
بەپێی هەواڵەکان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت و توندتربوونی کەشی ئەمنی لە ئێران، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا ٦٥٠٠ کەس دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکان، دەزگای دادی ڕژێمیش ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمە قورسەکان، لەوانە لەسێدارەدان، دژی خۆپێشاندەرانی مانگی بەفرانبار لەوانە زیندانیانی سیاسی و ئەقیدەتی توندتر کردووە. لە حەفتەکانی ڕابردوودا دەیان زیندانی بە تۆمەتی سیاسی، ئەمنی و پێوەندیدار بە خۆپێشاندانەکان لەسێدارە دراون؛ بابەتێک کە کاردانەوە و هۆشداریی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە. پێشتر سەرۆکی دەزگای دادی ڕژێم، داوای لە بەرپرسانی ئەم ئۆرگانەی ڕژێم کردبوو کە بەرەوڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و نەیاران توندتر بکەن و ڕەوتی پێڕاگەییشتن و جێبەجێکردنی حوکمەکان، بەتایبەت حوکمەکانی لەسێدارەدان، بە خێراییەکی زیاترەوە ئەنجام بدرێت. ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکان، پچڕانی ئینتەرنێت، دانپێدانانی زۆرەملێ و دەرکردنی حوکمە قورسەکانی وەک بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتی ڕێکخراوی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکان و دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا وەسف دەکەن.