سزای ٧٤ قامچی بەسەر پەرەستوو ئەحمەدی، گۆرانیبێژی ژن و خەڵکی نەوشەهر، هەروەها چوار کەس لە ژەنیاران و ئەندامانی تیمی جێبەجێکاری «کۆنسێرتی کاروانسەرای دێرەگچین»، لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتیی قوم جێبەجێ کرا.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز، سزای ٧٤ قامچیی تەعزیری بەسەر پەرەستوو ئەحمەدی و چوار هونەرمەندی دیکە بە ناوەکانی سۆهەیل فەقیهنەسیری، ئەمین تاهیری، ئەمیرعەلی پیرنیا و موحسین لەشکەری جێبەجێ کرا. ئەم پێنج هونەرمەندە پێشتر لەلایەن لقی ١٢٢ی دادگای کەتنی دووی قومەوە، بە تۆمەتی «بریندارکردنی هەستی گشتی لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژ بە ئەخلاق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا»، بە ٧٤ قامچی، دوو ساڵ بێبەشبوون لە هەر جۆرە چالاکییەکی هونەری و مۆسیقایی و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوون


