
کۆماری ئیسلامیی ئێران مەڵبەندی ٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نیزیک گوندی دێگەڵەی بە دڕۆن کردە ئامانج.
هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەم کەمپە که شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی بنەماڵە مەدەنییەکانی حیزبه پتر لە ٤ جاری تر هێرش کرابووە سەری. هەروەها ئەو پەلامارە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەش کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، کەمپی سوورداش لە نیزیک سلێمانی و هەروەها چەند ناوچەیەکی دیکەش لە خەلیفان و ڕواندز لە باشووری کوردستان هێرشیان کرابووە سەر. شایانی باسه شەپۆلی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی گیانبەختکردنی غەزەل مەولایی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی دیکەی ئەم حیزبە.