پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

“ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە”؟ وەڵامێک بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری سەبارەت بە ڕاپۆرتی مای ساتۆ

 

ناسر سیراج، جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی دەسەڵاتی دادوەری و بڕیاردەری ستادی مافی مرۆڤی ئەم دەسەڵاتە، ڕاپۆرتی تازەی مای ساتۆ، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێرانی، بە “بێبنەما، لایەنگیر و سیاسیی” ناو بردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای ئیدیعایەکی دوور لە ڕاستی نووسراوە کە “ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە“. ئەم کاردانەوەیە بۆ کەسێکی کە ساڵانێکە بەدواداچوون بۆ وەڵامە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوە و میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، شتێکی تازە نییە. بەڵام ئەمجارە پرسیارێکی سادە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدایە: کام بەشی ئەم ڕاپۆرتە “ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە“؟ وەڵامی ڕاستگۆیانە ئەوەیە کە بەشێکی گەورەی نەک هەر دەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە و بسەلمێنرێت، بەڵکوو پێشتر لەلایەن خودی ناوەندە حکومییەکانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ڕاگەیەندراوە.

تەوەری سەرەکی ڕاپۆرتەکەی ساتۆ، بابەتی لەسێدارەدانەکانە، ئەو لەسێدارەدانانەی کە تەنانەت لە سەردەمی شەڕیشدا نەوەستان. لانیکەم لە ۲۵ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا لەسێدارە دراون، هەندێکیان لە شوێنی گشتی و لەبەرچاوی خەڵک، و یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنکارەکان بووەتە ئامرازێک بۆ دەرکردنی سزای مەرگ. ئەم ژمارانە لە کوێوە هاتوون؟ بەشێکی گرنگیان لەو هەواڵانەوە وەرگیراون کە هەواڵنێرە فەرمی و وابەستەکانی حکومت، لەوانە هەواڵنێری میزان کە سەر بە خودی دەسەڵاتی دادوەرییە، بڵاویان کردووەتەوە. کاتێک دەزگای دادوەری خۆی جێبەجێکردنی سزاکە ڕادەگەیەنێت، ناوی سزادرواوەکە بڵاودەکاتەوە و تۆمەتەکەی دەخاتە ڕوو، ئیتر ناتوانرێت ژماردنی هەر ئەم لەسێدارەدانانە بە ئیدیعای ناڕاست ناوببرێت کە ناتوانرێت بسەلمێنرێت. ڕاپۆرتەری تایبەت لەم بەشەدا هیچ کارێکی نەکردووە جگە لە کۆکردنەوە و خستنەڕووی بەیاننامە فەرمییەکان.

هەمان قسە سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەش ڕاستە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار ۱۸ ساڵەوە بووە. تەمەنی ئەم کەسانە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا لە بەڵگەنامە دادوەرییەکان و لە ڕاپۆرتی میدیاکانی ناوخۆی وڵاتدا تۆمار کراوە. ئێران ئەندامی پەیماننامەی مافی منداڵە و ئەم پەیماننامەیە بەڕوونی لەسێدارەدان بەهۆی تاوانەکانی سەردەمی منداڵییەوە قەدەغە دەکات. ڕەتکردنەوەی ئەم ڕاستییە بە لەقەڵەمدانی تۆمەتی “سیاسی” مومکین نییە.

دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت لەسەر ژمارەی وردی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا جیاوازیی هەبێت، خودی ڕاپۆرتەکەی ساتۆش ئاماژە بەم جیاوازییە دەکات. بەڵام واقیعی کوشتاری بەربڵاو بابەتێکی جێگەی مشتومڕ نییە. بنیادی شەهید و کاروباری ئیسارگەران و وەزارەتی ناوخۆ، لە زمانی تەلەویزیۆنی دەوڵەتییەوە، ژمارەی کوژراوانیان ۳۱۱۷ کەس ڕاگەیاند، و پێش ئەوەش بەرپرسێکی ئێرانی بە هەواڵنێری ڕۆیتەرزی وتبوو کە لانیکەم مەرگی پێنج هەزار کەس پشتڕاست کراوەتەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ژمارەی لەوە بەرزتریان ڕاگەیاندووە. کاتێک خودی حکومت دان بە چەند هەزار کوژراو لە چەند ڕۆژێکدا دەنێت، قسەکردنی ڕاپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر “هەزاران قوربانی” ناتوانرێت بە “بێبنەما” ناو ببرێت. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: کێ ئەم هەزاران کەسەی کوشت، و بۆچی هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف لەم بارەیەوە نەکراوە؟

خاڵی سەرسوڕهێنەر لە کاردانەوەی دەسەڵاتی دادوەریدا ئەوەیە کە هەر ئەم ڕاپۆرتە “لایەنگیر و لە خزمەت ئامانجەکانی ڕۆژئاوا“دا، لێکۆڵینەوەی وردی لە ڕووداوی هێرش بۆ سەر قوتابخانەی سەرەتایی شەجەرەی تەیبەی میناب کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ نیشانەیەک لە بەکارهێنانی سەربازیی قوتابخانەکە بەدی نەکراوە، و لێکۆڵینەوەی کۆمیتەی ڕاستیدۆزی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەم هێرشە دەکرێت بە تاوانی شەڕ لەقەڵەم بدرێت. کۆمیتەی ڕاستیدۆز ڕایگەیاندووە کە هەندێک هۆکاری لۆژیکی بوونی هەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرپرسی ئەم هێرشە بووە.

ئگەر ئەم ڕاپۆرتە بەڕاستی ئامرازی “ئامانجە سیاسییەکانی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا” بووایە، بۆچی دەبوو یەکێک لە قورس ترین تۆمەتەکانی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات؟ واقعییەت ئەوەیە کە هەمان ئەو میکانیزمە ڕاستیدۆزەی کە هێرشی مینابی بە تاوانی شەڕ زانی، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری بە ئەگەری نموونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم داوە. ناتوانرێت نیوەی ڕاپۆرتێک بە بەڵگەی تاوانبارکردنی دوژمن بزانرێت و نیوەکەی تری بە “لێکۆڵینەوەیەکی قین لە دڵانە و لایەنگیر” ناوبنرێت. پێوەری ڕاستیدۆزی ناتوانرێت بەپێی ئەوەی کە پەنجەی تۆمەت بۆ کام لا ڕابکێشرێت، گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

ڕاپۆرتەکە باس لە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە چوار هەزار کەس تەنها لە ماوەی نێوان ڕەشەمەی ۱۴۰۴ تا گوڵانی ۱۴۰۵ دەکات، لە هەڵسووڕاوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانەوە بگرە تا موعەلیمان، هونەرمەندان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و تەنانەت منداڵانیش. زۆرێک لەم دەستبەسەرکردنانە لەلایەن خودی بەرپرسانی ئەمنی و دادوەرییەوە بە شانازییەوە ڕاگەیەندراون و دەستبەسەرکراوەکان بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار کراون. بە لانیکەم ۳۲ پارێزەر بەهۆی کاری پیشەیی خۆیانەوە کەوتوونەتە ژێر لێپرسینەوە بەدواداچوون، ڕاستییەکی کە هەر پارێزەرێکی دادگای ئێران لێی ئاگادارە.

پەروەندەی مەیدانی عەلیخانی ئیسفەهان، کە تیایدا دەیان تۆمەتبار لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دادگایی کران و ژمارەیەکیش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، نموونەیەکی ڕوونی ئەو شتەیە کە ڕاپۆرتەکە بە “خراپبوونی جددی دۆخی دادگایی دادپەروەرانە” ناوی دەبات. سنوورداربوون لە هەڵبژاردنی پارێزەر، دادگاییکردنی بە نهێنی، ڕانەگیاندنی حوکمەکان و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تەلەویزیۆنی لە تۆمەتباران پێش لە دادگایی، ئیدیعایەکی شاراوە نین، ئەمانە لە زومرەی ئەو کردەوانەن کە هەر هاوڵاتییەکی ئێرانی گەلێک جار لەسەر شاشەی تەلەویزیۆنی دەوڵەتی بینیویەتی. ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری ئیدیعای ئەوە دەکات کە دادگاییەکان دادپەروەرانە بوون، سادەترین ڕێگا بۆ سەلماندنی ئەوە، بڵاوکردنەوەی تەواوی حوکمەکان و پەروەندەکان و کردنەوەی دەرگای دادگاکانە بەڕووی چاودێرە سەربەخۆکاندا.

بەشی ئابووری ڕاپۆرتەکەش هیچ شتێک نییە جگە لە وەسفکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک: داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی، هەڵاوسانی بێسنوور، و تێچووی سەبەتەی بژێویی بنەماڵەکان کە گەیشتووەتە نزیکەی ۷۰ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا. ئەم ژمارانە لەلایەن ناوەندە ئامارییەکان و میدیاکانی ناوخۆوە بڵاودەکرێنەوە و هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی لە سفره‌کەی خۆیدا هەستی پێدەکات. ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباریش بەهۆی قەیرانی پووڵ و گرانبوونەوە دەستیان پێکرد. ڕەتکردنەوە ئەزموونێکە کە ملیۆنان کەس بەردەوام دەیبینن و دەیبیستن.

ئەگەر ڕەخنەیەک لە ڕاپۆرتەکەی مای ساتۆ هەبێت، ئەو ڕەخنەیە نەک زیادەڕەویی، بەڵکوو داشکاندنی ڕاستییەکانە. خودی ڕاپۆرتەرەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاپۆرتەکەی تەنها وێنەیەکی ناتەواوە لە ڕاستییەکە، چونکە بڕینی بەربڵاوی هێڵی ئینتەرنێت ئیمکانی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکانی لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو کردبووەوە و زۆرێک لە شایەتحاڵەکان لە ترسی لێکەوتە ئەمنییەکانی ئامادە نەبوون قسە بکەن. بەشی هەرەزۆری داتاکانی ڕاپۆرتەکە لە میدیاکانی ناوخۆی وڵات و بەیاننامە فەرمییەکان وەرگیراوە. لەم ڕووەوەیە کە زۆرێک لە چالاکوانانی مەدەنی، بنەماڵە دادخوازەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، چیرۆکی زۆر تاڵتر و ژمارەی زۆر بەرزتریان لەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، لەبەردەستدایە. ئاستی ئەوەی کە بەسەر خەڵکی ئێراندا هاتووە و دێت زۆر دڵتەزێن ترە لەوەی کە لە لاپەڕەکانی ڕاپۆرتێکی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێت.

دەسەڵاتی دادوەری ئەگەر بەڕاستی باوەڕی بە نادروستی ئەم ڕاپۆرتە هەیە، ڕێگەیەکی ڕوونی لەبەردەستدایە: ڕێگە بە ڕاپۆرتەری تایبەت و کۆمیتەی ڕاستیدۆز بدات سەردانی ئێران بکەن و ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە زیندانەکان و بنەماڵەی قوربانیان بڕەخسێنێت، ئینتەرنێت نەبڕێت، حوکمی و پەروەندەکان بڵاو بکاتەوە، و دەست لە گوشارخستنە سەر بنەماڵە دادخوازەکان هەڵبگرێت. حکومەتێکی کە خۆی بەر بە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان دەگرێت، هەڕەشە لە شایەتحاڵەکان دەکات و رێگە بە چاودێرە سەربەخۆکان نادات، پاشان ناتوانێت دواتر کەسانی تر بە بێبنەما و “بەڵگەمەند نەبوون” تۆمەتبار بکات. ئەوەی کە لێرەدا “ئیمکانی پشتڕاستکردنەوە و سەلماندنی نەبێت“، نەک لاوازی ڕاپۆرتەکە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی خودی حکومتە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *