کرێکارانی شارەوانیی زاهیدان ڕایدەگەیەنن کە تا کۆتاییی مانگی خەزەڵوەر، بەشێکیان دوو مانگ و بەشێکی دیکەشیان سێ مانگ مووچەی دواکەوتوویان لە شارەوانی وەرنەگرتووە.
ئەم کرێکارانە بە ئاماژەدان بە دووبارەبوونەوەی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا دەڵێن: لە دواین بەدواداچوونەکاندا بەرپرسان بەڵێنیان دابوو کە لانیکەم بەشێک لە شایستە داراییەکانیان پێ بدەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە مانگی خەزەڵوەر (ئابان)، هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەهاوێژراوە. کرێکارانی ناڕازی جەخت دەکەنەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بژێوی و خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیانیانی لەگەڵ تەنگژە ڕووبەڕوو کردووەتەوە و لە دۆخێکی یەکجار سەختدا، بەبێ وەرگرتنی مووچە، چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی داواکارییەکانیانن.


