
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، شەش هاووڵاتیی کورد خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە شارستانی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی قەزایی، بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و پاش دەستبەسەرکرانیان، بۆ شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراون. ناسنامەی ئەم شەش دەستبەسەرکراوە بریتین لە “زانیار ئەسەوار“، “ئاریا مەعرووفی“، “پشتیوان تاتار“، “سامان خوسرەوی“، “هاوڕێ پەروانە” و “سارۆ ڕەوشەنی” کە سەرجەمیان دانیشتووی گوندی نێی مەریوانن. شایانی باسە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسانە بەتەواوی نادیارە و وەڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەکان نیگەرانییەکانی بنەماڵەکانیانی زۆرتر کردووەتەوە.