ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەوانیی شوش لە پارێزگای خوزستان، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دواکەوتنی دووبارەی مووچەکانیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەم دۆخە فشارێکی ئابووری و دەروونیی زۆری خستووەتە سەر خۆیان و خێزانەکانیان. بە وتەی ئەم کرێکارانە، فەرمانبەرانی فەرمی و کرێکارانی گرێبەستی ڕاستەوخۆی شارەوانی مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەردەگرن، بەڵام ئەو کرێکارانەی لە ڕێگەی کۆمپانیا بەڵێندەرەکانەوە (پەیمانکاری) دامەزراون، هەموو مانگێک لەگەڵ دواکەوتن و نادیاریی وەرگرتنی مووچەکانیاندا دەستەویەخەن.


