
سی و یەکی پووشپەڕ، ساڵیادی یەکێک لە درەوشاوەترین ساتەکانی خۆڕاگریی مەدەنی و چینایەتییە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، ڕۆژێکی کە خەڵکی شاری ماریوان، لە بەرامبەر هەڕەشەی شەڕێکی چاوەڕوان نەکراو و سەپێنراو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێگەیەکی داهێنەرانە و بێوێنەیان بۆ بەرگریکردن لە گیان و کەرامەتی خۆیان دۆزیوە. چل و حەوت ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بەڵام یادی ئەم ڕووداوە هێشتا زیندووە، ئەڵبەت نەک تەنیا وەک بیرەوەرییەکی مێژوویی، بەڵکوو وەک مۆدێلێک لە هاوپشتیی جەماوەریی کە دەنگدانەوەکەی لە ئاخێزەکانی ئەمڕۆش، لەوانە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»،دا ببیسترێت.
ئەو زەمینەیەی کە ئیمکانی کۆچەکەی ڕەخساند
کۆچی مەریوان لە بۆشاییدا ياخود بەڕێکەوت شکڵی نەگرت، بەڵکوو ڕێخۆشکەرەکەی، بریتی بوو لە ئەزموونی چەند مانگەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی لەو شارە. دوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، شاری ماریوان بە پشتبەستن بە شۆڕای شار، کە لەلایەن خەڵکەوە پشتگیرییەکی بەرینی لێدەکرا، بەڕێوەدەبرا. لە پەنای شۆڕادا، چەندین دامەزراوەی جەماوەریش پێکهاتبوون لەوانە: یەکێتیی جووتیاران، کۆمەڵەی موعەلیمان، ستادی نیزامی پاراستنی شار، شۆڕای کرێکارانی شارەوانی، یەکێتیی کرێکارانی بێکار، یەکێتیی ژنان و کانونانی خوێندکاران. ئەم ڕێکخراوانە کە زۆرتر بە هەماهەنگیی کۆمۆنیستەکان و بەتایبەتی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە، لەوانە هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی بەڕێوەدەبران، هەژموونێکی ڕاستەقینەیان لە شاردا هەبوو و هەروەها وێنەیەکی زیندوویان لەوەی کە دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و دەسەڵاتدارێتی چیینی کرێکار و زەحمەتکێشان دەتوانێت چۆن بێت، نیشان دابوو.
ئەم دەستکەوتانە بەڵام بۆ دەوڵەتی ناوەندیی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو تەحەمول نەدەکرا. دەستەوپیوندە خۆجێییە کۆنەپەرستەکان، لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکدا بە ناوی “مەکتەب قورئان“، کە ببووە شوێنی کۆبوونەوەی دەرەبەگەکان، ساواکییەکانی پێشوو و لایەنگرانی ڕژێمی نوێ، بە پشتیوانیی پادگانی مەریوان، ئاستەنگییان لە کاری شۆڕا و دامەزراوە جەماوەرییەکاندا دروست دەکرد. فەرمانی هێرش بۆ سەر شار دەرچوو بوو و مستەفا چەمران ڕاسپێردرابوو بۆ جێبەجێکردنی. لە فەزایەکی ئاوادا، تیرۆری هەڵسووڕاوان و ئاژاوەگێڕیی چەکدارانە دەستی پێکرد، بەڵام ئەو سەرکوتکارییە لەبری پرشوبڵاوی و لێکدابڕان، ڕیزەکانی خەڵکی مەریوانی یەکگرتووتر کرد. شۆڕای شار بە هاوفکری بەکۆمەڵ، هم ئاسایشی ناوخۆی دابین کرد و هم پەیوەندیی لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێراندا پەرەپێدا.
لە خۆپیشاندانەوە تا دەستبەسەرداگرتنی بنکەی سپا
لەگەڵ جێگیربوونی بنکەی سپای پاسداران لە ناو جەرگەی شاردا، بە یارمەتیی ئەندامانی مەکتەب قورئان، ئەزیەت و ئازار و هەڕەشەی شەوانەی دانیشتووان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا دەستی پێکرد. ئەم بەگژداچوونانە بە ئاشکرا بەمەبەستی خۆئامادەکردن بوو بۆ بەڕێوەبردنی پەلاماری سەربازی لە ناوخۆی شارەوە. لە وەڵامدا، “ستادی پاراستن“ی شار لە ڕۆژی ۲۳ی پووشپەڕدا خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەی لەدژی ئەم ئاژاوەگێڕییانە و هەروەها پڕوپاگەندەی ژەهراویی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕێکخست. زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی شار و گوندەکانی دەوروبەر لەم ڕۆژەدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و شکۆدار هاتنە سەر شەقام، خۆپیشاندانێکی کە خەڵتانی خوێن کرا، بەڵام لەبری پاشەکشە، خۆپیشاندەرانی تووڕە دەستیان بەسەر بنکەی سپادا گرت و کۆنتڕۆڵی شاریان لە دەستی دەستەوپیوندە خۆجێییەکانی ڕژێم دەرهێنا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەڕەشەی پادگان هەروا بەردەوام بوو.
کۆچکردن لەبری تەسلیم بوون ياخود کۆمەڵکوژی
لەو ڕۆژەوە تا ۳۱ی پووشپەڕ، چەندین گەڕی دانوستان لەگەڵ فەرماندەی پادگان گەیشتە بنبەست. کاتێک فەرماندە بڕیاری دەوڵەتی بۆ داگیرکردنی زۆرەملێی شاری ڕاگەیاند، ئەندامانی شۆڕای شار لە ڕاوێژێکی نیو کاتژمێریدا، بڕیارێکی مێژووییان دا: چۆڵکردنی بەکۆمەڵی شار، لەبری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نابەرابەر لەگەڵ هێزێکی پڕچەکوچۆڵ. ئەم بڕیارە دەستبەجێ گەیاندرایە خەڵک و لە ماوەیەکی کورتدا، بە ڕێکوپێکی و خێراییەکی سەرسوڕهێنەر، شار لە دانیشتووان چۆڵ کرا. تەنیا گرووپێک خۆبەخش مانەوە بۆ پاراستنی ماڵی خەڵک.
ئەوەی لە هەنگاوی دواییدا ڕووی دا، زۆر زیاتر بوو لە پاشەکشەیەکی تاکتیکی، لە ئۆردوگای “کانی میران“، شۆڕای شار و هێزە خۆبەخشەکان ژیانی بەکۆمەڵی خەڵکیان لە ماوەیەکی کورتدا ڕێکخست. هەواڵی ئەم کۆچە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەنگی دایەوە و شەپۆلێک لە هاوپشتی لە سەرانسەری ئێران و کوردستانەوە دەستی پێکرد، لەوانە ڕێپێوانی خەڵکی شاری سنە کە لەسەر ڕێگەی خۆیاندا، هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوانی دەستی هێزەکانی پادگانیان ئازاد کرد.
سەرکەوتنی خۆڕاگریی بەکۆمەڵ
جێگیربوونی ڕێکخراوی خەڵک لە کانی میران و ئیرادەی ئەو خەڵکە بۆ خۆڕاگریی بەکۆمەڵ، دەوڵەت و سپای پاسدارانی ناچار کرد لەگەڵ نوێنەرانی شۆڕای شار، بە ڕێبەریی هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی لەسەر مێزی دانوستان کۆببنەوە. سەرەنجام لە ۱۳ی گەلاوێژدا، دوای وەرگرتنی بەڵێنی سەبارەت بە پاراستنی خەڵک و پاراستنی دەستکەوتەکانیان، کۆچی سەربەرزانەی خەڵکی مەریوان کۆتایی هات، ڕووداوێکی کە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی، ببووە فێستیڤاڵێکی شکۆدار و جێگەی شانازی لە خۆڕێکخستنی جەماوەری و هەتا ئێستا بووەتە بابەتی دەیان پەڕتووک و سەدان وتار بووە.
ئەم سەرکەوتنە، ورەیەکی نوێی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری ئێراندا بەخشی. هاوڕێیانی کۆمەڵە لە مەریوان و لە سەروویانەوە هاوڕێیانی گیانبەختکردوو فوئاد مستەفا سوڵتانی و عەتا ڕۆستەمی، لەم دەستکەوتەدا ڕۆڵێکی بێوێنەیان گێڕا. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم دەستکەوتە دیموکراتیکانەی تەحەمول نەکرد و تەنیا پانزە ڕۆژ دواتر، لە ۲۸ی گەلاوێژی ۱۳۵۸دا، هێرشی سەراسەریی خۆی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد، هێرشێکی کە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی، لەژێر ناوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، بردە قۆناغێکی نوێوە.
میراتێکی کە هێشتا زیندووە
کۆچی مەریوان دەبێت لە بەستێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا، واتە خەباتی چینایەتیی جەماوەرێکی کە زۆربەیان کرێکار، جووتیار و زەحمەتکێش بوون، تێبگەین. داواکارییەکانی خەڵکی مەریوان تەنیا مافی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو خوازیاری دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕزگاربوون لە هەڵاواردنی پێکهاتەییش بوون. لە بەرامبەریاندا، حوکمەتێک هەبوو کە نوێنەرایەتیی مەلا و توێژە دەسەڵاتدارەکانی دەکرد و دەسەڵاتدارێتی جەماوەریی بە هەڕەشەیەک بۆسەر مانەوەی خۆی دەبینی. ژنانی مەریوان، لە ڕێکخستنی ژیانی بەکۆمەڵ لە کانی میران و لە ڕیزەکانی بەرخۆداندا، ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا، ڕۆڵێک کە ڕیشەکەی دەکرێت لە حزووری بەرچاوی ژنان لە ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی“دا بەدی بکرێت.
لە ساڵیادی ئەم کۆچە مێژووییەدا، یاد و بیرەوەریی سەرجەم ئەو کەسانە بەرز ڕادەگرین کە لەم جووڵانەوەیەدا بەشدارییان کرد و ئەوانەش کە لە ساڵانی دواتردا، لە سەنگەرەکانی دیکەی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا گیانیان بەختکرد. مێژووی کوردستان پڕییەتی لەو ساتەوەختانەی کە خەڵکەکەی لە بەرامبەر سەرکوتکاری و نادادپەروەریدا، ڕێگەی چاوەڕواننەکراو بەڵام داهێنەرانەیان بۆ خۆڕاگریی و بەرخۆدان دۆزیوەتەوە. کۆچی مەریوان یەکێکە لە دیارترینی ئەم ساتانە. کۆچی مەریوان بەیاننامەیەکی زیندوو بوو لەدژی نیزامیگەری و سەرکوتکاری، کە نیشانی دا “کاتێک جەماوەر دێنە مەیدان، لەپەڕەیەکی نوێ لە مێژوو هەڵدەدرێتەوە.”