
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، بەندکراوانی ڕاگیراو لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج، دژ بە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندکراوان لە زیندانەکانی ڕژیم، بەردەوامیان بە مانگرتنەکەیان داوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، ڕۆژی سێشەممە 23ی پووشپەڕی 1405ی هەتاوی، بەندکراوانی ڕاگیراو لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج، دژ بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوان لە زیندانەکانی ڕژیم و هەروەها گواستنەوەی یەکجاری شەش بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەکانیان، مانیان لە خواردن گرت و تەنانەت لە سالۆنی ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەوە. شایانی باسە کە بەرپرسانی ئەو زیندانە چەندین جار هەوڵی شکاندنی مانگرتنەکانی بەندکراوانیان دا، بەڵام ناڕازیان جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە تا کاتی وەدیهاتنی داخوازییەکانیان، درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن.