له بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا بەستێنە سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێرانمان تاوتوێكرد. له‌م بەشەدا هەوڵدەدەین بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئامانجه‌كانی ئەمریکا له ئێران و شێوازی دەستێوەردانیان له كاروباری ناوخۆی ئه‌م وڵاته ده‌ده‌ینه به‌ر باس.
له قۆناغێكدا كه كۆمه‌ڵگای ئێران هه‌نگاو به هه‌نگاو له بارودۆخێكی شۆڕشگێڕانه نزیك ده‌بۆوه، سه‌رمایه‌دارى ئیمپریالیستی، به سه‌رۆكایه‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كه له‌وپه‌ڕى توانایى پیشه‌سازى و گه‌شه‌كردنى ئابووریدا بوو، پێویستیه‌كی ته‌واوى به په‌ره‌پێدانى بازاڕه‌كانى سه‌رمایه هه‌بوو. كێبركێی نێوان یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ئەمریکا ببوو بە مێحوەری سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى به مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌رێمه‌كانى نفووزى یه‌كتر، شه‌ڕ و پێكدادان و ململانێی بەربڵاو له ناوچه جیاجیاكانى
جیهاندا له ئارادا بوو. ئەمریکا بۆ پێش‌گرتن له په‌ره‌سه‌ندنى نفووزى یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له ناوچه‌كانى ژێر کاریگەری خۆیدا، پێویستى به ده‌وڵه‌تگەلێکی سه‌قامگیر بوو.
له كۆتایى ده‌یه‌ى ٧٠ی زایینی‌دا وڵاتى ئه‌فغانستان، دواى كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی كه له‌و وڵاته‌دا ڕوویدا، به‌كرده‌وه بوو به هه‌رێمێكى ژێر نفووزى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، به‌م بۆنه‌وه نیگه‌رانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران چووه قۆناغێكى زۆر گرینگه‌وه. له وه‌ها باروودۆخێكدا گه‌لانى ئێران، به هیواى به‌دستهێنانى ئازادى و به‌شدار بوون له ژیانێكى باشتر و ئینسانی تر، دژ به ڕژیمی شا ڕاپه‌ڕین و شه‌پۆله‌كانى شۆڕش له ماوه‌ى ساڵێكدا سه‌رتاسه‌رى ئێرانى گرته‌وه و به درێژایی مانگه‌كانى وه‌رزى پاییز‌ى ساڵى ١٣٥٧، ناكارامه‌یى و لاوازییەکانی ڕژیمی شا له دامركاندنەوە و كونترۆڵى شه‌پۆله‌كانى شوڕش بۆ ئەمریکا ئاشكرا ببوو.
دواى تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕاپۆرته ڕۆژانه‌كانى باڵوێزه‌كانى ئەمریکا و بریتانیا (سولیوان و بارسۆنز) كه
له تارانه‌وه ڕاسته‌وخۆ چاو‌دێرى باروودۆخه‌كه‌یان ده‌كرد، ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه چیتر به‌رگریكردن له شا سوودبه‌خش نییه و له‌وانه‌یه باروودۆخه‌كه به‌ره‌و خاڵێكى بێگه‌ڕانه‌وه ببات و هه‌ر وه‌ک ئه‌فغانستان، ئێرانیش بكه‌وێته داوێنى یه‌كێتى سۆڤیه‌ته‌وه.
له‌م قۆناغه‌دا، ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا باوه‌ڕى به توانایى نه‌ته‌وه‌خوازه لیبڕاڵه‌كانى ناو ئوپۆزسیۆنى ڕژیمی شا نەبوو بۆ كونترۆڵى بارودۆخه‌كه. ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییه‌كانى به مه‌به‌ستى پاراستنى ئێران و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسى ده‌رچوونى ئێران له‌و پشتێنە ئه‌منییه‌ى كه پێشتر به ده‌وری یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا كێشابوویان، پێویستیان به سه‌نگه‌ر و ڕیزبه‌ندییه‌كى تازه بوو.
ده‌وڵه‌تى ئەمریکا زۆر له پێشتره‌وه ئاگادارى بوونى بیر و بۆچوونه‌كانى ڕه‌وتى ئیسلامى له ناو ئوپۆزسیۆنى شا و توانایى و لێهاتوویى ئه‌و ڕه‌وته بۆ كردنیان به سەنگەری دژه كۆمۆنیستى بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌یكه ڕاوێژكاره ئه‌مریكاییه‌كانى شا و ده‌ربار به
به‌رده‌وامى هانى بده‌ن بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێن و هه‌ڵسووكه‌وتى نه‌رم و نیانتر له به‌رامبه‌ر ڕێبه‌رانى ئه‌م ڕه‌وته‌دا و “شا”ش ڕێنماییه‌كانی ئه‌وانى په‌ێڕه‌و ده‌كرد. بۆ نموونه له حاڵێكدا كه كتێبه‌كانى عه‌لى شه‌ریعه‌تى به هه‌زاران نوسخه چاپ و به ئاشكرا بڵاو ده‌كرانه‌وه و ناوه‌ندى فه‌رهه‌نگى حوسه‌ینییه‌ى ئیرشاد له تاران به ئیمكاناتێكى زۆر و چاپخانه‌ى پێشكه‌وتۆه‌وه له خزمه‌ت ئه‌و و هاوفیكره‌كانیدا بوو و هه‌روه‌ها گۆڤارى مه‌كته‌بى ئیسلام له شارى قوم به ئاشكرا چاپ و بڵاو ده‌كرایه‌وه، هەڵسووڕاوانی چه‌پ ته‌نها به هۆى خوێندنه‌وه‌ى نامیلكه‌یه‌كی ماركسیستییه‌وه دەبوو ساڵانێك دەستبەرداربوون و زیندانییان ته‌حه‌مول بكردبایه.
به درێژاى شه‌ڕى سارد، وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا وه‌ك سیاسه‌تێكى ده‌ست نیشانكراو، نه ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌كانى هاوپه‌یمانى خۆى له ڕووخان و هه‌ره‌سهێنان ده‌پاراست، به‌ڵكوو له هه‌مان حاڵ‌دا ده‌یویست گۆشەنیگایه‌كیشی به ئوپۆزیسیۆنى ئه‌و ڕژیمانه‌وه بێت و هاوپه‌یمانه‌كانى داهاتووى خۆى، له ناویاندا بدۆزێته‌وه و ده‌ست نیشانیان بكات. چه‌ندین به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گر به ده‌سته‌وه‌ن كه ده‌ریده‌خه‌ن،
ئەمریکا له ڕێگاى جۆراجۆره‌وه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سانى ناو ئوپۆزیسیۆنى ئێران‌دا په‌یوه‌ندى هه‌بووه كه دواتر له حكوومه‌تى نوێی ئیسلامی‌دا پلە و پۆستی گرینگ‌یان وه‌رگرت. بۆ نموونه پاش چوونى خومه‌ینى بۆ پاریس، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان پێوه كرد و هه‌ندێك قه‌رار و به‌ڵێنیان له یه‌كتر وه‌رگرت.
جێگا‌ى سه‌رنجه كه ده‌وڵه‌تى ئەمریکا دواى ڕووخانى ده‌وڵه‌تى “زاهیرشا” له ئه‌فغانستان، پەیڕه‌وى هه‌مان سیاسه‌تى كرد و له گه‌ڵ نه‌یاره ئیسلامییه‌كانى كابول پێوه‌ندى هه‌بوو. پاره و چه‌كى ئەمریکایی له ڕێگه‌ى پاكستانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامى ئه‌فغانستانى به‌هیز ده‌كرد و گه‌یاندییه ده‌سه‌ڵات.
سه‌باره‌ت به ئێرانیش گه‌یشتبوونه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه ڕژیمێکی ئیسلامى بۆ سه‌نگه‌رگرتن له به‌رامبه‌ر نفووزى یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا، گه‌لێك پوتانسێڵی به‌رچاو و سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه. له سه‌رده‌مى شۆڕشى ساڵى ٥٧ دا به بۆچوونى ئەمریکا و ده‌وڵه‌تانى سه‌رمایه‌دارى ڕۆژئاوا، به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كونتڕۆڵى باروودۆخى سیاسى و پێش‌گرتن لە
شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كه ئاكامه‌كانى پێشبینى نه‌ده‌كرا، له پله‌ى دووه‌مدا بوو. هه‌ر چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌گه‌لێك له‌بەر دەستدایه كه ده‌ریده‌خه‌ن خومه‌ینى پێش له وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات، سه‌باره‌ت به درێژه‌پێدانى بێ كێشه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت بۆ ڕۆژئاوا، به‌ڵێنى ته‌واوى به لایه‌نه ڕۆژئاواییه‌كان دابوو. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ئورووپایه‌كانى له كۆنفڕانسى (گوادولۆپ)دا ڕژیمی شا و داهاتووی ئێرانیان تاوتوێ كرد. (كارتێر، ئێشمیت، كالاهان، ژیسكاردێستن) ئه‌وان له لایه‌كه‌وه به كۆى ده‌نگ ئه‌وه‌یان په‌سند كرد كه چیتر پێویست ناكات پشتگیرى ڕژیمی شا و ده‌ربار بكه‌ن و له لایه‌كى تره‌وه بڕیاریاندا کە پێداویستییه‌كانى پێش‌گرتن لە شۆڕش، بۆ ڕه‌وتى ئیسلامى دابین بكه‌ن.
له ڕاستیدا كۆنفڕانسى” گوادولۆپ” چاره‌نووسى ڕژیمی شاى ده‌ستنیشان كرد و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى وڵاته ڕۆژئاواییه‌كانى بۆ دانانى خومه‌ینى له شوێنى شا ها‌وئاهه‌نگ كرد. پاش ئه‌و بڕیار و ڕێكه‌وتنانه، ئه‌رته‌ش ڕایگە‌یاند كه بێلایه‌نه و ده‌زگاى ڕاگە‌یاندنى ڕۆژئاواش له به‌رژه‌وه‌ندى ڕه‌وتى ئیسلامی‌دا كه‌وته كار. ئه‌وان له‌و كاته‌دا به باشى ده‌یانزانى كه ده‌وڵه‌تى “شاپوورى
به‌ختییار” توانایى كۆنتڕۆڵ کردنى شۆڕش و به‌رگرى له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ڕۆژئاواى، له به‌رامبه‌ر مه‌ترسى نفووزى یەکێتی سۆڤیه‌تدا نییه. ده‌وڵه‌تى به‌ختیار وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یرى ده‌كرا تا له ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌ودا مه‌جالى ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه له‌گه‌ڵ ڕه‌وتى ئیسلامی‌دا ڕێكبكه‌ون. ئه‌وان نیگه‌رانى ئه‌وه بوون كه دەستێوەردانی چاوه‌ڕوان نه‌كراوى ئه‌رته‌ش باروودۆخه‌كه خراپتر بكات و ببێته هۆى ناسه‌قامگیرییه‌كى درێژخایه‌ن. له ڕوانگە‌ى ئه‌وانه‌وه پێشهاتێکی لەو چەشنە سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه ئێران بكه‌وێته داوێنى یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه. كه واته ئه‌و بۆچوونه‌ى كه ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى ژنڕاڵ (هایزر) بۆ تاران، به مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى پشتگیرى ئه‌رته‌ش بۆ ده‌وڵه‌تى به‌ختیار لێكده‌داته‌وه، دوورە له راستییه‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه كه (هایزر) وه‌ك ژنڕاڵێكى خاوه‌ن ئه‌زموون بوو، كه نفووزێكى زۆرى له ناو گه‌وره فه‌رمانده‌كانى ئه‌رته‌شى شادا هه‌بوو و له هه‌مانكاتدا سیاسه‌تمه‌دارێكى لێهاتوو بوو، به مه‌به‌ستى پێش‌گرتن له هه‌ر چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی كوده‌تایى له لایه‌ن ئه‌رته‌شه‌وه و به ئامانجى ئاماده‌كردنى بارودۆخه‌كه بۆ
ده‌سه‌ڵاتدارێتى خومه‌ینى، ڕه‌وانه‌ى ئێران كرا. سه‌ركرده‌كانى ئه‌رته‌ش به‌ته‌واوتی گوێڕایه‌ڵى شا بوون و هه‌ر ئه‌وەش به‌ختیاری هێنابووه سه‌ركار. لەمڕووەوە ئه‌رته‌ش هیچ كێشه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا نه‌بوو و فه‌رمانى پشتگیرى کردن له به‌ختیاری، له لایه‌ن شاوه پێگه‌یشتبوو. به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌یانزانى كه ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌ختیار ده‌وام ناهێنێت. كه‌واته پێویست بوو ئه‌رته‌ش ڕێگه‌خۆشكه‌رى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئیسلامییه‌كان بێت تا ئه‌وانیش بتوانن به وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كونتروڵ بكه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌شێك له ستراتژییه‌كه بوو، به‌شێكى تر‌ى بریتی بوو لە جێخستن و داسه‌پاندنى خومه‌ینى وه‌ك ئاڵترناتیڤى ڕژیمی سه‌ڵته‌نه‌تى به سه‌ر ڕاى گشتى خه‌ڵكى ئێران‌دا. خومه‌ینى كه له سه‌ره‌تادا بڕیار بوو دواى دوورخستنه‌وه‌ى له عێراق، له كو‌یت یان سووریه نیشته‌جێ بێت، به وه‌رگرتنى ڕاى ڕاوێژكاره‌كانى، به‌ره‌و پاریس رێكه‌وت. پاش نیشته‌جێ بوونى خومه‌ینى له (نووفل لۆشاتۆ)، ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانى ڕۆژئاوا به‌گشتى و به تایبه‌تی به‌شه فارسییه‌كانیان بۆ ئه‌و ته‌رخان كران.
ئه‌مه له حاڵێكدا بوو كه ئێمه‌ى چه‌پ له ناوخۆى وڵات به كه‌مترین ئیمكاناته‌وه ڕاگه‌یاندنەكانى خۆمان به شێوەی (پۆلى كۆپى) و له ئاستێکی سنوورداردا بڵاو ده‌كرده‌وه. به‌ڵام هه‌موو شه‌وێك به‌شى فارسى ڕادیۆی (بى.بى.سى) فه‌رمانه‌كانى خومه‌ینى بۆ سه‌رتاسه‌رى ئێران ده‌گواسته‌وه و هه‌واڵى ده‌ركه‌وتنى وێنه‌ى ئیمامى له‌ناو مانگدا ده‌كرد به قوڕگى خه‌ڵكدا.
شۆڕشى ئێران له به‌ره‌وپێشچوونى خۆیدا هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتى گرینگیشى به‌ده‌ستهێنا. له‌وانه ده‌توانین ئاماژه به پێكهاتنی شۆڕا جه‌ماوه‌رییه‌كان له شاره‌كان، شۆڕا كرێكارییه‌كان له ناوه‌نده‌كانى وه‌به‌رهێنان و دامه‌زراندنى دێموكراسیه‌تێكى ڕاسته‌قینه له‌خواره‌وه له بوارى ئازادى ڕاده‌ربڕین و هتد… بكه‌ین. هه‌روه‌ها پێویسته په‌سه‌ندكردنى ده‌وڵه‌تى به‌ختیار له لایه‌ن شاوه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ساواک و دەرچوونی شا له ئێرانیش به ده‌سكه‌وته‌كانى شۆڕش بزانین.
له ڕوانگە‌یه‌كى تره‌وه، دوترێت كه مانگى به‌فرانباری،
١٣٥٧ كه مه‌ترسى به‌دیلێكى ئیسلامى بۆ شۆڕش جیدی بۆ‌وه، پێویست بوو له گه‌ڵ به‌ختیاردا سازش و ڕێكه‌وتن بكرێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه كه چ هێزێك توانایى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كه سازشێكى وا ئه‌نجام بدات؟ له واقیعدا تێگه‌یشتن و لێهاتوویی پێویست بۆ به‌ره‌وپێشبردن و جێبه‌جێكردنى گرینگییه‌كى له‌مجۆره، نه له لایه‌نه چه‌په لائیكه‌كاندا هه‌بوو، نه وه‌ها هێزێكى واقیعى و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری كه له‌و كاته‌دا بتوانێت ئاڵاهه‌ڵگرى سازشێكى وه‌ها بێت، له ئارادا بوو. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه، ڕاپه‌ڕینی ٢٢ی ڕێبه‌ندان و پێكدادانه چه‌كدارییه‌كانى ئه‌و ڕۆژانه، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا وه‌ك دژه ڕه‌وتێك خۆى نواند و له حاڵێكدا ڕوویاندا كه خومه‌ینى به به‌رده‌وامى جه‌ماوه‌رى له ڕووداوى له‌و چه‌شنه، مه‌نع ده‌كرد و هه‌ڵاوهه‌نگامه‌ی لایه‌نگره‌كانى له گوێى هه‌مواندا دەزرینگایەوە كه ده‌یانوت ئیمام هێشتا فه‌رمانى جیهادى نه‌داوه. به‌ڵام جه‌ماوه‌ر، كه له بەشێوەیەکی سروشتی هه‌ستییان به مه‌ترسى ده‌ست به‌سەرداگرتنی شۆڕش ( لە هه‌ندێ لایه‌نەوە) ده‌كرد، گوێیان به‌و وتانه نەدا و به‌م شێوه هێرشكردنه سه‌ر ناوه‌نده‌كانى ده‌سه‌ڵات، كه لایه‌نگرانى خومه‌ینى دیانویست به دەست لێنەدراوی ده‌ستى به سه‌ردا
بگرن، ده‌ستیپێكرد. ئه‌م ڕووداوه كه لوتكه‌ى شۆڕشى ٥٧ بوو، پرسی سه‌ركوتكردنى شۆڕشی له ساڵه‌كانى دواتردا، دژوارتر كرد. چونكه خه‌ڵك چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه بوو و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى درێژبوونه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌ركوتكردنى شۆڕش. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام، ئه‌ركى سه‌ركوتكردنى شۆڕش كه ڕژیمی شا نه‌یتوانیبوو ئه‌نجامى بدات، كه‌وته ئه‌ستۆى ڕژیمى ئیسلامى و ئه‌م ڕژیمه له ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌یه‌ى ٦٠ دا ئه‌و ئه‌ركه‌ى به‌جێ هێنا.