تەندروستی و دەرمان لە ئێران دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژە

تەندروستی و دەرمان لە ئێران دوای شەڕی ٤٠ ڕۆژە

شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنها ژێرخانە سەربازی، پیشەسازی و وزەکانی وڵاتی نەکردە ئامانج؛ بەڵکوو یەکێک لە قورسترین گورزەکان بەر جەستەی شەکەت و پەککەوتەی سیستەمی تەندروستی ئێران کەوت. سیستەمێکی کە پێش شەڕیش لەژێر گوشاری کەمیی بودجە، گەمارۆکان، کۆن بوونی نەخۆشخانەکان، کۆچی بەکۆمەڵی کادری دەرمان، گرانیی دەوا و دەرمان و پەککەوتەیی بیمەکاندا بوو، لە قۆناغی دوای شەڕدا پێ نایە قۆناغێکی نوێ لە قەیران، قەیرانێکی کە دەبێ وەکبارودۆخێکی مرۆیی نائاساییپێناسه بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوی مانگی سووری ئێران، لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، ٧٧ ناوەندی تەندروستی و دەرمانی زیانیان پێگەیشتووە. بەڵام خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ناوەڕاستی ئاوریلی ٢٠٢٦ وێنەیەکی زۆر بەربڵاوتر لە کارەساتەکە نیشان دەدەن: نزیکەی ٣٣٤ ناوەندی فریاگوزاری و کلینیک لە سەرانسەری وڵات زیانیان بەرکەوتووە یان لەکار کەوتوون. ئەم ئامارانە تەنها گوزارشت لە ڕوخانی بیناکان ناکەن.

بەڵکوو یەکێک بووە لە لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی هێرش بۆ سەر تۆڕەکانی وزە و پچڕانی درێژخایەنی کارەبا. لە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان، ژوورەکانی نەشتەرگەری لە جیاتی شوێنی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، بوونەتە ژینگەیەکی مەترسیدار و کوشندە. ئامێرەکانی بێهۆشکردن، ئامێرە ئۆکسژن‌سازەکان، ساردخانەکانی هەڵگرتنی دەرمان و خوێن، ئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە یا دیالیز و کەرەستەکانی چاودێری چڕ، هەموویان پێویستیان بە کارەبایەکی بەردەوام هەیە. موەلیدەکانیش بەهۆی کەمیی ئێجگار زۆری سووتەمەنییەوە تەنها بە شێوەی پچڕپچڕ کار دەکەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا، نەشتەرگەرییەکی سادە، منداڵبوونێکی پڕمەترسی، یان نۆرەیەکی دیالیز دەتوانێت ببێتە کارەساتێکی قەرەبوونەکراوە.

قەیرانی دەرمان یەکێکە لە سەختترین ڕەهەندەکانی ئەم دۆخە. ئێران بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ساڵانە نزیکەی ٩٠٪ی دەرمانە پێویستەکانی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت. بەڵام هەر ئەم خاڵەی کە وەک توانایەکی بەهێز نیشان دەدرا، دوای شەڕ بوو بە خاڵێکی لاوازی جدیدی. هێرش بۆ سەر ناوچە پیشەسازییەکان و کارگەکانی دەرمانسازی، زنجیرەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پەکخست. لەوانە، کۆمپانیای توێژینەوە و ئەندازیاریتۆفیق دارووکە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازی وڵات و بەرهەمهێنەری دەرمانەکانی دژە شێرپەنجە و دەرمانە هەستیارەکانی بێهۆشکردن، کرایە ئامانج و لەکار کەوت. ئەمە تەنها کەمبوونەوەی بەرهەمی کارگەیەک نییە، بەڵکوو واتا تێداچوونی ژیانی نەخۆشانی شێرپەنجە، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە نەشتەرگەرییە و ئەوانەی ژیانیان بە دەرمانە تایبەتەکانەوە بەستراوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، لەکارکەوتنی نزیکەی تەواوەتیدامەزراوەی پاستۆری تارانگورزێکی کاریگەر و درێژخایەنی لە تەندروستی گشتی خەڵک داوە. ئەم ناوەندە یەکێک بوو لە شیرکەتە سەرەکییەکانی واکسێن لە ئێران. بەبێ هەبوونی ناوەندێکی لەو شێوەیە، توانای وڵات بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرهەمهێنانی سەربەخۆی واکسێن بە توندی کەمی کردووە.

ئاوارەبوونی بە ملیۆنان کەس، خۆی بووەتە قەیرانێکی تەندروستی سەربەخۆ. خەمڵاندنەکان نیشان دەدەن کە نزیکەی ملیۆن و دووسەد هەزار کەس لە سەرەتای شەڕەوە لە کۆتاییەکانی فێوریەەوە ئاوارە بوون. زۆرێک لەم کەسانە لە باشووری تاران، لە پەناگە کاتییەکان، وێستگەکانی میترۆ و کەمپە چادرنشینە قەرەباڵغەکاندا کۆبوونەتەوە، شوێن گەلێکی کە زۆربەیان بێبەشن لە ئاوی پاك، ئاودەستی گونجاو، هەواگۆڕکێی باش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. لە ژینگەیەکی ئاوادا، منداڵان لە زومرەی یەکەم قوربانییەکانن. پەرەسەندنی حاڵەتەکانی سورێژە و هەوکردنی جگەر یان هیپاتیت لە نێو منداڵاندا، نیشانەیەکی مەترسیدارە لە هەرەسهێنانی چاودێرییە پێشگیرییەکان و کوتانی ڕێکوپێک.

پیسبوونی هەواش ڕەهەندێکی تری قەیرانەکەیە. ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی نەوت و ژێرخانە پیشەسازییەکان، هەورێکی چڕ لە دووکەڵ و پیسی ژەهراویی لەسەر ئاسمانی تاران و هەندێک لە شارەکاندا دروست کردووە. ئەو ژمارە کەمەش لەو نەخۆشخانانەی کە هێشتا چالاکن، باس لە پەرەسەندنی بەرچاوی نەخۆشانی تووشبوو بە کێشەی توندی کۆئەندامی هەناسە، نەخۆشییەکانی پێست و چاو دەکەن. منداڵانی تازە لەدایکبوو، بەساڵاچووان، نەخۆشەکانی دڵ و سییەکان و ژنانی دووگیان، زیاتر لە هەمووان لەبەردەم مەترسیدان.

لە نێوان گرووپەکانی نەخۆشدا، ئەوانەی تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەن و دەگمەنەکانن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. نەخۆشانی هیمۆفیلیا لەگەڵ کەمیی فاکتەرەکانی خوێن مەیین بەرەوڕوون، کێشەیەکی کە دەتوانێت ڕاستەوخۆ ژیانیان بخاتە مەترسییەوە. نەخۆشانی دیالیز بەهۆی کەمیی ئامێر، تەخت، کەرەستەی پێویست و هێزی دەرمانی، بۆ ماوەیەکی زۆر لە نۆرەدا دەمێننەوە. نەخۆشانی تالاسیمیا لەگەڵ کەمیی مەترسیداری خوێن بەرەوڕوون و لە هەندێک حاڵەتدا، هەر ئەم کەم کوڕیانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی کە دەکرا ڕێگرییان لێ بکرێت.

قەیرانی بیمە و دەرمانخانەکانیش ئەڵقەیەکی تری ئەم زنجیرەیەیە. سیستەمی بیمەی دەرمانی لە ئێران پێش شەڕیش بەهۆی قەرزە کەڵەکەبووەکان و کەمیی سەرچاوەکان، لەژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەردا بوو. دوای شەڕ، مەودای نێوان ئەو بەشانەی کە بیمە دەیانگرێتەوە و تێچووی ڕاستەقینەی دەوا و دەرمان بەڕدەیەکی زیادی کردووە. زۆرێک لە دەرمانە تایبەتەکان بیمە نایانگرێتەوە یان بە تێچوویەکی ئێجگار زۆر دەست دەکەون.

کێشەکە تەنها کەمیی ڕاستەقینەی دەرمان نییە؛ بەشێک لە کەمبوونەوەکاندەستکرد و ناڕاستبەڵام هەر بەو ڕادەیەش ئازاربەخشن. هەندێکجار دەرمانەکانی وەک ئەنسۆلینی قەڵەمی لە کۆگاکانی کۆمپانیاکانی دابەشکردندا بوونیان هەیە، بەڵام دەرمانخانەکان بەهۆی کەمیی نەختینە ناتوانن بیانکڕن. کۆمپانیاکانی دەرمان کە پێشتر دەرمانیان بە مۆڵەتی یەک یان دوو مانگ دەدا بە دەرمانخانەکان، ئێستا بە پووڵی نەغد دەیفرۆشن. لە لایەکی تریشەوە، ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ویست و داواکارییە داراییەکانی دەرمانخانەکان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە نەدراوە. تەنانەت ئەگەر ئەم قەرزانە ئەمڕۆش بدرێنەوە، بەهۆی چەند هێندەبوونی نرخی دەرمان، ئیتر توانای کڕینی پێشوویان نییە.

ئەم بارودۆخە بۆ کرێکاران و مووچەخۆران کارەساتبارترە. ڕێکخراوەکانی بیمە هێشتا زۆرێک لە هەزینەکان بەپێی نرخەکانی ساڵی ڕابردوو ئەژمار دەکەن، لە کاتێکدا دەرمان و خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بەگوێرەی نرخە نوێیە سەرسوڕهێنەرەکان دەفرۆشرێن. ئەنجامەکە ڕوونە: نەخۆش دەبێ جیاوازیی هەڵاوسانەکە لە گیرفانی خۆی بدات. بۆ کرێکار، خانەنشین، موعەلیم، پەرستار، یان بنەماڵە هەژارەکان، ئەمە واتە وازهێنان لە دەرمان، کەمکردنەوەی ژەمی دەرمانەکان، درەنگ سەردانیکردنی پزیشک، یان فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشێک.

واقعییەت ئەوەیە کە وەبەرهێنانی زۆر و زەوەند لەسەر پڕۆژە ناوەکی و سەربازییەکان، ئەو سەرچاوانەی هەڵ لووشیوە کە دەکرا لەپێناو نەخۆشخانە، دەرمان، خوێندنی بێبەرامبەر، دابینکردنی کۆمەڵایەتی، واکسێن، بیمەی و تەندروستی گشتیدا خەرج بکرێت. خەڵکی ئێران نە پێویستیان بە شەڕە و نە بەو پڕۆژانەی کە ژیانیانی کردووەتە بارمتەی کێبڕکێی دەسەڵاتخوازی. ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵگا بریتین لە: نان، دەرمان، خوێندن، شوێنی نیشتەجێبوون، ئاسایش و ئازادی.

بەڵام دەبێ چی بکرێت؟ یەکەم، دەبێ کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بە کەشی شەڕ و ڕاگرتنی هەر سیاسەتێکی کە دەرمان و ژیانی خەڵک دەکاتە قوربانی، ببێتە داخوازییەکی گشتی. دووەم، دەوڵەت دەبێ هەموو سەرچاوە ناپێویستە سەربازی، ئەمنییەتی و تەبلیغییەکان تەرخان بکات بۆ بونیادنانەوەی دەستبەجێی نەخۆشخانەکان، دابینکردنی دەرمان و پشتگیریکردنی نەخۆشەکان. سێیەم، پێویستە پێدانی قەرزی بیمە و ناوەندە پێوەندیدارەکان بە دەرمانخانە و ناوەندە دەرمانییەکان دەستبەجێ و هاوتا لەگەڵ نرخی ڕۆژ ئەنجام بدرێت. چوارەم، دەبێ دەرمانە زۆر پێویست و بنەڕەتییەکان بۆ نەخۆشانی درێژخایەن، منداڵان، ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان و نەخۆشانی تایبەت، بە بێبەرامبەر یان بە کەمترین تێچوو دابین بکرێن. پێنجەم، چاودێری جەماوەری و شەفافیەت لەسەر زنجیرەی دەرمان، هاوردەکردن، بەرهەمهێنان و دابەشکردن پێویستە بۆ گەندەڵی و کۆگاکردن و قۆرخکاری دەرمان ژیانی نەخۆشەکان نەخاتە مەترسییەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە

ڕووداوە گرنگەکان

پەیام نێت

گەلەری

هاوڕێمان بن! ​

پەیوەندی

  Copyright © 2023, All Rights Reserved Payaam.net