پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

لە بری دروستکردنی دیواری بەرزتر، دەبێت پردی هاوپشتی و ڕزگاری دروست بکرێت

 

مافی پەنابەری، وەکو یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مافی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ، دوای کارەساتەکانی شەڕی جیهانیی دووەم دامەزرا بۆ ئەوەی پەناگەیەک بێت بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە نیشتمانەکەیان دەرکراون. قاڕەی ئورووپا بۆ چەندین ساڵ خۆی وەک بێشکەی ئەم بەهایانە دەناساند. لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و گرتنەبەری سیاسەتی تووندوتوڵتری نوێ دەریدەخات کە ئەم وێنەیە خەریکە بە خێرایی هەڵدەوەشێتەوە. ئەمڕۆ، یەکێتیی ئورووپا پشت لە پەنابەران دەکات و بنەڕەتیترین بنەماکانی مافی پەنابەری پێشێل دەکات. ئەم گۆڕانکارییە ئاشکرایە، نەک تەنها قەیرانێکی مرۆیی قووڵتر کردووەتەوە، بەڵکوو متمانەی ئەخلاقیی ئەم یەکێتییەشی بردووەتە ژێر پرسیارەوە.

بە پێی ئامارەکانی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا سەرگەردان و ئاوارەن. ئەم ژمارەیە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. شەڕ، توندوتیژی، چەوساندنەوە و ستەمی سیاسی، قەیرانەکانی ژینگە و داڕمانی دەوڵەتەکان، ئەم حەشیمەتە برینە مرۆییەی تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری کردووە.

خاڵی دڵتەزێن ئەوەیە کە سێ لەسەر چواری ئەم پەنابەرانە خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە خۆیان بە دەست هەژاری، هەڵاوسان و قەیرانە ناوخۆییەکانەوە دەناڵێنن. لەم نێوەندەدا، یەکێتیی ئورووپا، کە لە دەوڵەمەندترین ئابوورییەکانی جیهان پێکهاتووە و زۆرترین پشکی لە بەرهەمهێنانی سەروەتی جیهانیدا هەیە، پشکێکی زۆر کەمی ئەم بارگرانییە مرۆییە هەڵدەگرێت و ئێستاش خەریکە هەوڵ دەدات ئەو پشکە بچووکەش نزیک بکاتەوە لە سفر.

یەکێتیی ئورووپا لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢۶دا “پەیمانی کۆچ و پەنابەری” خۆی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پەیمانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە پەسەند کرابوو، دوای دوو ساڵ لە قۆناغی گوزەر، ئێستا بە تەواوەتی شیاوی جێبەجێ کردنە. ئەم پەیمانە بە مانای ڕاگەیاندنی فەرمیی پاشەکشەی یەکێتیی ئورووپایە لە بەجێگەیاندنی پابەندبوونە مرۆییەکانی. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە لێبووردنی نێونەتەوەییەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکخراوی ڕزگاریی نێودەوڵەتی، ئەم پەیمانەیان وەک “بێوێنەترین هێرش بۆ سەر مافی پەنابەری لە ئورووپا” وەسف کردووە.

یەکێک لە مەترسیدارترین میکانیزمەکانی ئەم پەیمانە، بریتییە لە فراوانکردنی چەمکی “وڵاتی سێیەمی ئەمن“. بە پێی یاسا نوێیەکان، دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئورووپا دەتوانن داوای پەنابەریی کەسەکان بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی واقیعی ڕەت بکەنەوە و بیاننێرن بۆ وڵاتێکی سێیەم (کە زۆر جار وڵاتە هەژارەکانی ئەفریقای ناوەڕاستن). ئەم شێوازە، بەرپرسیارێتیی پشتگیریکردنی پەنابەران بە ئاشکرا لەسەر شانی ئورووپا هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە توانا، ئامراز و پابەندبوونێکی مافی مرۆیی کەمتریان هەیە.

هەرئێستا یەکەمین نموونەی بەرجەستەی ئەم ناوەندەوانەش خەریکە شکڵ دەگرن. پێنج وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئورووپا، واتە (ئاڵمان، ئوتریش، دانمارک، یۆنان و هولەند)، خەریکی لێکۆڵینەوە لە پلانێکن کە لەسەر بنەمای ئەوە، ئەو پەنابەرانەی داوای پەنابەرییەکەیان ڕەت کراوەتەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی سەرچاوە بە هۆکاری جۆراوجۆر ئیمکانی نییە، دەگوازرێنەوە بۆ ڕواندا. بە پێی ئەم بەرنامەیە، یەکەمین “ناوەندی هاوبەشی گەڕاندنەوە” لە دەرەوەی سنووری یەکێتیی ئورووپا لە ڕواندا دروست دەکرێت. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم پلانە، بریتییە لە زیادکردنی ژمارەی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە مافی نیشتەجێبوونیان لە ئورووپا پێ نەدراوە، بەڵام لە کردەوەدا، ئەمە واتای ناردنی مرۆڤەکانە بۆ وڵاتێکی کە هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختەیان پێوەی نییە و جێهێشتنیان لە دۆخێکی نادیاردا کە دەستڕاگەیشتنیان بە پشتگیرییە یاسایی و مافی مرۆییەکان زۆر قورس دەکات. هێشتا ڕوون نییە ئەم کەسانە بۆ چ ماوەیەک لە وڵاتی ڕواندا دەمێننەوە، خاوەنی چ مافێک دەبن و ئەگەر ئیمکانی گەڕاندنەوە بۆ وڵاتی سەرچاوە هەروا مەحاڵ بمێنێتەوە، چ داهاتوویەک چاوەڕێیان دەکات.

هەڵبژاردنی ڕوانداش خۆی لەخۆیدا جێگەی پرسیارە. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار ڕەخنەیان لە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، فشار خستنەسەر نەیارە سیاسییەکان و سنوورداربوونی چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەم وڵاتەدا گرتووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کەنیسەکانی ئورووپا هۆشدارییان داوە کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە دەکرێت ببێتە هۆی دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، دەرکردنی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کۆچبەران. مەترسی گەورەتر ئەوەیە کە کەسانی گوازراوە لە بنبەستێکدا گرفتار ببن کە نە ڕێگەی گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان هەبێت و نە توانای دەستپێکردنی ژیانێکی تازە لە وڵاتی ڕواندا.

ئەم ئەزموونە بۆ ئورووپا شتێکی نوێ نییە. بریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی لەگەڵ ڕواندا واژۆ کرد، بەڵام دادگای باڵای ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەم بەرنامەیەی بەهۆی نیگەرانی لە پێشێلکردنی مافی پەنابەران بە نایاسایی ڕاگەیاند و دەسەڵاتی بریتانیای ناچار کرد کە ئەو بڕیارە نەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو پلانەی کە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ تێچووی هەبوو، لە کردەوەدا هیچ ئەنجامێکی نەبوو. ئەوەی کە پێنج دەوڵەتی ئورووپایی ئێستا هەمان ئەو ڕێگە سەرنەکەوتووە دووبارە تاقی دەکەنەوە، دەریدەخات کە ئامانجی ئەم سیاسەتانە کارامەیی نییە، بەڵکوو دوورخستنەوەی پەنابەرانە لە خاکی ئورووپا بە هەر نرخێک بێت.

خاڵێکی کە لەم گۆڕانکارییانەدا زۆر نامرۆڤانەیە، بریتییە لە لابردنی مافی پێداچوونەوە. لە یاسا کۆنەکانی ئورووپادا، تۆمارکردنی ناڕەزایی بەرانبەر بە بڕیاری ڕەتکردنەوەی پەنابەری، دەرکردنی خێرای کەسەکەی تا کاتی لێکۆڵینەوەی دادگای پێداچوونەوە ڕادەگرت بۆ ئەوەی مافی هیچ کەسێک نەفەوتێت. بەڵام بە پێی یاسا نوێیەکان، دەتوانرێت کەسەکان پێش ئەوەی تەنانەت دادگایەک لە پەروەندەکەیان بکۆڵێتەوە، بۆ وڵاتێکی تر دەربکرێن. ئەمە واتای زیانێکی قەرەبوونەکراوەیە پێش لە دەرچوونی هەر بڕیارێکی دادوەری، سیاسەتێکی کە مافی سوودمەندبوون لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بە تەواوی لەناو دەبات. ناتوانرێت ئەم ڕوانگە سەختگیر و دەستدرێژکارانەی یەکێتیی ئورووپا لەو چوارچێوە سیاسییە بەرفراوانە جیا بکرێتەوە کە ئەمڕۆ باڵی بەسەر ئەم قاڕەیەدا کێشاوە. بەهێزبوونی شەپۆلی ڕاستی توندڕەو لە سەرانسەری ئورووپادا، زۆرێک لە دەوڵەتەکانی بەرەو گرتنەبەری سیاسەتی دژە کۆچبەریی پاڵپێوە ناوە. حیزبە پۆپۆلیستەکان بە بەکارهێنانی ئامرازی ترس لە بێگانە، ڕای گشتییان بەرەولای خۆیان ڕاکێشاوە و حیزبە میانڕەوەکانیش بۆ مانەوەی سیاسیی خۆیان، پەنایان بردووەتە بەر گرتنەبەری هەمان ئەو سیاسەتە توندڕەوانە.

سیاسەتە نوێیەکانی پەنابەری لە ئورووپا نیشاندەری قەیرانێکی قووڵترن، قەیرانی ئەخلاقی لەو دامەزراوانەی کە ئیدیعای ڕابەرایەتیکردنی بەهای مرۆیی دەکەن لە جیهاندا. پەنابەران لە زومرەی ئەو مرۆڤانەن کە شەڕ بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک ئەو مرۆڤانەی کە شەڕیان هەڵبژاردووە. ئەوان قوربانیی قەیرانە ژێۆپۆلەتیکییەکان، هەژاریی پێکهاتەیی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوان کە زۆر جار سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە داگیرکاری، سەربازی و ژینگەیییەکانی هەمان ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەی کە ئێستا دەرگاکانیان بە ڕووی ئەم لێقەوماوانەدا دادەخەن.

مافی پەنابەری پابەندبوونێکی یاسایی نێودەوڵەتی و ئەرکێکی مرۆییە. ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و هەر مرۆڤێکی وشیارە کە دەنگی پەنابەران بن. دیوارکێشان لە بەرانبەر ئاوارەکان و پەنابردنە بەر زیندانەکانی دەرەوەی سنوور، نە ئورووپا ئەمنتر دەکات و نە جیهان باشتر، ئەم هەڵسوکەوتانە تەنها ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدات و پەڵەیەکی ڕەشی تر لەسەر مێژووی سەرمایەداریی بەجێ دەهێڵێت. کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی ئورووپا گوشار بخەنە سەر دەوڵەتەکانیان بۆ ئەوەی لە بری دروستکردنی دیواری بەرزتر، پردی هاوسۆزی، هاوپشتی مرۆیی و ڕزگاریی دروست بکەن.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *