
گەمارۆی دەریایی و بەربەستی ئاسمانیی سەپێندراو بەسەر ئێراندا، ڕێڕەوە بازرگانییەکانی وڵاتی تووشی ئاستەنگێکی بێوێنە کردووە. بە لەکارکەوتنی بەندەرەکان، کە پایەی سەرەکیی بازرگانیی دەرەکیی ئێران بوون، و داخرانی ڕێڕەوە ئاسمانییە جێگرەوەکان، دەروازە وشکانییەکان، بەتایبەتی سنوورەکانی تورکیا و پاکستان، بوونەتە تاکە ڕێڕەوی چالاکی ئابووریی وڵات. بەڵام ئەم دەروازانە، کە لە باری ئاساییشدا لەگەڵ گرفت و ئاستەنگی ژێرخانی بەرەوڕوو بوون، نە لە ڕووی توانست و نە لە ڕووی ئیمکاناتەوە توانای ئەوەیان نییە قەرەبووی ئەو قەبارە زەبەلاحە بازرگانییە بکەنەوە کە پێشتر لە ڕێگەی دەریاوە دەگوێزرایەوە.
لە ئاوا کەشوهەوایەکدا، سنوورەکان لە خاڵێکی پەڕینەوەی سادەوە بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکیی قەیرانی ئابووریی ئێران، شوێنێکی کە ڕیزە چەند کیلۆمەترییەکانی بارهەڵگرەکان، چاوەڕوانییە چەند ڕۆژەییەکان و ناڕەزایەتیی شۆفێران، وێنەیەکی بەربەرچاو لە گوشاری شەڕ و گەمارۆ دەخەنە ڕوو. لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا، سەدان بارهەڵگر لە درێژایی جادەی بەرەو ئێران ڕاوەستاون. ئەم دەروازەیە کە لە باری ئاساییشدا قەرەباڵغ بوو، ئێستا ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی ئێران گرتووەتە ئەستۆ. بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشیەیتد پرێس، ڕیزی کامیۆنەکان گەیشتوونەتە چەندین کیلۆمەتر و کاتی چاوەڕوانی لە سێ ڕۆژی ئاساییەوە بۆ پێنج ڕۆژ و زیاتریش زیادی کردووە. بەپێی داتاکانی بەشی لۆجستیکی زێرەڤانیی سنووری تورکیا، لە کاتی چاوەڕوانیی بارهەڵگرەکان بووەتە زیاتر لە چوار بەرامبەر و ژمارەی بارهەڵگرەکانی سەر سنوور لە ۲۰۰ ئامێرەوە گەیشتووەتە ۱۲۰۰ ئامێر، ژمارەیەکی کە وڵاتی جێگەی مەبەست بەشێوەیەکی بنەڕەتی توانای وەرگرتنی نییە. لە دیوی ئێرانیش بارودۆخەکە لەوە سەختترە: کاتی چاوەڕوانی لە نێوان ۱۲ تا ۲۵ ڕۆژ دەخایەنێت و پشکنینە درێژخایەنەکان، پرۆسەی هاتن و دەرچوونی کەلوپەلەکانیان هێواشتر کردووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان سنووری ئێران و پاکستانیش دۆخێکی هاوشێوەی هەیە، هەرچەندە دوو وڵات ڕێککەوتوون دەروازەکان بکەنە ۲۴ کاتژمێری و دەروازەیەکی نوێ لە ناوچەی کۆهەک بکەنەوە، بەڵام قەبارەی ئەو بازرگانییەی لە دەریاوە گوێزراوەتەوە بۆ ئەم ڕێگەیانە ئەوەندە گەورەیە کە ئەم هەوڵانە تەنیا بەشێکی بچووک لە گوشارەکان کەمدەکەنەوە.
ئەوەی لە پشت ئەم ڕیزە چەند کیلۆمەترییانەوە کەمتر دەبینرێت، زنجیرە شوێنەوارێکە کە ئەم بەستێنە ترانزێتییە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بەتایبەت کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکان، جێیدەهێڵێت. کاتێک کەلوپەلێک کە پێشتر لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بەندەرەوە هاوردە دەکرا، ئێستا حەفتانە لە ڕیزەکانی سەر سنووردا پەکی دەکەوێت، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی، بریتییە لە کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە بازاڕەکانی ناوخۆ، و هەروەها کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە ئابوورییەکیشدا کە خواست تێیدا کەمی نەکردووە، واتە بەرزبوونەوەی نرخ. ئەم میکانیزمە بەتایبەتی لە کەلوپەلە سەرەکییەکانی خەڵکی هەژاردا خۆی دەنوێنێت: پێداویستییەکانی ئاژەڵداری و خۆراکی پەلەوەر کە هاوردەکردنیان بە ڕێڕەوە سنوورییەکانەوە بەستراوەتەوە، بەخێرایی گرانیی نان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، مریشک و هێلکە پەرە پێدەدات، دەرمان و کەرەستەی خاوی دەرمانسازی کە لە ڕیزە چەند حەفتەیییەکاندا گیریان خواردووە، کەمیی کەلوپەلە دەرمانییەکان قووڵتر دەکەنەوە، هەروەها کەلوپەلە سەرەکییەکانی دیکەش کە بەشێک لە زنجیرەی دابینکردنیان بە هاوردەکردنەوە بەستراوەتەوە، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبنەوە. تێچووی زیادەی گواستنەوەش، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ درێژبوونەوەی ڕێگا، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی چاوەڕوانی لەسەر سنوور، ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆسەر نرخی کۆتایی کەلوپەل لە بازاڕدا. لە بارودۆخێکی ئاوادا، بنەماڵە کەمدەرامەتەکان کە بەشێکی بەرچاو لە داهاتەکەیان تەرخان دەکەن بۆ کەلوپەلە سەرەکییەکان، بەبەراورد لەگەڵ توێژە دەوڵەمەندەکان زەبرێکی زۆر قورستریان بەردەکەوێت، ئەو توێژانەی کە یان توانای تەحەمولی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان هەیە یان سوود لە بازاڕی ڕەش وەردەگرن.
کاریگەریی ئەم بنبەستە تەنیا بازاڕی بەکاربر ناگرێتەوە. بەشێکی گەورە لە یەکە بەرھەمهێنەرە بچووک و مامناوەندەکانی وڵات، لە کارگەکانی ڕستن و چنین و پارچەسازییەوە بگرە تا یەکەکانی ڕێکخستن و بەستەبەندی، پیشەسازیی خۆراک و بەرھەمهێنانی کەلوپەلی ناوماڵ، بۆ بەردەوامیی کارەکانیان پشتیان بە کەرەستەی خاو، پارچەی یەدەگ و ئامێرە هاوردەکراوەکان بەستووە. کاتێک هەمان ئەم کەلوپەلانە حەفتانە لە پشت سنوورەکاندا پەکیان دەکەوێت، هێڵی بەرھەمهێنان ڕادەوەستێت. ئەنجامی ئەم وەستانە بۆ ئەو کرێکارانەی لەم یەکانەدا کار دەکەن، هیچی تر نییە بێجگە لە داخرانی کاتیی یان هەمیشەییی کارگەکان، دواکەوتنی مووچە و لە سەرەنجام بێکاری. بەم شێوەیە، هەمان ئەو قەیرانەی کە لە بازاڕی بەکاربردندا بەشێوەی گرانیی نان و دەرمان دەردەکەوێت، لە بازاڕی بەرھەمهێناندا بەشێوەی داخرانی کارگە و لەدەستدانی هەلی کاری کرێکاران ڕەنگدەداتەوە، دوو ڕووی یەک سکە کە هەردووکیان قورساییەکەیان دەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار و توێژە کەمدەرامەتەکان.
ئەم دیمەنە وردە، ئامارە گشتییەکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە. بەپێی داتا فەرمییەکان، ئابووریی ئێران لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ۱۰٪ بچووک بووەتەوە. دابەزینی بەهای ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، گوشاری کۆمەڵایەتیی قووڵتر کردووەتەوە. شۆفێرانی بارهەڵگر، کە ئێستا ئەرکەی سەرەکیی بازرگانیی وڵاتیان لەسەر شانە، خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیانی ئەم بارودۆخەن: بەرزبوونەوەی ۲۵٪ی نرخی سووتەمەنی، کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتەکان و دابەزینی ئێجگار زۆری داهات، گرانیی پارچە و تایەی ئۆتۆمبێل، تێکچوونی زۆری ئۆتۆمبێلەکان و نەبوونی ئیمکاناتی حەوانەوە لە سنوورەکان، ژیانی ڕۆژانەیانی دژوار کردووە.
ئاسۆشیەیتد پرێس لە زاری پسپۆڕێکی ئابوورییەوە جەخت دەکاتەوە کە پێش شەڕ، زیاتر لە ۸۰٪ی بازرگانیی ئێران بەستراوەی کەنداوی فارس بوو، قەبارەیەکی کە لە ڕووی توانست، خێرایی و تێچووەوە، بە ئاسانی ناتوانرێت بگوازرێنەوە بۆ ڕێگە وشکانییەکان. ڕێگە وشکانییەکان، هەرچەندەش بە ڕێککەوتنەکانی وەک کراوەبوونی ۲۴ کاتژمێری سنوورەکان یان کرانەوەی دەروازە نوێیەکان بەهێز بكرێن، تەنیا دەتوانن ڕۆڵی ئازارشکێنێکی کاتی بگیڕن، نە جێگرەوەیەکی بەردەوام بۆ ڕێگەی دەریایی. ڕیزە چەند کیلۆمەترییەکانی بارهەڵگرەکان، کەمبوونەوەی داهاتی شۆفێران، داخرانی کارگەکان، گرانی و کەمیی کەلوپەلە سەرەکییەکان، و بچووکبوونەوەی بەردەوامی ئابووری، هەموویان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕێگەچارە فریاگوزارییە، تەنیا تێچووی ڕاستەقینەی گەمارۆکەی دواخستووە و لە بەندەرەکانەوە گواستوویەتییەوە بۆ سەر سفرهی بنەماڵە کەمدەرامەتەکان و دەرگای کارگە بەرھەمهێنەرەکان. ئاییندەی بازرگانیی دەرەکیی ئێران، و لە ئەنجامدا چارەنووسی ئابووریی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکار و هەژار، زیاتر لە هەموو کاتێک بەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆییەکان و ئەنجامی گوفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا و داهاتووی ئاشتی لە ناوچەکە. بەبێ لابردنی گەمارۆی دەریایی، هیچ چاکسازییەکی ژێرخانی لە سنوورەکان ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەم قەیرانە بکات.