پەیام – ماڵپەڕێکی سیاسی و هەواڵی

بەردەوامیی دەستبەسەربوون و ناڕوونیی چارەنووسی عادڵ پیرۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان

بەردەوامیی دەستبەسەربوون و ناڕوونیی چارەنووسی عادڵ پیرۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان

16:48 – 17 December 2023

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی عادڵ پیرۆزی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی، نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراوە و هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عادڵ پیرۆزی، تەمەن ٢٨ ساڵ، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی سەر بە شاری مەریوان، ماوەی ٢٧ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە و تا هەنووکە بە هیچ شێوەیەک مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدراوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ماوەی ڕابردوودا جگە لەوەی کە چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لێی قەدەغە کراوە، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری و بێبەشی کردووە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بانگ و پاش سەردانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییەن، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە عادڵ پیرۆزی لە پاییزی ساڵی ٢٧١٨ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی، سزای ٢ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاندووە.

ئەو هاووڵاتییە لە پاییزی ساڵی ٢٧١٩دا، دوای تێپەڕاندنی ٦ مانگ لە سزای دوو ساڵی بەندکرانەکەی، ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ٢٧١٩ لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان ئازاد کرا.

Original Article

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *