
لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان لە ئێران، بەتایبەت کۆبوونەوەکانی هەفتانەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، بەردەوام بوون. ئەم ناڕەزایەتییانە ئیتر تەنیا پەرچەکردارێک نین بەرامبەر بە ڕێژەی زیادبوونی حەقدەست، بەڵکوو کۆمەڵێک داواکاریی بژێوی، دەرمانی، خۆشگوزەرانی و پیشەیی لەخۆ دەگرن. ئەو خانەنشینانەی ساڵانێکی زۆر کاریان کردووە، ئێستا بۆ دابینکردنی خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گونجاوەکان، ناچارن گەلێک جار بێنە سەر شەقامەکان و لە بەرامبەر بینا حکومی و ئیدارییەکاندا کۆببنەوە.
لە نوێترین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا، ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و سندوقی فولاد لە چەندین شار، خانەنشینانی بەشی مخابەراتیش لە ئیسفەهان، کرماشان، ئەراک، بیجاڕ و شارەکانی تری پارێزگای کوردستان دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی. ڕاپۆرت و وێنە بڵاوکراوەکان نیشان دەدەن کە خانەنشینانی مخابرات ڕۆژی دووشەممە لە بەرامبەر بیناکانی ئەم کۆمپانیایە کۆبوونەوە. لە ئیسفەهان، ئەم کۆبوونەوەیە لە بەرامبەر بینای ناوەندیی مخابرات لە چوارباغی سەرەو بەڕێوەچوو. ناڕازییان بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و پشکدارە سەرەکییەکانیان بە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە مافە یاسایی و داواکارییە کەڵەکەبووەکانیان تۆمەتبار کرد. هاوکات، خانەنشینان و مووچەخۆرانی سندوقی فولاد لە ئیسفەهان بۆ دووەم ڕۆژی بەردەوام بەرامبەر بە دۆخی بژێوی و جێبەجێ نەبوونی تەواوی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.
خانەنشینانی مخابرات لە کرماشان ڕایانگەیاند کە چوار ساڵە کۆبوونەوەی هەفتەیی بەڕێوە دەبەن، بەڵام تا هێشتا وەڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە. گۆڕینی مەرجەکانی “بیمەی ئەکمەل“، نەدانی داواکارییە داراییەکان، کەمبوونەوەی ئیمتیازە خۆشگوزەرانییەکان و جێبەجێ نەکردنی تەواوی ئاییننامەی دامەزراندن و خۆشگوزەرانی، لە زومرەی گرنگترین تەوەرەکانی ناڕەزایەتییەکانیان بوون. چدند ڕاپۆرتێکی جیاوازیش سەبارەت بە کۆبوونەوەی خانەنشینانی مخابرات لە شارەکانی ئەراک، بیجاڕ و پارێزگای کۆردستانیش بڵاوکراوەتەوە.
لە شوش، خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شوش، کەرخە و هەفتتەپە، سەرەڕای گەرمای تاقەتپڕوکێنیش، سەرەتا لە بەرامبەر بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و پاشان لە شەقامەکانی شاردا ڕێپێوانیان کرد. ئەوان جگە لە پرسە ئابوورییەکان، لە دژی شەڕ و سیاستە شەڕخوازییەکانیش دروشمیان دا.
لە ئەهوازیش دروشمی دژبە شەڕخوازی و گرانی بیسترا. خانەنشینانی کرماشان وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵاوسان و دابەزینی توانای کڕین، دروشمی “هەڵاوسان، گرانی، نا بۆ شەڕ و وێرانی“یان بەرز کردەوە. هەندێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکانیش خوازیاری ئازادکردنی موعەلیمان، کرێکاران و ناڕازییانی تری زیندانی و ڕاگرتنی ئێعدامەکان بوون. لە دیزفول، خانەنشینان دوای کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، بەرەو نوسینگەی نوێنەری ئەم شارە لە پەرلەمان ڕێپێوانیان کرد. لە تارانیش چەند گرووپێک لە خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و موعەلیمان لە بەردەم بینای ناوەندیی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئامادە بوون.
یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی خانەنشینانی مخابرات، بریتییە لە دۆخی بیمەی تەواوکاری (تکمیلی) و دەرمانە. ئەوان دەڵێن سەرەڕای بڕینی پارەی بیمە لە مووچەکانیان، دواکەوتنی دانی قەرزەکانی کۆمپانیای مخابرات بە کۆمپانیای بیمە، زۆر جار دەستڕاگەیشتنی ئەوانی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تووشی ئاستەنگ کردووە. لە دۆخێکدا کە خەرجیی دەرمان، نەخۆشخانە، نەشتەرگەری و چاودێریی پزیشکی بەڕادەیەکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە، پچڕان یاخود سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەتوانێت بنەماڵەی خانەنشینان رووبەڕووی قەیرانێکی جددی بکاتەوە.
داواکارییە هاوبەشەکانی ئەم کۆبوونەوانە دەکرێت لە چەند تەوەری سەرەکیدا کورت بکرێنەوە:
• جێبەجێکردنی تەواو، دادپەروەرانە و بێ جیاوازیی گەڵاڵەی هاوسەنگ کردنی حەقدەست،
• دانی دەستبەجێی پاشەکەوت و داواکارییە داراییەکانی مانگەکانی ڕابردوو،
• زیادکردنی مووچەی خانەنشینی بەپێی خەرجیی ڕاستەقینەی ژیان و ڕێژەی هەڵاوسان،
• جێبەجێکردنی ماددەی ۵۴ی یاسای دابینکردنی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان،
• باشترکردنی بیمەی تەواوکاری (تکمیلی) و دانی ڕێکوپێکی خەرجییەکانی دەرمان،
• جێبەجێکردنی تەواوی ئاییننامەکانی دامەزراندن و خۆشگوزەرانیی خانەنشینانی مخابرات،
• گەڕاندنەوەی بڕە پارەی بڕدراوی مووچە،
• دابینکردنی ئیمتیازاتی پاشماوەکان (وارثان)،
• پاراستنی سەربەخۆیی و شەفافییەتی دارایی سندوقەکانی خانەنشینی و هەروەها
• چیتر قورسایی خەرجیی دەرمان و ژیان تەنها نەخرێتە سەر شانی خودی خانەنشینان.
ئەم داواکارییانە، داوایەکی لانیکەم و سەرەتایین، نەک ئیمتیازی تایبەت. خانەنشینان ساڵانێکی زۆر حەقی بیمە و باجیان داوە و ئێستا چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە کە لە مافێکی گونجاو لەگەڵ پێشینەی کار و خەرجییە ڕاستەقینەکانی ژیانیان بەهرەمەند بن. مووچەیەکی کە لەگەڵ کرێی خانوو، خۆراک، دەرمان و خەرجییە پێویستەکانی تردا نەگونجێت، بە کردەوە خانەنشین بەرەو هەژاری و وابەستەیی خێزانی پاڵ پێوە دەنێت.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، فەزلوڵڵا ڕەنجبەر، وتەبێژی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی پارلمان ڕایگەیاند کە وەزیری تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی لە دانیشتنی ئەم کۆمیسیۆنەدا وتوویەتی ئەگەری هەیە دانی ماف و حەقدەستە دواکەوتووەکان، هاوسەنگ کردن و زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە ١٠ی خەرمانانەوە دەست پێبکات. هەروەها بڕیار دراوە کێشەی هاوسەنگ کردنی مووچەی خانەنشینانی مخابرات لە کۆمیتەیەکی شارەزادا تاوتوێ بکرێت.
سەرەڕای ئەوەش، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراو، خشتەیەکی فەرمیی دانی مووچە و زەمانەتێکی ڕوونی جێبەجێکردن ڕانەگەیەندراوبوو. بەم هۆیەوە، ئەم بەڵێنەش نەیتوانیوە ڕێگری لە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان بکات. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە ڕاگەیاندنی بەڵێن، بەبێ دانی ڕاستەقینە و شەفافسازی سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان، تەنیا بێباوەڕیی خانەنشینان زیاتر دەکات.
خانەنشینان بوونەتە یەکێک لە هێزە گرنگەکانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران. ئەوان ئەزموونی ڕێکخستن، بەردەوامی و بەدواداچوونی بەکۆمەڵیان هەیە و دەزانن کە بەبێ گوشاری کۆمەڵایەتی، زۆربەی ویست و داواکارییەکانیان پشتگوێ دەخرێن. دوای ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“، بڕوابەخۆبوون و توانای ناڕەزایەتیی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لەوانە خانەنشینان، زیادی کردووە.
قەیرانی خانەنشینان بەشێکە لە قەیرانی گشتیی ژیانی مووچەخۆران و خەڵکی کەمدرامەت. گرانی، دابەزینی توانای کڕین، نەمان یان کەمبوونەوەی خۆراکە بنەڕەتییەکان لەسەر سفرەی خەڵک، بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و لاوازیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ملیۆنان کەسی لەگەڵ هەژاری بەرەوڕوو کردووە. خانەنشینان، کە بەشی هەرەزۆریان سەر بە توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگەن، ئەمڕۆ بوونەتە قوربانیی هەڵاوسان، سیاستە ئابوورییە هەڵەکان و کەمتەرخەمی بەرامبەر بە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان.
بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان نیشان دەدات کە خانەنشینان ئیتر تەنیا بە بەڵێنی گشتی قەناعەت ناکەن. وەڵامی ڕاستەقینە بۆ ئەم دۆخە، بریتییە لە دانی دەستبەجێی داواکارییە داراییەکان، دابینکردنی دەرمانی بێبەرامبەر و خاوەن کوالیتی، زیادکردنی حەقدەست بەپێی ژیانێکی شایستە و زەمانەتکردنی مافی ناڕەزایەتی و ڕێکخراوبوون. بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شایستە مافی خانەنشینانە، نەک ئیمتیازێکی کە بکرێت بە داهاتوویەکی نادیار بسپێردرێت.