تەعاونیەکان ئەزموونە جیهانییەکان، خاڵە بەهێز و لاوازەکان لە خزمەتکردن بە توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا

چواری یولی بەرامبەر بە ١٣ی پووشپەڕ، بەپێی ڕۆژژمێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕۆژی جیهانیی تەعاونیەکان ناودێر کراوە. تەعاونیەکان شێوازێکن لە ڕێکخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە بەپێچەوانەی کۆمپانیا سەرمایەدارییەکان، نەک لەسەر بنەمای زۆرترین قازانج، بەڵکوو لەسەر پرەنسیپەکانی خۆبەخشی، خۆیارمەتیدان، خۆبەرپرسیارێتی، یەکسانی و هاوپشتی دامەزراون. تەعاونیەکان لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەی تەمەنیاندا لە گۆشە و کەناری جیهاندا، ڕۆڵێکی شایستەیان لە بەهێزکردنی توێژە هەژار و بێبەشەکاندا گێڕاوە، ئەگەرچی ئەم ئەزموونە هەرگیز بێ‌کەم‌وکوڕی و دژوازی نەبووە.

تەعاونیەکان ئەمڕۆ لە قاڵب و شێوازی جۆراوجۆردا و لە کەرتە جیاجیاکانی ئابووریدا چالاکی دەکەن لەوانە:

تەعاونیەکانی بەکاربردن، بە ئامانجی دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری بە نرخێکی گونجاو بۆ ئەندامان پێکهاتوون. نموونەی دیاری ئەمەش لە وڵاتانی ئیسکاندیناڤی، بەتایبەت سوئێد و فینلاند دەبینرێت، کە بە دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لە فرۆشگاکان، تێچووی ژیانیان بۆ بەکاربەران کەم کردووەتەوە و هێزی کڕینیانیان زیاد کردووە.

تەعاونیەکانی بەرهەمهێنان یان کرێکاری، کە کرێکاران خاوەندارێتی دەکەن و لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبرێن. لە ئیسپانیا (نموونەی ناسراوی مۆندراگۆن)، ئیتاڵیا و ئارژانتین ئەزموونی سەرکەوتوویان تۆمار کردووە، ئەزموونگەلێکی کە نیشان دەدەن تەعاونیە بەرهەمهێنەرەکان دەتوانن ببنە هۆی ڕەخساندنی هەلی کاری بەردەوام، زیادبوونی بەرهەم و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات. لەم پێکهاتانەدا بڕیاردان بە شێوازێکی دیموکراتیانە ئەنجام دەدرێت و قازانج لە نێوان ئەنداماندا دابەش دەکرێت یان بۆ پەرەپێدانی کار و کاسبیەکە بەکار دەهێنرێت.

تەعاونیەکانی قەرز و متمانە، خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی پێشکەشی ئەندامان دەکەن و لە زۆربەی وڵاتانی لەحاڵی گەشەکردندا، دەروازەیەکی سەرەکین بۆ دەستڕاگرتنی توێژە کەمداهاتەکان بە ئاسانکارییەکانی پێوەندیدار بە پاشکەوت و بیمە.

تەعاونیە کشتوکاڵییەکانیش، بە هاوکاریکردنی جووتیاران لە کڕینی پێداویستییەکان، فرۆشتنی بەرهەمەکان و دەستڕاگرتنیان بە تەکنۆلۆژیا و ڕاهێنان، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە گەشەپێدانی گوندەکان و باشترکردنی بژێویی بەرهەمهێنەرە بچووکەکاندا گێڕاوە.

تەعاونیەکانی نیشتەجێبوون، لە وڵاتانی وەک ئوتریش و ئاڵمان بەشێکی بەرچاوی بازاڕیان لە دەستدایە و یارمەتیدەر بوون لە کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری لە کەرتی نیشتەجێبووندا.

لە ئێرانیش تەعاونیەکان هەم لە بواری بەرهەمهێنان (کشتوکاڵی و پیشەسازی) و نیشتەجێبوون، و هەم لە مەیدانی خزمەتگوزاری و بەکاربردندا حزووریان هەیە. تەنیا لە کەرتی پیشەسازیدا، حەڤدە هەزار تەعاونیی چالاک هەن. بەڵام کەرتی تەعاونیەکانی بەکاربردن زۆرترین ڕۆڵی لە ئابووری و خزمەتکردنی خاوەن پشکەکانی خۆیدا هەبووە. ئەمڕۆ سێ تۆڕی گەورە لەم بوارەدا چالاکن کە بریتین له:

تەعاونیی بەکاربردنی فەرهەنگیان بە یەک ملیۆن خاوەن پشکەوە کە زۆرینەی موعەلیمانی وڵات لەخۆ دەگرێت.

تەعاونیی فەرمانبەرانی دەوڵەت کە بەر لە دروستبوونی فرۆشگا زنجیرەییە گەورەکان، توانی بەشێک لەم فرۆشگایانە دابمەزرێنێت.

تەعاونیە کرێکارییەکان کە کرێکارانی پێشڕەو لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقەوە تا ئەمڕۆ تێکۆشاون بۆ ئەوەی بیانخەنە خزمەت هاوچینەکانی خۆیانەوە. ئەم تەعاونیە کرێکارییانە تا ڕادەیەک پێداویستییەکانی بەکاربردنیان بە نرخێکی گونجاوتر، بێ قازانج و بە مەرجێکی باشتر وەک فرۆشتن بەشێوەی قیست پێشکەش کردووە و ئێستا پێنج ملیۆن ئەندام و خاوەن پشکیان هەیە.

ئابووریی ئێران بە فەرمی دابەش کراوە بەسەر سێ کەرتی دەوڵەتی، تایبەت و تەعاونیدا، بەڵام لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، کەرتی تەعاونی هەمیشە لە گۆشەیەکی بچووکی ئەم ئابوورییەدا قەتیس کراوە و هەرگیز ڕێگەی پێ نەدراوە کە زیاتر لە نزیکەی پێنج لەسەدی کۆی ئابووری بگرێتەوە. ئەگەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کەرتی تایبەت ڕێگری سەرەکی بووبێت لە گەشەی تەعاونیەکان، لە ئێران ئەمە کەرتی دەوڵەتی، خسولەتی و گەندەڵی دامەزراوەیی ڕژێمە کە بەهۆی لەدەستدانی نزیکەی حەفتا لەسەدی ئابووریی وڵات، بە کردەوە ڕێگەی لە پەرەسەندنی کەرتی تەعاونی گرتووە.

تەعاونیەکان لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە

یەکەمین تەعاونیەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا لەلایەن کرێکارانەوە بنیات نران، بەو ئاواتەی کە قازانج تەوەری سەرەکیی چالاکییەکانیان نەبێت. بەڵام لە سەر بەستێنی جیهانی سەرمایەداریی، ئەم ئاواتە هەرگیز بەتەواوی نەهاتە دی، ئەگەرچی پێکهاتەی ناوخۆیی تەعاونیەکان بە شێوازێکە کە ناتوانن وەک کۆمپانیا قازانجخواز، بیرۆکراتیک و بێبەزەییەکان ڕەفتار بکەن. مارکس تەعاونیەکانی بەتاقیکردنەوە کۆمەڵایەتییە گەورەکانناو دەبرد و گرنگییەکی زۆری پێدەدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو بیرۆکەیەی بە توندی ڕەت دەکردەوە کە بتوانرێت سۆسیالیزم لە ڕێگەی دروستکردنی یەک لە دوای یەکی تەعاونی نوێوە جێگیر بکرێت.

ڕۆزا لوکزامبۆرگیش لەم بابەتەوە نووسیبووی کە تەعاونیەکان، بەتایبەت لە بواری بەرهەمهێناندا، شێوازێکی دووڕەگەن لە دڵی سیستمی سەرمایەداریدا، واتە کۆمەڵێک یەکەی بچووکن لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیبوو کە لە جەرگەی ئاڵوگۆڕی سەرمایەداریانەدا بەردەوامیی بە ژیانی خۆیان دەدەن. کێشە بنەڕەتییەکە لێرەدایە کە ئەو تەعاونیانەی لە چوارچێوەی بازاڕی سەرمایەداریدا دادەمەزرێن، بۆ مانەوەیان ناچارن کێبڕکێ بکەن و ئەگەر ڕێژەی چەوساندنەوە لە نێوان ڕکابەرەکاندا بەرز بێت، ئەوانیش بەناچاری دەبێ خۆیان لەگەڵ ئەوەدا بگونجێنن. دیموکراسیی ئابووری و خۆبەڕێوەبەریی کرێکاریی لە قاڵبی تەعاونیدا، بۆ هەر کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی واقیعی گرنگییەکی سەرەکی هەیە، بەڵام بەدیهاتنی بە مانای ڕاستەقینەی وشە، تەنیا لە ڕێگەی ستراتیژێکەوە مومکین دەبێت کە ئامانجی بریتی بێت لە تێکشکاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداری و دەستبەسەرداگرتنی دەستبەسەرداگیراوان.

تەعاونیەکان دەتوانن دەستڕاگەیشتن بە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لە خۆراک و خانووبەرەوە بگرە تا خزمەتگوزارییە دارایی و تەندروستییەکان، بە نرخێکی گونجاو و کوالیتی بەرزتر بۆ کەسانی کەمدەرامەت دابین بکەن.

تەعاونیە بەرهەمهێنەرەکان بە تایبەتی لە ناوچە بێبەشەکاندا دەتوانن هەلی کاری بەردەوام و هەلومەرجی باشتری کار و بەشداری ڕاستەقینەی کرێکاران لە بڕیاردان دروست بکەن. تەعاونیەکان بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بچووکی دارایی، ڕاهێنان و پشتگیری تەکنیکی، یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی ئابووری توێژە لاوازەکان، بەتایبەتی ژنان و گەنجان. سروشتی دیموکراتیکبوون و قازانج نەویستییان دەبێتە هۆی دابەشکردنی دادپەروەرانەتری قازانج و سامان لە نێوان ئەندامەکاندا. تەعاونیەکان هەروەها بە گرنگیدان بە پێداویستییە ناوخۆییەکان، بەشداری دەکەن لە گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچە بێبەشەکان و ڕێگری دەکەن لە چوونەدەرەوەی سەرمایە لەو ناوچانە. بەشداری ئەندامان لە بڕیاردان هەستی خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتییان بەهێز دەکات و هاودەنگی کۆمەڵایەتی پەرە پێدەدات. سەرئەنجام، تەعاونیەکان زۆرجار بەهۆی پێکهاتەی جەماەریی و کەمتر پشتبەستنیان بە بازاڕە داراییەکان، بەرامبەر بە قەیرانە ئابوورییەکان خۆڕاگرتر دەبن و دەتوانن وەک تۆڕێکی پشتیوانی بۆ ئەندامەکانیان کاربکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم دەستکەوتانە، تەعاونیەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددیش بوونەتەوە. نەبوونی ئەزموونی بەڕێوەبردنی پیشەیی، ناکارامەیی و نەبوونی شەفافیەت لە زومرەی ئەو کێشانەن کە لە زۆرێک لە تەعاونیەکاندا دەبینرێن. هەروەها بەهۆی سروشتی قازانج نەویستی و پێکهاتەی یاسایی تایبەتی ئەم دامەزراوانە ڕاکێشانی سەرمایە بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی چالاکییەکانیش قورسترە لە چاو کۆمپانیا تایبەتەکان. لە هەندێک حاڵەتدا، ئاشنا نەبوونی ئەندامان لەگەڵ بنەما و سوودی تەعاونیەکان و هەروەها کەمی بەشداریکردنیان لە بڕیاردان دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەدای تەعاونیەکان. هەروەها کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەتیش کە لە ئیمکانات و سەرچاوەی دارایی زیاتر بەهرەمەندن، ئاڵەنگارییەکی بەردەوامە. لە زۆرێک لە وڵاتەکان دەخالەتی زیاتر لە پێویستی حکومەت و بیرۆکراسییە ئاڵۆزەکان، سەربەخۆیی تەعاونیەکانی لاواز کردووە و ڕێگر بووە لە گەشەکردنیان. تەعاونیە بچووکەکانیش زۆرجار لە بواری گەشەپێدان و فراوانکردنی چالاکییەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە. سەرئەنجام، نەبوونی چوارچێوەی یاسایی و حقووقی پێویست یان گونجاو دەتوانێت ببێتە بەربەستێکی جددی لەبەردەم پەرەپێدان و پشتیوانیی لە تەعاونیەکان.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net