پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

کاتێک بەرگری دەبێتە تاوان؛ دەربارەی سەرکوتکردنی پارێزەران لە ئێران

 

شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیێنراوێکی تازەدا ڕایانگەیاندووە کە لە نێوان سێپتامبری ٢٠٢٥ تا سێپتامبری ٢٠٢٦دا لانیکەم ١٣٥ پارێزەر لە ئێران دەستگیرکراون، بانگهێشتکراون، زیندانیکراون، لە کار هەڵپەسێردراون یان قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان بەسەردا سەپێنراوە. بەوتەی هەمان شارەزایان، تەنیا لە دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ژانویە و فێوریەی ٢٠٢٦، لانیکەم ٢٣ پارێزەر، کە پێنجیان ژن بوون، کەوتوونەتە زیندانەوە. ئەم ئامارانە ئەوە نیشان دەدەن دەوڵەتێکی کە بۆ مانەوەی خۆی پشتی بە سەرکوت بەستووە، هەموو ئەو دەروازانەی کە لە نێوان هاوڵاتیی بێ‌ دیفاع و دەسەڵاتدا ماوەتەوە، یەک لە دوای یەک دادەخات. لە سیستەمێکدا کە دادگاکانی شۆڕش و دامەزراوە ئەمنییەکان زاڵن بەسەریدا، پارێزەری سەربەخۆ دوایین کەسە کە هێشتا دەتوانێت پشتی تۆمەتبار بگرێت، و هێرش بۆ سەر ئەو لە ڕاستیدا هێرشە بۆ سەر ئەو تاکە ئیمکانەش.

چارەنووسی ئەمیرسالار داوودی ڕوونترین نموونەی ئەم ڕەوتەیە. ئەو دوای ئەوەی لە دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بەرگری لە دوو موەکیلی خۆی کرد دەستگیرکرا، لە کاتێکدا یەکێک لەو دوو کەسە بە لەسێدارەدان و ئەوی دیکەیان بە ٢٥ ساڵ زیندان مەحکوم کراوە. داوودی پێشتریش، لە ساڵی ٢٠١٩، بەهۆی چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی بە زیندان و شەلاق مەحکوم کرابوو. نەسرین ستووده، پارێزەری دادگوستەری، لە گوڵانی ١٤٠٥ دیسان دەستگیرکرایەوە. ئەم پەروەندانە لە دەگمەن و جیاواز نین و بوونەتە چیرۆکێکی بەردەوام دووبارەبووەوە. پارێزەران لە وەرگرتنی پەروەردەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکان مەنع دەکرێن، لە پەروەندە بە ناو ئەمنییەکاندا تەنیا بە پارێزەرە پەسەندکراوەکانی دەسەڵاتی دادوەری ئیزنی ئامادەبوون دەدرێت، و پارێزەری سەربەخۆ هەم لە دیدارکردنی موەکیلەکەی بێبەش دەکرێت و هەم لە دەستڕاگەیشتن بە پەروەندەکە. ئەنجامەکەی بریتییە لە دادگاییکردنێک کە حوکمەکەی پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکە دیاریکراوە، و لەم جۆرە میکانیزمەدا لەسێدارەدانی ناڕازییان دەبێتە کارێکی ئاسایی ئەم سیستەمە.

ژنانی پارێزەر لەم نێوەدا بارێکی قورستر دەکەوێتە سەرشانیان. ئەوان جارێک وەک بەرگریکاری ناڕازییان سەرکوت دەکرێن، و جارێکیش بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ یان ئەوەی پێی دەڵێن جلوبەرگی نەگونجاو، هۆشدارییان پێدەدرێت، لە کار ڕادەگیرێن و ڕووبەڕووی پەروەندەی دیسپلین دەبنەوە. ئەو کەمپەینانەی بۆ خراپکردنی ناوبانگی پیشەیی و ئەخلاقییان دەستیان پێکردووە، هەمان ئەو ئامرازە کۆنەیە کە دەسەڵات بەردەوام لەدژی ئەو ژنانە بەکاری هێناوە کە پێیان ناوەتە ناو گۆڕەپانی گشتییەوە. حیجابی زۆرەملێ بەم مانایە تەنیا پەیوەندی بە پۆشاکەوە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ کۆنتڕکردنی نیوەی کۆمەڵگا و هۆشدارییەکە بۆ هەر ژنێکی کە بیەوێت لەو سنوورە تێپەڕێت کە بۆیان دیاری کردووە.

لەهەمان کاتدا، ناوەندەکانی پارێزەران، کە دەبێت دامەزراوەیەکی پیشەیی و سەربەخۆ بن، هەنگاو بە هەنگاو د

دەستیان بەسەردا دەگیرێت. هەڵبژاردنی هەندێک ناوەند تێکدراوە یان هەڵوەشێنراوەتەوە، کاندیدە ڕەخنەگرەکان ڕەتکراونەتەوە و دامەزراوە هاوتەریبەکانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر بوون. ئەمە هەمان وێنەیە کە ساڵانێکە دەسەڵات بەرامبەر بە کرێکاران جێبەجێی کردووە، واتە دروستکردنی شۆڕای ئیسلامی کار لە جیاتی سەندیکای سەربەخۆ، و دانانی دامەزراوەیەکی دەستکرد لە جێگەی ڕێکخراوێکی کە لە خوارەوە دروست بووبێت.

لەمڕووەوە سەرکوتکردنی پارێزەران ناکرێت لە سەرجەم پێکهاتەی سەرکوت لە کۆماری ئیسلامی جیا بکرێتەوە. هەمان ئەو دادگایانەی شۆڕش کە ئەمڕۆ ڕێگا لە ئەرکی بەرگریکردنی پارێزەران دەگرن، ساڵانێکە چالاکوانانی سەندیکایی دادگایی دەکەن، لە سەندیکای شۆفیرانی شیرکەت واحید و کرێکارانی هەفت‌تەپەوە بگرە تا چالاکوانانی کانوونی پیشەیی موعەلیمان. تاوانی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی، هەر بەو ڕادەیەی کە وەک ئامرازێک بۆ کرێکارێک بەردەستە کاتێک داوای حەقدەستە دواکەوتووەکەی دەکات، بۆ پارێزەرێکیش کە بەرگری لێدەکات بەردەستە.

ئەم سەرکوتە کوێرکوێرانە نییە و لۆژیکێکی چینایەتی لەپشتە. ئابووریی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە تایبەتکردنی ڕانتی، پەرەسەندنی گرێبەستی کاتیی، داڕمانی حەقدەستی ڕاستەقینە و فراوانبوونی ئیمپراتۆریەتی ئابووریی دامەزراوە نیزامیی و بنیادەکان سەرلەنوێ شکڵی گرتووەتەوە. سیستەمێکی لەم چەشنە تەنیا کاتێک بەردەوام دەبێت کە دەنگی ڕێکخراوی هەژاران و بێبەشانی خوارەوە کپ بکرێت، و لەمڕووەوە هەر ڕێکخراوێکی سەربەخۆ، لە سەندیکای کرێکارانەوە بگرە تا کانوونی پارێزەران، وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئەم کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕانتییە لەقەڵەم دەدرێت.

سەرکوتی نەتەوە و کەمینە جیاوازەکانیش بەشێکە لەم پڕۆسەیە. شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێک جار سەبارەت بە زیادبوونی دەستگیرکردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان لە کوردستان و بەلووچستان هۆشدارییان داوە. ناوچە پەراوێزخراوەکان هەم هەژارترن و هەم ئەمنییەتی تر، و هەژاری و سەرکوت تێیاندا یەکتر بەرهەم دەهێننەوە.

دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی پارێزەرانەوە تا فیدراسیۆنی ناوەندەکانی پارێزەرانی ئورووپا، بە دروستی زەنگی مەترسییان لێداوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە ڕاگەیێنراوە دیپلۆماسییەکان بە تەنیا ناتوانن دەستی سەرکوت کورت بکەنەوە، و ئەو دەوڵەتانەی ئەمڕۆ لە مافی مرۆڤ لە ئێران دەدوێن لەوانەیە سبەی هەمان پەروەندە لە ساتوسەودای سیاسیدا بخەنە لاوە. هێزی ڕاستەقینە لە پەیوەندی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دایە، واتە لە کرێکارێکدا کە پشتگیری لە پارێزەری زیندانی دەکات، لە پارێزەرێکدا کە پەروەندەی ئەندامێکی سەندیکا وەردەگرێت، و لە بزووتنەوەی ژناندا کە ئەم دووانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی نیشانی دا کە ئەمجۆرە پەیوەندییانە مومکینە.

بەرگریکردن لە مافی بەرگری لە کۆتاییدا بەرگرییە لە ئەگەری هەر چەشنە خۆڕاگرییەک. کۆمەڵگایەکی کە پارێزەری سەربەخۆی نەبێت، کرێکار و موعەلیم و ناڕازییەکانیشی بێپەنا و بێ دەرەتان دەمێننەوە. ئازادی دەستبەجێی سەرجەم پارێزەرانی زیندانیی، لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پارێزەر، سەربەخۆیی تەواوی ناوەندەکانی پارێزەران و ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە زومرەی کەمترین ئەو داواکارییانەن کە دەبێت بخرێنە ڕوو، و ئەم داواکارییانە بەبێ خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتیش مانایەکی تەواو نابەخشێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *