
بەپێی ئەو وێنانە و ڕاپۆرتانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چەندین ڕێوەڕەسمی جیهانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە چەندین وڵاتی ئۆروپایی، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە شێوەیەکی چالاک بەشداریان لە ڕێوەڕەسمەکاندا کرد.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە شاری ئۆسلۆی نۆرڤێژ ڕێوەڕەسمێک بە بەشداری هەزاران کەس لە کرێکاران و هێزە سیاسییەکان لە مەیدانی کرێکار بەڕێوەچوو و نوێنەرانی حیزب و ڕەوتە چەپەکان وتارێکیان پێشکەش کرد. هەروەها ئەندامانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات بە بەشداریان لە لە ڕێپێوانەکە، بەرزکردنەوەی ئاڵا و وتنەوەی درووشمەکانی پەیوەندیدار بە داخوازییەکانی کرێکاران لە جیهان، بە شێوەیەکی چالاک بەشداریان لە ڕێپێوانەکەدا کرد. هەروەها لە شاری کۆتنبرگی سۆئد، ڕێپێوانێکی گەورە بە بەشداری کرێکاران، چالاکانی کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسییەکان بەڕێوەچوو و ئەندامانی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەرپرسیارانە لەو ڕێوەڕەسمەدا بەشداریان کرد. لە هەمان کاتدا لە فرانکفۆرتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمی ڕۆژی کرێکار بە بانگهێشتی یەکێتییە کرێکارییەکان بەڕێوەچوو و بەشداربووان بە وتنەوەی درووشمی پەیوەدیدار بە داواکارییە مەعیشەتییەکان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ئابوورییەکان، لە ڕێپێوان و کۆبوونەوەکاندا بەشداربوون. لەم ڕێوڕەسمەشدا، تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بەرپایی ستەند و چالاکیی تەبلیغاتی، لەگەڵ هێزەکانی تر ئامادەبوو. شایانی باسە کە لە ڕێوەڕەسمەکەی ئۆسلۆدا، لایەنگەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە مەبەستی تێکدانی ڕێپێوانەکە، بە ئاڵای کۆماری ئیسلامییەوە تێکەڵی ڕێپێوانەکە ببوون، لە لایەن بەشداربووانەوە ناچار بە بەجێ هێشتنی شوێنی مەراسمەکە بوون.