
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، دانیشتنی دووبارەی دادگایی وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و بەندکراوی سیاسیی کورد، بە هۆی بایکۆتکردنی لە لایەن ئەم چالاکوانەوە بەڕێوە نەچوو.
ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، بڕیار بوو دانیشتنی دادگای وریشە مورادی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەلەواتی بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی بە فەرمی دان بە دادگاکەدا نانێت، ئامادە نییە بەشداریی بکات. پاش ئەم بڕیارە و سەرەڕای ئامادەبوونی پارێزەرەکانی لە دادگا، دانیشتنەکە هەڵوەشایەوە. جێگای ئاماژەیە کە وریشە مورادی پێشتر لەلایەن هەمان لقەوە بە تۆمەتی شۆڕشی چەکداری دژی حکوومەت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام لقی نۆیەمی دیوانی باڵای وڵات بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و جێبەجێنەکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان، سزاکەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە گەڕاندەوە.