ناوەندی هەواڵی کار (ئیلنا) ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەیی لەبارەی ژیان و گوزەرانی موعەلیمان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: بەپێی داتا بڵاوکراوەکان، لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاویدا حەقدەستی موعەلیمێکی خاوەن ئەزموون لە نێوان ٢ بۆ ٢.٥ ملیۆن تمەن بوو. بە نرخی دۆلاری ئەوکات کە نزیکەی ۳۵۰۰ بۆ ۳۸۰۰ تمەن بوو، ئەم داهاتە توانای کڕینی بەرامبەر بوو بە ۶۳۶ دۆلار لە مانگێکدا. دە ساڵ دواتر، لە ساڵی ۱۴۰۵دا، حەقدەستی موعەلیمان بە ڕواڵەت گەیشتووەتە نزیکەی ۲۵ ملیۆن تمەن، ڕێژەیەکی کە لە یەکەم نیگادا بەرزبوونەوەیەکی دە هێندەیی دەردەخات. بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ ئاستی ۲۶۰ بۆ ۲۷۰ هەزار تمەن، بەهای دۆلاریی ئەم حەقدەستە دابەزیوە بۆ نزیکەی ۱۰۹ دۆلار. بە واتایەکی تر، موعەلیمان لە ماوەی دە ساڵدا نزیکەی ۸۳ لە سەدی توانای کڕینی خۆیان لەدەست داوە. ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت: کەلێن و مەودای نێوان داهات و تێچووی ژیانیش گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. لە کاتێکدا هێڵی هەژاری لە شارە گەورەکاندا لە نێوان ۸۵ بۆ ۹۰ ملیۆن تمەن مەزەندە دەکرێت، مامناوەندی داهاتی موعەلیمان لە نێوان ۲۰ بۆ ۲۵ ملیۆن تمەندایە. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە حەقدەستی مانگانەی زۆربەی موعەلیمان تەنها تێچووی نزیکەی دە ڕۆژی ژیانی بنەماڵەیەک دابین دەکات و بیست ڕۆژەکەی تری مانگ دەبێت بە قەرزکردن، کاری دووەم و سێیەم یان چاوپۆشین لە پێویستییە سەرەتاییەکان تێپەڕ ببێت.
واقعییەت ئەوەیە کە حەقدەستی ئەمڕۆی موعەلیمێک نە گوزەرانی بنەماڵەکەی دابین دەکات و نە تەنانەت لەگەڵ حەقدەستی هاوکارەکانی لە وڵاتانی دراوسێش بەراورد دەکرێت. ئەم قەیرانە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەولەوییەتە باڵاکانی حوکمڕانی، ئێستا ڕاستەوخۆ کوالێتیی پەروەردە و داهاتووی نەوەی گەنج دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر دۆخی موعەلیمانی فەرمی سەخت بێت، ئەوا دۆخی موعەلیمانی وانەبێژ و کارمەندانی قوتابخانە نافەرمییەکان زۆر لەوەش خراپترە. داهاتی کەمتر، گرێبەستی ناپایدار و نەبوونی ئاسۆی گەشەی پیشەیی، ژیانی ئەم چینەی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. زۆرێک لەوانە بە حەقدەستی کەمتر لە ۲۰ ملیۆن تمەن کار دەکەن و داهاتی هەندێکیان تەنانەت لە مانگێکدا ناگاتە ۸ ملیۆن تمەنیش، هەر ئەم بڕە پارە کەمەش هەندێک جار دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک و بە شێوازێکی ناڕێک دەدرێت. پارەی بیمەی ئەم موعەلیمانە بە تەواوی نادرێت و فشار لەسەر ئەو کەسانەی کە لە ناوچە بێبەشەکان وانە دەڵێنەوە لە هەمووان زیاترە. تەنانەت موعەلیمانی فەرمیش، سەرەڕای حوکمە استخدامییە بە ڕواڵەت بریقەدارەکانیان، ئەو داهاتەی وەریدەگرن لانیکەمی پێویستیی بنەماڵەکەیان دابین ناکات. لە نموونەیەکی ڕۆشندا، موعەلیمانی خانەنشین بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی هێزی مرۆیی سەرلەنوێ بانگهێشتی پۆلەکان کراونەتەوە و مانگانە تەنها ۵ ملیۆن تمەنیان بۆ دیاری کراوە، بڕە پارەیەکی کە ئەویش بە شێوازێکی پچڕپچڕ و ناڕێک دەدرێت.
بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا دۆخەکە تاڵتر دەکات. حەقدەستی موعەلیمێک لە پاکستان لە نێوان نزیکەی ۱۵۰ بۆ ۵۰۰ دۆلار، لە عێراق نزیکەی ۵۰۰ دۆلار و لە تورکیا نزیکەی ۱۴۰۰ دۆلار لە مانگێکدایە. موعەلیمی ئێرانی بە داهاتێکی نزیکەی ۱۰۹ دۆلارییەوە نەک تەنها لە ستانداردە جیهانییەکان، بەڵکوو لە هاوشێوەکانی خۆیشی لەو وڵاتانەی کە هەندێک جار رووبەڕووی قەیرانی زۆر جددیتر بوونەتەوە، دواکەوتووە.
ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی توانای موعەلیمان نەک بۆ پەروەردە، بەڵکوو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان خەرج دەکرێت. زۆرێک لە موعەلیمان لە دوای كۆتایی کاتژمێرەکانی قوتابخانە ناچارن ڕوو بکەنە شۆفێریی تاکسی، فرۆشیاری یان کارە وەرزییەکان و ئیتر هیچ دەرفەتێک بۆ ئامادەکردنی دەرس، خوێندنەوە و نوێکردنەوەی زانستی خۆیان نامێنێت. ئەو موعەلیمەی کە وزە و تواناکەی لە نێوان چەند کارێکدا دابەش دەبێت، بە شێوەیەکی سروشتی دەرفەت و ئارەزووی کەمتر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی وانە وتنەوە. شارەزایان ئەم هۆکارە، لە پاڵ کێشە پێکهاتییەکانی سیستەمی پەروەردەدا، بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی پێوەرە پەروەردەییەکان دەزانن، لەوانە کەمبوونەوەی مامناوەندی نمرەکانی قوتابیان و کارکردی لاواز لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکاندا.
فشاری ئابووری ژینگەی قوتابخانەشی بە توندی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لە لایەکەوە قوتابیان باری کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بنەماڵەکانیان دەهێننە ناو پۆلەکانەوە و لە لایەکی ترەوە موعەلیمانیش لە ژێر فشاری تووندی گوزەرانداران. بەرهەمی ئەم یەکتربڕینە، بریتییە لە ماندوویەتی پیشەیی، کەمبوونەوەی تین و تاقەت، هەڵچوونی ڕەفتاری و لاوازبوونی کەشی پەروەردەیی. ڕق و تووڕەیی کەڵەکەبووی ناو ئەو موعەلیمانەی کە بۆ دابینکردنی ژیان سەرقاڵی کاری دووەم و سێیەمن، چیتر ناشاردرێتەوە.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی قەیران، کەمبوونەوەی بەردەوامی پشکی پەروەردەیە لە بودجەی گشتیدا. بەپێی مەزەندەی شارەزایان، ئەم پشکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە سەرووی ۲۰ سەدەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە ۹ سەد، نیشانەیەکی ئاشکرایە لە داڕمانی پێگەی پەروەردە لە ئەولەوییەتەکانی داڕشتنی سیاسەت دا. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، بریتییە لە گواستنەوەی بەشێک لە خەرجییەکانی پەروەردە بۆ سەر شانی بنەماڵەکان و بێتوانایی قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە دابینکردنی هەزینە پێویستەکان.
گێڕانەوە فەرمییەکان زۆر جار کەموکوڕییەکان دەخاتە ئەستۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و کورتهێنانی بودجە. بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە هاوکات ساڵانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ دەزگا ئەمنییەکان لە ناوخۆ و سەرکێشییە سەربازییەکان لە دەرەوە خەرج دەکرێت. کورتهێنانی بودجە هەرگیز دەستکاری ئەم بەشانە ناکات بەڵکوو ئەوە پەروەردە و تەندروستی و دەرمانی خەڵکە کە دەبێت باجەکەی بدات.
لە وڵاتانی وەکوو تورکیا، عێراق و پاکستان، ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمان توانیویانە لە ڕێگەی دانوستان و ناڕەزایەتییە یاساییەکانەوە، دەوڵەتەکان ناچار بکەن کە حەقدەستەکان هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان بەرز بکەنەوە. بەڵام لە ئێران داواکارییە پیشەییەکانی موعەلیمان لەگەڵ ئاستەنگ و فشاری زیاتر بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەر ئەمەش هێزی دانوستانی فەرهەنگیانی کەمکردووەتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لەناو موعەلیمان دا ڕۆحییەتێکی پایەدار بۆ خۆڕاگریی شکڵی گرتووە. ئەوان چەندین ساڵە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندان بۆ باشترکردنی ماف و حەقدەست، بەدەستهێناوەی کەرامەتی کۆمەڵایەتی، مافە دیموکراتیکەکان و هەبوونی کاتی پێویست بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وانە وتنەوە. ئەم داواکارییانە سنووری بژێویی گوزەرانیان تێپەڕکردووە و بووەتە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەکاڵابوونی پەروەردە، دیفاع لە جیاکردنەوەی دین لە پەروەردە، دژایەتیکردن لەگەڵ سەپاندنی فێرکارییە خەرافاتییەکان و ڕاهێنەرە ئایدۆلۆژییەکان بەسەر قوتابخانەکاندا، دژایەتی لەگەڵ دانانی سیخوڕ لە ناوەندەکانی پەروەردەیی، ئاشکراکردن و لەقاودانی خراپ بەڕێوەبردن و جیاکاری و گەندەڵی، و هەوڵدان بۆ پەروەردەی بێبەرامبەری ڕاستەقینە بۆ هەموو چین و توێژەکان. موعەلیمانی ناڕازی هەروەها دەنگی منداڵانی کرێکار و زەحمەتکێش بوون کە لە مافی خوێندن بێبەش کراون و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسیش تێکۆشاون.
بهای ئەم خۆڕاگرییە قورس بووە. پەروەندەسازی، بانگهێشتکردن، زیندان، ئازار و بێبەشکردن، لە زومرەی ئەو کاردانەوانەن کە موعەلیمانی چالاک لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە. ژمارەیەکیان هێشتا دەستبەسەرن و وەک زیندانییانی خۆڕاگر، کۆمەڵگە ڕێزیان لێدەگرێت و تەنانەت لە زندانیشدا لەسەر بەدواداچوونی داواکارییەکانیان بەردەوام بوون.


