
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە بەردەوامیی شەپۆلی ڕەشبگیریی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، دوو هاووڵاتی لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد دەستبەسەر کران. ئەم دوو هاووڵاتییە کە لە دوو ڕێکەوتی جیادا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان بەتەواوی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەک بە ناوی “حسێن یووسفی” بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی “میراوا“ی سەر بە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە سەرکوتگەرەکان بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی قەزایی چوونەتە نێو ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پاش ڕفاندنی، لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەشیان کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، ئەندازیارێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە ناوی “محەممەد وەتمانی“، دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش کۆتایی هاتنی کاروباری ئیداری لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەداری مەهاباد، کاتی هاتنەدەرەوەی لە بیناکە کەوتووەتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکان. شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە و وەڵامنەدانەوەی ناوەندە ئەمنییەکان نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی زۆرتر کردووە.