ڕۆژی سێشه‌ممه ١٧ی ڕێبه‌ندان، كۆمه‌ڵێك له ئێرانیانی ئازادیخواز له وڵاتانی هۆله‌ند و ئاڵمان، له درێژه‌ی كارزاری نا بۆ ئێعدام له‌به‌رده‌م باڵوێزخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی دا كۆبوونه‌وه و خوازیاری ڕاگرتنی سزای ئێعدام بوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئێرانیانی ئازادیخواز له شاره‌كانی ئامستردامی هۆله‌ند و فڕانكفۆرتی ئاڵمان به كۆبوونه‌وه له‌به‌رده‌م سه‌فاره‌تخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی و وتنه‌وه‌ی دروشم خوازیاری ڕاگرتنی سزای ئێعدام و ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی و بیرمه‌ند بوون. به‌شداربووانی ئه‌و چالاكییانه به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی وێنه‌ی چوار به‌ندكراوی سیاسی له‌سێداره‌دراوی كورد، داوایان له كۆمه‌ڵگای جیهانی كرد ڕێگه له ئێعدامی ده‌یان به‌ندكراوی سیاسی و ئایینی دیكه له ئێران بگرن و گوشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره ببه‌نه سه‌ره‌وه.