
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گواستنەوەی دەیان بەندکراوی نوێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، کە پێشتریش بەدەست کەمیی شوێنەوە دەیانناڵاند، بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیی توندی زیندانییانی سیاسیی ئەو بەندە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، لەناکاو نزیکەی ٦٠ ژنی بەندکراو کە بە تۆمەتی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان سزادرابوون، لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی ئێڤین گواستراونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تا ئێستا ٤٩ کەس لەو بەندکراوانە خراونەتە نێو بەندی ژنان و ئەوانی دیکەش لە کەرەنتینەدا ڕاگیراون. ئەم هەنگاوەی بەرپرسانی زیندان کە بووەتە هۆی تێکچوونی زیاتری بارودۆخی مانەوەی بەندکراوان، ناڕەزایەتیی توندی ژنانی زیندانیی لێکەوتەوە. لە کاردانەوە بەم ناڕەزایەتییە، هێزەکانی پاسەوانی زیندان چوونەتە نێو بەندەکە و بە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە گرژی، هەڕەشەیان لە زیندانییان کردووە.