
لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا و ئاڵمان بە شێوەیەکی کتوپڕ سەدان هێزی سەربازی و بەشێکی زۆر لە سیستەمە سەرەکییەکانی بەرگریی ئاسمانییان لە بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ڕەوتی ئەم کشانەوەیەدا ئەمریکا هەشت سیستەمی مووشەکیی پاتریۆتی بۆ وڵاتی ئۆردون و بریتانیاش سیستەمی بەرگریی “ڕاپید سێنتری” بۆ قبرس گواستووەتەوە و تەواوی هێزەکانی خۆی لە هەولێر بردووەتە دەرەوە. هەروەها، ئەمریکا باڵۆنەکانی چاودێریی بەرزی و باڵۆنە بەستراوەکانی سەر زەوی کە بۆ چاودێریی جموجۆڵە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی هەولێر جێگیر کرابوون، بە تەواوی کۆ کردووەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشوەختە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەبوون و چالاکییەکانی ناو بنکەکە لە لایەن هاوپەیمانانەوە لێیان شاراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم سیستەمانە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکیی میلیشیاکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵ کردووەتەوە کە نزیک بە ٧٥ لەسەدیان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە تێکشکێندراون. لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم گواستنەوەیە بەشێکە لە ڕەوتی ئاسایی ئەرکە سەربازییەکان، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی وردەکاریی زیاتری ئاشکرا نەکردووە.