی خەمڵاندنی سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمان، پشکی پێدانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە تێچووەکانی تەندروستی لە نێوان ۵۵ تا ۷۰ له‌سه‌ددایە، ژمارەیەکی کە بە ڕوونی نیشانی دەدات بارگرانیی سەرەکیی تێچووی چارەسەر لەسەر شانی چینی دەستەنگ و کرێکارانە، نەک لەسەر شانی دەوڵەتێکی کە سەرمایەکانی ئەم کۆمەڵگایە و بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە تاڵان دەبات. نەخۆشە تایبەتەکان لە زۆربەی پارێزگاکان ناچارن تەواوی تێچووی دەرمان بەشێوەی نەخد بدەن و دواتر ماوەیەکی زۆر دەبێت چاوەڕوان بن تا پشکی بیمەکەیان بۆ دەگەڕێننەوە، پڕۆسەیەکی کە بەکردەوە دەرمانی کردووە بە ئیمتیازێکی چینایەتی: هەرکەس پارەی هەیە، چارەسەر دەبێت، هەرکەس نییەتی، دەبێت ئازار بچێژێت یان بمرێت.

وابەستەیی ئەم قەیرانانە بە سیاستە گشتییەکانی حکومەتەوە، بەڕێکەوت نییە. نزیکەی ۷۰ له‌سه‌دی نرخی تەواوبووی دەرمان لە هەڵاوسانی گشتی و نرخی دراوی ئازادەوە کاریگەری وەردەگرێت، هەڵاوسانێکی کە خۆی بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاستە ئابوورییەکان، نیزامیگەری ناوچەیی و سووربوونی دەسەڵاتە لەسەر بەردەوامبوونی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کە تێچووەکەی چینی کرێکار و توێژە هەژارەکان دەیدەن. شەڕ، گەمارۆ و خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری، ئامرازێکن لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا.

ئەوەی لە پشت ئەم ژمارە و ڕاپۆرتانەوە دەردەکەوێت، شکڵگرتنی قەیرانێکە کە ڕاستەوخۆ ژیان و تەندروستیی خەڵکی ئەم کۆمەڵگەیەی کردووەتە ئامانج. نەخۆشێک کە دەرمانەکەی لە بازاڕدا هەیە بەڵام توانای کڕینی نییە، بیمەیەکی کە تەنیا لەسەر کاغەز بوونی هەیە، نەخۆشخانەیەکی کە دەرمانی هەیە بەڵام بەهۆی قەرزەوە ناتوانێت بیخاتە بەردەست نەخۆشەکان، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم قەیرانە دەردەخەن. کار گەیشتووەتە جێگایەک کە لە زۆرجار لە نەخۆشخانەکان هەندێک جۆری دەرمان بە ئارەزووی خۆیان لە ڕەچەتەی نەخۆش دەسڕنەوە یان دۆزەکەی کەمدەکەنەوە.

لە کۆتاییدا، ئەوەی کە قەیرانی دەرمان لە ئێران ئاشکرا دەکات، ئەولەوییەتە ڕاستەقینەکانی سیستەمێکە کە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی خۆیدا، ئامادەیە هەر تێچوویەک بخاتە سەر شانی کرێکاران، نەخۆشەکان و چین و توێژە کەمدرامەتەکان، سیستەمێکی کە تەنانەت دەرمانی سەرەکی منداڵێکی نەخۆش یان زەحمەتکێشێکی تووشبوو بە شەکرەش دەکاتە قوربانیی ئەولەوییەتی کۆنەپەرستانەی خۆی. تا ئەو کاتەی ئەم ئەولەوییەتە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت، ڕێژەی ئەو مەرگ و نەخۆشیانەی کە دەکرێ پێشگیرییان لێ بکرێت تادێت زیاتر دەبێت.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net