
دوای تێپەڕبوونی ١5 ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی شەهرام ئەمینی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕایگەیاند: دەستبەسەرکرانی شەهرام ئەمینی بەدوای گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دراوە. ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان سەردانی شاری سلێمانیی کردبوو؛ میلاد کوڕی ئەو بنەماڵەیە لە کاتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا بەهۆی چالاکیی سیاسی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، ناچار ببوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت. شایانی باسه شەهرام ئەمینی تەمەن ٥٢ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٦ی مەی ٢٠٢٦)، لە کاتی گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.