
هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوارگەی ”دۆڵەلێنێ”ی چیاکانی قەندیل تەقەیان لە شوانکاران و مەڕوماڵاتی هاووڵاتییان کرد، کە لە ئەنجامدا شوانێكی تەمەن ٦٩ ساڵ بە ناوی ”وسوو حەسەن محەممەد” بریندار و چەندین سەر مەڕیش کوژران.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ناوبراو بە هۆی تەقەی ڕاستەخۆ و نایاسایی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە سەختی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ لە پارێزگای سلێمانی کراوە. شایانی باسە کە دۆخی تەندروستی ئەو هاووڵاتییە لە باشیدایە و بڕیارە نەشتەرگەری بۆ بکرێت. مەڕدارانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنگی مەرزی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا کە مەڕداران نزیکی سنوور نابنەوە، هاووڵاتیانی دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و بە هۆیەوە تا ئێستان چەندین هاووڵاتی بریندار یان گیانیان لە دەستداوە.