
بەپێ دوایین زانیارییەکان، “عەبدوڵڵا پشابادی“، هاووڵاتیی تەمەن ٥٦ ساڵی خەڵکی شاری کامیاران، پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەرکرانی، هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون لە زیندانی دێزڵ ئابادی کرماشان ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم هاووڵاتییە کوردە کە باوکی دوو منداڵە و خەڵکی گوندی “پەشاوا“ی سەر بە شارستانی کامیاران و دانیشتووی شاری کرماشانە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەبێ بوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و ڕەوانەی گرتووخانە کراوە. شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە مانگێک، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.