چینایەتیبوونی پەروەردە لە ئێران

پەروەردەی گشتی لە ئێران لەسەر ئەو بەڵێنە دامەزرا بوو کە منداڵان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی چین و توێژی کۆمەڵایەتی یان ناوچەی جوگرافییان، لە دەرفەتێکی یەکسان بۆ فێربوون بەهرەمەند بن. ئەمڕۆ ئەم پایەیە بە ئاشکرا درزی بردووە. ئەوەی لەو چەند ساڵەی دواییدا ڕووی داوە، دابەزینی بەشێنەیی کوالیتی نییە، بەڵکوو شکڵگرتنی دوو سیستمی پەروەردەیی هاو تەریبە: سیستمێک بۆ ئەوانەی توانای داراییی کڕینی پەروەردەیان هەیە، و سیستمێک لە لێواری داڕماندا بۆ زۆرینەیەکی کە لە توانایەکی ئەوتۆ بەهرەمەند نین.

شاید دیارترین نیشانەی ئەم کەڵێنە، بریتی بێت لە ئەنجامی کۆنکورەکانی ساڵانی ۱۴۰۳ و ۱۴۰۴. لە نێوان ۴۰ ڕوتبەی بانتر لە سێ ڕشتە سەرەکییەکەی کۆنکوردا، تەنانەت یەک کەسیش لە قوتابخانە ئاساییە دەوڵەتییەکان نەبوون. نزیک بە تەواوی ڕوتبە باڵاکان لە نێوان خوێندکارانی قوتابخانە تایبەتەکانەوە هاتبوون. قوتابخانە تایبەتەکان، نموونە دەوڵەتییەکان و سەمپاد واتە هەمان ئەو قوتابخانانەی کە ئیمکاناتی پەروەردەیی زیاتر، موعەلیمی پسپۆڕتر، پۆلی کەمجەماوەرتر و بەرنامەی بەهێزکردنی بەرفراوانتریان لە بەردەستدایە.

ئەم ئامارە دەبێت لە پاڵ ئامارێکی دیکەدا بخوێندرێتەوە: مامناوەندی تێکڕای نمرەی کۆتاییی خوێندکارانی پۆلی دوانزەهەم لە قوتابخانە ئاساییە دەوڵەتییەکان لە ساڵی ۱۴۰۳دا تەنیا ۸.۹۶ بووە، لە حاڵێکدا کە هەمان پێوەر لە قوتابخانەکانی سەمپاددا گەیشتووەتە ۱۶.۱۴. جیاوازیی نزیکەی دوو هێندەیی لە نێوان ئەم دوو ژمارەیەدا، وێنەیەکی چڕکراوەی سیستمێکە کە ساڵانە بەشێکی زۆرتر لە خوێندکارەکانی لە کێبڕکێیەکی کە بڕیار بوو “یەکسان” بێت، وەلا دەنێت.

بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکانی چینی مامناوەند، قوتابخانەی تایبەت ئیتر بژاردەیەک نییە، بەڵکوو ناچارییە. ئەو بنەماڵانەی ساڵانێک منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا ناونووس دەکرد، ئێستا بەرەوڕووی دابەزینی بەرچاوی کوالیتیی وانەوتنەوە، پۆلی قەرەباڵغ، داخرانی بەردەوامی پۆلەکان بەهۆی نەبوونی موعەلیمی پسپۆڕ، و کەمتەرخەمی دامەزراوەیی بەرامبەر بە چارەنووسی خوێندنی منداڵەکەیان بوونەتەوە. ئاکامەکەی ئەوەیە کە هەمان ئەم بنەماڵانە بە تەحەمولی تێچووی قورس، منداڵەکانیان تەنیا بۆ گەیشتن بە لانیکەمی ئاستی پەروەردەی چاوەڕوانکراو، دەنێرنە قوتابخانە تایبەتەکان.

ئەم تێچووانە کەم نین. شەهریەی قوتابخانە تایبەتەکان لەم ساڵانەی دواییدا بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە و بنەماڵەکان ناچارن هەندێک جار تەنیا بۆ سێ ساڵی کۆتاییی ئامادەیی دەیان ملیۆن تمەن بدەن. بەم شێوەیە، شتێکی کە بەپێی یاسا دەبێت بێبەرامبەر بێت، بە کردەوە بووەتە کاڵایەک کە تەنیا بە پارە دەستدەکەوێت، کاڵایەکی کە نرخەکەی هاوکات لەگەڵ هەڵاوسانی قورسی بژێویدا، گوشارێکی دوو هێندە دەخاتە سەر بنەماڵە کرێکارییەکان و چینی مامناوەند بەرەو توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە دەبات.

لە لایەکی دیکەی ئەم کەڵێنەدا، قوتابخانە دەوڵەتییەکان لەگەڵ قەیرانێکی پێکهاتەییدا دەستو‌پەنجە نەرم دەکەن. ڕۆڵی بەڕێوەبەری قوتابخانە، لە “بەرپرسی پەروەردە“وە بووە بە “دابینکەری پارە و ئیمکانات“. زۆرێک لەم قوتابخانانە لە بینا کۆن و نەگونجاودا جێگیر کراون، و بودجەی دەوڵەتی تەنانەت تێچووە بنەڕەتییەکان دابین ناکات. بەڕێوەبەرەکان ناچارن بۆ نۆژەنکردنەوەی بینا، کڕینی پێداویستی، دابینکردنی کەرەستەی پەروەردەیی و تەنانەت پێدانی حەقدەستی خزمەتکاری قوتابخانە، پووڵ لە دایکوباوکەکان وەربگرن، واتە بارگرانییەکی دارایی کە لەبنەڕەتدا دەبێت لەسەر شانی دەوڵەت بێت، بە شێوەیەکی ناڕەسمی دەگوازرێتەوە بۆ سەر شانی بنەماڵەکان، بێئەوەی ئەم بنەماڵانە لە شایستەکانی قوتابخانەی تایبەت بەهرەمەند بن.

پۆلە پڕ لە خوێندکار و قەرەباڵغەکان یەکێکە لە بەرچاوترین نیشانەکانی ئەم قەیرانە. لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی شاردا، قەرەباڵغیی پۆلەکان دەگاتە ۳۵ تا ۴۵ خوێندکار و زیاتر لە ۶۰٪ی پۆلەکان لە ناوچە پڕ حەشیمەتەکان زیاتر لە ۳۰ خوێندکاریان تێدایە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان لە هەندێک ناوچە ڕێژەی خوێندکار بە موعەلیم “۵۷ بە ۱“ە. لەو کلاسانەدا نە هەواگۆڕکێی گونجاو هەیە، نە موعەلیم دەرفەتی تەرکیزکردنەسەر تاک بە تاکی خوێندکارانی هەیە، و نە هیچ دەرفەتێک بۆ فێربوونی قووڵ دەمێنێتەوە. کەمیی موعەلیمی وەرزش، تەندروستی و ڕاوێژکاری خوێندنیش بەم لیستە زیاد بووە، ڕێک لە هەلومەرجێکدا کە زیانە کۆمەڵایەتی و گوشارە دەروونییەکان لەسەر خوێندکاران ڕوو لە زیادبووندایە.

ئەگەر لە قوتابخانەی شارە گەورەکان قسە لەسەر دابەزینی کوالیتییە، لە ناوچە بێبەشترەکانی وڵات قەیرانەکە لە سنووری کوالیتی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە نەبوونی بنەڕەتیی پەروەردە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە هەندێک قوتابخانە بەشێک لە وانەکان لە تەواوی ساڵێکی خوێندندا بێ موعەلیم ماوەتەوە.

ئاکامی ئاوا بارودۆخێک، بریتی بووە لە وازهێنانی هەرچی زیاتر لە خوێندن و چوونی پێشوەختەی منداڵان بۆ ناو بازاڕەکانی کار، بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان. خودی قوتابخانە، یان نەبوونی کارکردی ڕاستەقینەی، بووەتە بەشێک لەو ڕەوتەی کە ئەوان بەرەو دوورکەوتنەوە لە پەروەردە و چوونی پێشوەختە بۆ ناو بازاڕی کار ئاراستە دەکات، زیانێکی کە کاریگەرییەکەی دەتوانێت بۆ ساڵانێکی زۆر لەسەر ژیانی ئەم منداڵانە بمێنێتەوە.

لە پشت هەموو ئەم نیشانانەوە، هۆکارێکی یەکلاکەرەوە بوونی هەیە: بودجە. پشکی پەروەردە و ڕاهێنان لە بودجەی گشتیی وڵاتدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بەبەردەوامی کەمی کردووە و لە ژمارەکانی سەرووتر لە ۱۵ لەسەدەوە گەیشتووەتە ژێر ۱٠ لەسەد. ئەم کەمبوونەوەیەی بودجە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ قوتابخانەکان، و لەوێشەوە بۆ بنەماڵەکان گوازراوەتەوە، هەمان ئەو بنەماڵانەی کە هم دەبێت تێچووی ڕۆژانەی ژیان لە بارودۆخی هەڵاوسانی قورسدا دابین بکەن و هم بۆ شتێکی کە بەپێی یاسا دەبێت بێبەرامبەر بێت، هەزینەی زیاتر بدەن. لەم مۆدێلەدا دەوڵەت بەرەبەرە لە خۆی لە بەرپەرسیارێتیی دابینکردنی کاڵایەکی گشتی دەدزێتەوە و قورساییەکی دەگوازێتەوە بۆ بازاڕ و بۆ گیرفانی بنەماڵەکان. پەروەردە، کە بڕیار بوو ئامرازێک بێت بۆ یەکسانکردنەوەی دەرفەتەکان لە نێوان چینەکاندا، لە نەبوونی بودجەی پێویستدا، خۆی بووەتە یەکێک لە مەیدانەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانیی چینایەتی.

بەراوردی قوتابخانە تایبەتی و دەوڵەتییەکان لە ئێرانی ئەمڕۆدا، وێنەی دوو ئاراستەی تەواو جیاواز نیشان دەدات: ئاڕاستەیەکی کە بە پارەی پێویست بەرەو ڕوتبە باڵاکانی کۆنکور، نمرەی بەرز و داهاتوویەکی دەستەبەرکراو هەنگاو دەنێت، و ئاڕاستەیەکی کە بۆ زۆرینەی خوێندکارانی وڵات، بە ناو جەرگەی پۆلە قەرەباڵغەکان، کەمیی موعەلیم و لە خراپترین حاڵەتدا، وازهێنان لە خوێندن و چوونه ناو بازاڕی کاردا تێدەپەڕێت. تا ئەو کاتەی کە ئەم ڕەوتە، پاشەکشەی بودجەیی دەوڵەت لە پەروەردەی گشتی و ڕادەستکردنی بەرەبەرەی بە بازاڕ، بەردەوام بێت، کەڵێنی نێوان دوو ئێرانی پەروەردەیی، لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێی خوێندندا قووڵتر دەبێتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net